بۆ نۆژەنکردنەوەی قشڵەی قوشتەپە بڕیاری تێکدانی پێنج دووکان دراوە

18 November 2025
بۆ نۆژەنکردنەوەی قشڵەی قوشتەپە بڕیاری تێکدانی پێنج دووکان دراوە
بۆ نۆژەنکردنەوەی قشڵەی مێژوویی قوشتەپە، بڕیاری تێکدانی پێنج دووکان لە بازاڕی قەزاکە دراوە، بەڵام دووکاندارەکان ناڕازین و دەڵێن، زیاتر لە 30 ساڵە شوێنی بژێوییانە. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەڵێن، پشتیوانیی قەرەبووکردنەوەیان دەکەین.

دووکاندارەکان کە لە ساڵی 1993ـەوە لەو شوێنەن، نیگەرانن لەوەی سەرچاوەی بژێویی چەندین خێزان لەدەستبچێت. مامەند حوسێن، یەکێک لە دووکاندارەکان دەڵێت، "شارەوانی و قایمقام پشتیوانیمان دەکەن، بەڵام شوێنەوار وازمان لێناهێنێت. ئێمە باج دەدەین و رەزامەندیی شارەوانیمان هەیە."

بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر، لە رێگەی داواکاریی گشتییەوە داوای چۆڵکردنی ئەو پێنج دووکانەی کردووە. د. نادر بابەکر، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر، لە بەرپرسیار، گوتی: "دەبێت پێنج دووکانەکە تێکبدرێن، بەڵام پشتیوانیی قەرەبووکردنەوەیان دەکەین."

شارەوانیی قوشتەپە دەڵێت، ئەو پێنج دووکانە زێدەڕۆن و گرێبەستیان لەگەڵیان نییە، بەڵام لەسەر زەویی قشڵە دروستنەکراون. ئەندازیار عەبدولقادر مزەفەر، سەرۆکی شارەوانیی قوشتەپە، لە بەرپرسیار، گوتی:"بڕیاری قەرەبووکردنەوە بۆ دادگە جێدەهێڵین، بەڵام پشتیوانییان دەکەین."

هاوکات، بژار مەلا خدر، قایمقامی قەزای قوشتەپە دەڵێت، "داواکاریی گشتی سکاڵای لەسەر دووکاندارەکان تۆمارکردووە و ئێمە پشتیوانییان دەکەین کە قەرەبوو بکرێنەوە. دووکاندارەکان گرێبەستیان لەگەڵ شارەوانی هەیە."

قشڵەی قوشتەپە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 200 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و بڕیارە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەولێرەوە نۆژەن بکرێتەوە.