کچێک دەڵێت: پیاوێک بە بەڵێنی بردنە ئەوروپا، 50 هەزار دۆلاری بردووم
لانە سلێمان شەش مانگ پێش ئێستا خەونی رۆیشتن بۆ ئەوروپای دەبینی، بەڵام ئێستا بێ ماڵ و حاڵ ماوەتەوە. لانە تەمەنی 33 ساڵە و لەگەڵ باوک و خوشکێکی دەژی، دوای ناسینی کەسێک لە رێگەی فەیسبووک، ماڵی باوکی دەفرۆشێت و زیاتر لە پێنج هەزار دۆلار دەدات بەو کەسە.
لانە سلێمان لە بەرنامەی بەرپرسیار، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: لە رێگەی ئینتەرنێتەوە ئەو کەسەم ناسی، زۆر متمانەم پێی کرد، گوتی دەتوانم لەگەڵت بێمە ئەوروپا، من شووقەم هەیە لە سلێمانی تاوەکو دەیفرۆشم تۆ پارەم پێبدە و دەوایی دەتدەمەوە.
لانە سلێمان دەڵێت: سەرەتا 170 وەرەقەی لەمن وەرگرت، دواتر هات 20 وەرەقەی دیکەی لەگەڵ هاوڕێکەی هات و بردی، پارەکەم بۆ وەرگرتنی ڤیزا پێدا، خۆی بە رەزامەندی خۆی گوتی منیش دێم لەگەڵت، من هێشتا پاسپۆرتم وەرنەگرتبوو هاتە لام و پارەکەی وەرگرت.
بە گوتەی لانە سلێمان، هەر جارە و بە جۆرێک پارەی دەبرد، رۆژێک 50 وەرەقە، رۆژێک 35 وەرەقە، رۆژێک 40 وەرەقە، هەرجارە و بە پاساوێک دەهات پارەی دەبرد، بە پاساوی وەرگرتنی ڤیزە. خانوومان فرۆشت و پارەکەیمان پێدا. کۆی گشتی زیاتر لە پێنج دەفتەر دۆلارمان پێدا.
بەپێی ئەو بەڵگانەی کە لانە سلێمان بە رووداوی داوە ئەو کەسە ناوی (س. ئـ)ـە و خەڵکی سنووری پارێزگای هەڵەبجەیە، لە لیوای 2ـی پاراستنی دامودەزگە نەوتییەکان پۆلیس بووە، هەروەها سەرۆکی رێکخراوێک بووە. خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە.
لانە زیاتر لەسەر سکاڵا لەسەرتۆمارکراو قسەی کرد و گوتی: بڕیار بوو 17ـی مانگی 11 سەفەر بکەین و بچینە ئەوروپا، کەچی مۆبایلەکەی داخست و لە یۆنان پەیوەندی پێوەکردم و گوتی؛ قاچاخچی فێڵی لێکردم.
(س. ئـ) لەمبارەوە رەتیکردەوە پارەی لە لانە سلێمان وەرگرتبێت و بە مەرجی گۆڕینی دەنگەکەی و ناونەهێنانی، دەنگی بڵاوبکرێتەوە و گوتی: 160 وەرەقە بووە و ئامادەم مانگانە 20 وەرەقە بدەمەوە، لانە هیچ شتێکی یاسایی لانییە کە بیسەلمێنێت کە پارەی بەمن داوە، ئەم ئافرەتە نە زۆرم لێکردووە و نە هەڵەیەکم بەرامبەری کردووە. دەوامێکم هەبووە مانگانە ملیۆنێک و 300 هەزارم هەبووە، لەگەڵ ئیشێکی مەدەنی، لەبەر خاتری ئەمە وازم لە هەموو شتێک هێناوە، ئەو ئافرەتە هەڕەشەم لێ دەکات و دەڵێت من منداڵێکت لێ دەڕفێنم. هەردوو پارێزەرەکەیشی دەڵێن؛ تۆ لەسەر هەقی و بلۆکی بکە، داوا دەکەم یاسا ئەم کەیسە یەکلایی بکاتەوە.
هاوار هادی، پارێزەری لانە سلێمان، لە بەرنامەی بەرپرسیار، گوتی: سکاڵا لەسەرتۆمارکراو بە ناوی من قسە دەکات و راست ناکات، ژمارەکان و دەنگەکان بەردەستن، نازانم کێی دیکەش بەناوی منەوە قسەیکردووە، ئامادەشم هەر بەڵگەیەک کە هەبێت بەرامبەر سەرجەم رێکارە یاساییەکان.
بهشی بكه لە