چوار گوندی سنووری ئەلقووش بە دەست کەمیی کارەباوە دەناڵێنن

11 August 2025
چوار گوندی سنووری ئەلقووش بە دەست کەمیی کارەباوە دەناڵێنن
گوندەکانی دوغاتا، سرێچکا، نفێریێ و خۆشابا لە شەو و رۆژێکدا کەمتر لە 6 کاژێر کارەبایان هەیە و ڤۆڵتییەیان نزمە. دانیشتوویەکی گوندی دوغاتا دەڵێت: بەهۆی بێکارەباییەوە کشتوکاڵ لە گوندەکەمان وەستاوە. کارەبای شێخانیش دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا کێشەکە چارەسەر دەکەن.
 
حوسێن خودێدا، دانیشتووی گوندی خۆشابا لە بەرپرسیار گوتی: "6 ساڵە کێشەی کەمیی کارەبامان هەیە، رۆژانە تەنیا 6 کاژێر کارەبا هەیە و ئەویش ڤۆڵتییەی نزمە و هیچ سوودێکی لێ نابینین، کشتوکاڵ وەستاوە، ئاو بە تانکەر دەکڕین."
 
گوندەکانی دیکەی ئەلقووش کەوتوونەتە سەر 'هێڵی تەماس' و خشتەی پێدانی کارەبایان جیاوازە. جەمال عیدۆ، موختاری گوندی دوغاتا گوتی: "گوندەکانی دەوروبەرمان رۆژانە 15 کاژێر کارەبای هەیە. چەندین جار داوامان لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و نەینەوا کردووە کارەبامان هاوتای گوندەکانی دیکە بکرێ."
 
کارەبای گوندەکانی سنووری ئەلقووش، لە پارێزگای نەینەوا، لە 2012ـەوە گواستراونەتەوە سەر هێلی کارەبای شێخان.
 
ئەندازیار نافیع مستەفا، بەڕێوەبەری کارەبای شێخان گوتی: "ئەو فیدەرەی کارەبای ئەو چوار گوندە دەگوازێتەوە گوشاری زۆری لەسەرە و دانیشتووانی ئەو چوار گوندەش زۆرن. دامەزراندنی وێستگەی کارەبای ئەلقووش چارەی کێشەکە دەکات و ئێستا زەویشی بۆ دابینکراوە. لە کاتێکی نزیکدا کێشەی ڤۆڵتییە و کەمیی کارەبای ئەو چوار گوندە چارەسەر دەکەین."