چیرۆکی خونچەی 71 ساڵ.. مووچە 150 هەزاریەکەی بڕاوە و دەڵێت: سەر بۆ کەس دانانەوێنم
خونچەی تەمەن 71 ساڵ، ژنێکی بەهێز و خاوەن ئیرادەیە، لە گەنجییەوە خزمەتی دایک و باوکی کردووە و ژیانی هاوژینیی پێکنەهێناوە، پاش مردنیان بە تەنیا لە خانوویەکی کرێدا ماوەتەوە، کە کەمترە لە 50 مەتر؛ زۆر کات بۆ بێکەسیی خۆی دڵی پڕ دەبێت.
خونچە ساڵح، کاسبکار دەڵێت، "تەنیا دایک و باوکم هەبوو، ئەوانیش مردن، دایکم 9 ساڵ لەسەر جێگە نەخۆش کەوتبوو، باوکیشم لەپڕ مرد."
هیچ هاودەم و میوانێکیشی نییە و بە هاتنی میوانێک دڵخۆش دەبێت. خونچە باسی لەوە کرد، "لە ماڵەکەی خۆم بە تەنیا دادەنیشم، هەر کەس بێت بەخێر بێت و ماڵی ئاوا بێت، بەڵام میوانم نایەت، ئەگەر بێت زۆرم پێ خۆش دەبێت، دوو قسەی خۆش دەکەین. لە ماڵەکەشدا کرێچیم، کەسم نییە، تەنیا ئەو مریشکەم هەیە. ئەگەر دەرم بکەن، هیچ شوێنێکم نییە بۆی بچم، هەر شوێنێکی بچووک وەکو کولانەی مریشکەکەم هەبێت خەمم نابێت."
خونچە نێوانی لەگەڵ دراوسێکانی باشە و کەسێکی کۆمەڵایەتییە. رۆژانە لە کاژێر 08:00ی بەیانییەوە بە پێ بەڕێدەکەوێت بۆ شەقامی کاوەی شاری سلێمانی، لەوێ هەندێک بەرهەمی وشککراوە دەفرۆشێت و دووکاندارەکانیش زۆر هاوکارن لەگەڵیدا.
نەژاد حەمە باقی، دووکاندار لەبارەی خونچەوە دەڵێت، "مرۆڤێکی هەست جوانە، بێ کەسە، لەو مرۆڤانەیە عیزەتی نەفسی زۆر بەرزە و دەست لە کەس پان ناکاتەوە، ماوەی چەند ساڵێکە لەنزیک دووکانەکەم بەرهەمەکانی دەفرۆشێت و هەمووان خۆشیان دەوێت، داواکارم حکومەت کارێکی بۆ بکات."
خەمی گەورەی خونچە ئەوەیە کە بگاتە دۆخێک کە نەتوانێت کار بکات، دەڵێت، "رۆژانە 2000 بۆ 3000 دینار پەیدا دەکەم، ئیش نییە، لەگەڵ ئەوەشدا سەر بۆ کەس دانانەوێنم، بەڵام لەو رۆژە دەترسم کە پەکم بکەوێت و توانام نەمێنێت، کەسم نییە بەخێوم بکات، ئەگەرنا لە هیچ ناترسم."
خونچە پێشتر مانگانە 150 هەزاری چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەبوو، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی دارایی ئەوەشی بڕا، ئێستا تاکە سەرچاوەی داهاتی کارکردنی رۆژانەیەتی.
بهشی بكه لە