لە ناحیەی باوەنووری گەرمیان زبڵ و خاشاک دەسووتێنرێت
بۆن و دووکەڵی خاشاکی باوەنوور لە کاتی ئێواران ئاسمانی ناحیەکە دادەپۆشێت و دانیشتووانەکەی نیگەرانکردووە. بەشێکی خاشاکەکەش تێکەڵ بە رووباری سیروان دەکرێت.
سەیوان مەحموود، دانیشتووی باوەنوور، لە بەرپرسیار گوتی: "کەپرە گەشتیارییەکانی ناوچەکە چەند مەترێک لە خاشاکەکە دوورە. لە کاتی سووتاندنی زبڵەکە، دووکەڵ بڵاودەکاتەوە و لە هاوینان کاریگەریی زۆرترە. ئەگەر چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە منداڵان و خەڵکەکە تووشی نەخۆشی دەبن."
بەپێی ئاماری شارەوانییەکانی گەرمیان، رۆژانە نزیکەی 8 تۆن خاشاک لە باوەنوور کۆدەکرێنەوە و لە نزیک ناحیەکە ژێرخاک دەکرێ و بەشێکیشی دەسووتێنرێت.
د. عەبدولموتەلیب رەفعەت، مامۆستای زانکۆ دەڵێت: "شوێنی فڕێدانی خاشاک لە هەرێمی کوردستان شیاو نین و کارگەی ریسایکلینیشمان نییە. ئەو شوێنانەی خاشاک تێیدا فڕێدەدرێن شوێنی هەمیشەیی نین. شوێنی فڕێدانی خاشاکی باوەنوور بەهیچ شێوەیەک شیاو نییە. لانیکەم دەبێ 10 کیلۆمەتر لە شوێنی نیشتەجێبوون دووربێت. 500 مەتر لە شەقامی سەرەکی دووربێت. ئاراستەی با رەچاو بکرێت. دوورخستنەوەی ئاژەڵ لە زبڵ. هەروەها دەبێ دووربێ لە سەرچاوەکانی ئاو."
دڵشاد فەتاح، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان، نیگەرانی خۆی لە سووتاندنی خاشاکی باوەنوور لەلایەن "چەند کەسانێک"ـەوە دەربڕی و باسی لەوەکرد: "لە 2014ـەوە شارەوانی لە رێگەی کۆمپانیاوە خاشاکی سنوورەکە ژێرخاک دەکات. تیمەکانمان هەڵساون بە چارەسەرکردنی خاشاکەکە بە رەچاوکردنی تەندروستیی هاونیشتمانییان بەشێوەیەکی کاتی. پێویستمان بە پڕۆژەیەکی ریسایکلینە بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت.
بەپێی ئاماری شارەوانیی گەرمیان ، رۆژانە نزیکەی 450 تۆن زبڵ و خاشاک لە هەموو گەرمیان کۆدەکرێتەوە و ژێرخاک دەکرێن.