تۆنێک گەنمەشامیی نێوخۆ، 100 هەزار دینار کەمتر لە هاوردە دەفرۆشرێت
وەرزی پێگەیشتنی گەنمەشامییە لە هەرێمی کوردستان. جووتیاران لە دابەزینی نرخ و هاوردەکردنی گەنمەشامیی دەرەوە ناڕازین و دەڵێن: دەنک و جۆری گەنمەشامیی نێوخۆ زۆر باشترە لە هاوردە، بەڵام بە 100 هەزار کەمتر لە بازاڕ دەفرۆشرێن.
عیسا رەزاق، جووتیارێکە لە سنووری زرارەتیی هەولێر، لە بەرپرسیار، گوتی: "خەرجیی زۆری لێدەکەین، بەرهەمێکی باش و جوانی هەیە، کاتی فرۆشتن پارە ناکات، یەک تۆن بەرهەمی نێوخۆ بە 315 بۆ 320 هەزار دینارە، بەڵام تۆنێک هاوردە بە 430 هەزار دینارە. داوا دەکەین رێگری لە هاوردە بکرێت."
بەرهەمی گەنمەشامی لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە دوو شێواز دەفرۆشرێن، دەنک و سیلاج. سیلاج واتە دەنک و پەلک بەیەکەوە دروێنە دەکرێن و دەفرۆشرێن. وەک جووتیاران باسی دەکەن، ئەگەر لەنێو کوورە وشکی بکەنەوە پارەی زیاتر دەکات، بەڵام دیسانەوە بۆ ئەوانیش خەرجییەکی دیکە زیاد دەبێت.
لەعێراقدا 17 كۆمەڵگای وەرگرتن و وشككردنەوەی گەنمەشامی هەیە كە ساڵانە گەنمەشامی لە جوتیاران بەنرخی پاڵپشت وەردەگرن، بەڵام لە كوردستان هیچ كۆمەڵگایەكی گەنمەشامی نییە، بۆیە ساڵانە جوتیاران تووشی گرفتی بەبازاڕكردن دەبن.
هەڵکەوت محەممەد، گوتەبێژی یەکێتیی گشتیی جووتیارانی کوردستان، لە بەرپرسیار، دوو 'ئاستەنگ'ـی بەردەم جووتیاران خستەڕوو؛ یەکەم؛ کەمیی پاڵپشتیی جووتیار. دووەم؛ نەبوونی بازاڕ بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکان.
هێمن موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، لە بەرپرسیار، گوتی: " بڕیاربوو ئەم ساڵ گەنمەشامی رابگیرێت، بەڵام خواستی زۆری لەسەربوو بۆیە بە شێوەی سنووردار چێندرا و زۆربەی شێوازەکانیش سادەن و ئاوی زۆر بەکاردەهێنن. لە3ـی ئەم مانگەوە بازگەکانمان ئاگادارکردوونەتەوە هاوردەی گەنمەشامی رابگرن و رێگەنەدەن بهێندرێن."
بهشی بكه لە