قاوەیەکی "مەترسیدار" بەناوی کێش دابەزاندن لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە
قاوەی کێش دابەزاندن، ئەو جۆرە قاوەی وەک بەکارهێنەرانی باسی دەکەن، چەندین گرفتی تەندروستیی لەسەریان دروستکردووە، لەسەرووی هەمووشیانەوە ئازاری گورچیلە. وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان ئەو مادانە بێ رێنمایی پزیشک بەکارنەهێنن.
شوان شەفیق، یەکێک لەو کڕیارانەی قاوەیە بەمەبەستی دابەزاندنی کێشی، لە دووکانێکی هەولێر، کیسێک قاوەی کڕیوە و دوای بەکارهێنانی بۆ ماوەی 27 رۆژ، کێشی دانەبەزیوە، دەڵێت" "کاتێک بەکارم دەهێنا تەندروستیم تێکدەچوو، گەدەم ئازاری هەبوو، قاوە هەرگیز کێش دانابەزێنێت."
دکتۆر ئاسۆ حەمید، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستی، دەڵێت: "سێ جۆری قاوە هاوردە دەکرێت، بەڵام کاتێک لێرە بەکاری دەهێنین دەبێت دڵنیابینەوە لە پێکهاتەکەی، چونکە لەوانەیە لەگەڵ مادەی دیکە تێکەڵکرابێت. تیمەکانی تەندروستی بەردەوام لێکۆڵینەوە و چاودێریی بەرهەم و بازاڕ دەکەن، بەڵام فریای چاودێریی کردنی هەموو بازاڕ ناکەوین، داواکارین لە هاونیشتمانییان هەر بەرهەمێکی قاچاخیان بینی ئاگادارمان بکەنەوە. وە ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو جۆرە قاوەیە زیانمەند بوونە دەتوانن سکاڵا تۆماربکەن."
دکتۆر محەممەد جەعفەر، پزیشکی دەرمانساز، جۆرەکانی دەرمانی کێش دابەزاندن وەکو قاوە بە "مەترسی" ناودەبات و دەڵێت، دەرمانەکانی کێش دابەزاندن لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی وەزارەتی تەندروستیان نییە و کێش دانابەزێنن. "نابێت هاونیشتمانییان دەرمانی قەڵەوبوون یان کێش دابەزاندن لە بازاڕ بکڕن، بەڵکو وەرگرتنی هەر دەرمانێک پێویستە لەژێر رێنمایی پزیشکدابێت".
بهشی بكه لە