دووکاندارانی فولکەی مامە ریشە لە سلێمانی لەبارەی داخستنی دووکانەکانیان قسە دەکەن
دووکاندارانی فولکەی مامەڕیشە لە سلێمانی لە بڕیاری چۆڵکردنی دووکانەکانیان ناڕازین
دووکاندارانی فولکەی مامەڕیشە دەڵێن، لە ساڵی 1994ەوە دووکانەکانیان بە 'سەرقوفڵانە' کڕیوە و ئێستا خاوەنی بیناکە داوا دەکات چۆڵی بکەن، لە رێگەی دادگەوە سکاڵای تۆمار کردووە و دووکاندارەکانیش ناڕازین.
دووکاندارێک دەڵێت، "موڵکەکە تاوەکو ساڵی 2020 موڵکی شارەوانیی سلێمانی بوو، بەڵام لەو ساڵەوە بەناوی خاوەن موڵک کراوە و دوای ئەوە داوای زیادکردنی کرێکەی کرد بۆ 300 هەزار، واتە 300% داوای زیادکردنی کرێی کردووە، بەڵام ئێمە ناڕازین و ئەو کرێیەش نادەین. دووکانەکان لە خودی خاوەنەکەیمان کڕیوە. دەمانەوێت کرێمان بۆ کەمبکرێتەوە. ئەمە ستەمە لێمان دەکرێت و هیچ کاری دیکە نییە بیکەین."
لەنجە سەلام، بریکاری خاوەن موڵکی 147ـی چوارباخ دەڵێت، "بە یاسا کارەکەمان کردووە، موڵکمان لە شارەوانی نەکڕیوە و موڵکی باوکمە. ئەوانیش سەرقوفڵانەیان نەداوە. بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین کە ئەمە موڵکی باوکمە و دەڵێت: نەمفرۆشتووە. دادوەریش بڕیاری لە بەرژەوەندیی ئێمە داوە."
ڤیان محەممەد، بەڕێوەبەری باجی خانووبەرەی سلێمانی - 2، سەرقوفڵانە بە 'نایاسایی' ناودەبات و دەڵێت، "عورفە و ناچێتە چوارچێوەی یاساوە. بەپێی یاسای باجی خانووبەرە کرێ 20% زیاد دەکرێت، بەڵام کرێی رۆژ لەبەرچاو دەگیرێت، خاوەن موڵکیش دەتوانێت چوار ساڵ جارێک داوای زیادکردنی کرێ بکات."