دوو هەزار عومرەکاری کورد لە سعودیە گیریان خواردووە
دوو هەزار عومرەکاری کورد لە کۆی 16 هەزار عومرەکاری عێراقی بەهۆی نەبوونی گەشتی ئاسمانیی عێراقەوە گیریان خواردووە و دەبێت بە پاس بگەڕێنەوە. کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەش دەڵێت، هەفتەیەکی دیکە فڕۆکە بەردەست دەبێ.
هۆگر جەلال، عومرەکارە و تکتی فڕۆکەی چوون و گەڕانەوەی بڕیوە لە بەرپرسیار گوتی: "بەشێکی عومرەکاران چاوەڕێی چارەسەربوونی كێشەکە ناکەن و بە پاس دەگەڕێنەوە. بەشێکیشیان نەخۆشن و ناتوانن بە پاس بگەڕێنەوە و چاوەڕێی فڕۆکە دەکەن."
خەرجیی مانەوەی عومرەکاران تاوەکو چارەسەربوونی كێشەکە، لە ئەستۆی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەیە. حاجی رەنج کلیسەیی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای جەدە دەڵێت: " تاوەکو یەک هەفتە خەرجیی عومرەکاران لە سعودیە دەکەین، دوای ئەو وادەیە، خەرجییان قورس دەبێت."
حاجی گۆران مەولوود، سەرپەرشتیاری کۆمپانیاکان لە کۆمەڵەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دا لە ماوەی "هەفتەیەک" کێشەکە چارەسەر دەبێت و گوتی: "هێلی ئاسمانیی عێراقی بەهۆی چلەی ئیمام حوسێنەوە گەشتی وەستاوە و لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە فڕۆکە بەردەست دەبێ بۆ گەڕاندنەوەیان. عومرەکار ئازادە لەوەی بە پاس دەگەڕێتەوە یان بە فڕۆکە، خەرجیی مانەوەشیان لە ئەستۆی کۆمپانیاکانە."
بهشی بكه لە