دایکێکی نەخۆش و منداڵەکەی لە کەلاوەیەکی چوارقوڕنەدا دەژین و هاوکارییان پێویستە

18 April 2022
دایکێکی نەخۆش و منداڵەکەی لە کەلاوەیەکی چوارقوڕنەدا دەژین و هاوکارییان پێویستە

دایکێکی نەخۆش و منداڵێکی نۆ ساڵان پێویستیان بە هاوکارییە، هەژاری و  بێکەسیان رێگر بووە کە چوار ساڵە هیچ پزیشکێک نەیان بینێت. دایکەکە خەڵکی  بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ساڵی 2013 هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕێکی  قەڵادزێدا کردووە و نزیکەی نۆ مانگە جیابوونەتەوە.

دایکی شاخەوان گوتی، من خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانم و بە بێکەس تێمگەیشت،  هاوژینەکەم کە لێم جیابوویەوە هیچی نەدامێ، پێی گوتم کوڕەکەشت بۆ خۆت و  من نامەوێت. هیچمان نییە و رۆژانە خێرخواز هاوکاریم نەکەن نان نییە  بیخۆین، تاوەکو بڵێیت لێقەوماو و سەرگەردانین."

دوای جیابوونەوەی دایکەکەی ناوی کوڕەکەی تۆمار کردووە و کارتی نیشتمانی  بۆ وەرگرتووە، ئەمساڵ یەکەم ساڵییەتی دەچێتە قوتابخانە.

شاخەوان دەڵێت، "ئەمساڵ چوومەتە قوتابخانە، بەڵام جلوبەرگم نییە، کاتێک  وانە تەواو دەبێت هاوپۆلەکانم دەچنە فرۆشگای قوتابخانە، من هەرگیز نەچووم  و پارەم پێنەبووە."

توانای دابینکردنی ژەمە خواراکێکیشیان نییە، ئەگەر رۆژانە خێرخوازێک بە  هانایانەوە نەیەت بە سکی برسی رۆژ و شەو دەکەنەوە.

دایکی شاخەوان گوتی، "زۆر رۆژ دەچم دەگەڕێم ئاسن و نایلۆن کۆدەکەمەوە،  بەڵام نەماوە و رۆژانە دوو هەزاریشم پێ پەیدا نابێت، بەخودا شەرم دەکەم  کە داوای هاوکاری دەکەم بەس لەبەر کوڕەکەم ناچارم، نامەوێت لە برسان و لە  بێ بەرگییا بمێنێتەوە و هەست بە نەداری و شەرمەزاری بکات."

بەو پێیەی دایکی منداڵەکە عێراقی نییە و باوکیشی لە ژیاندا ماوە،  خێزانەکە ناتوانن لە مووچەی مانگانەی چاودێری کۆمەڵایەتیی سودمەندبن.

شەماڵ عەباس، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتیی راپەڕین بە رووداوی گوت،  "لیژنە دەنێرم کە لە حاڵیان بپێچنەوە، ئەوەی بۆمان بکرێت لە هاوکاری خێرا  و خێرخوازی درێخی ناکەین."

خێزانەکە دانیشتووی شارۆچکەی چوارقوڕنەی قەزای رانیەن. کرێچین لە  کەلاوەیێکی چۆڵەوانیدان و شەش مانگە کرێی خانوو، کارەبا و ئاویان بۆ  نەدراوە.