دەرچووانی زانکۆی خانەقین گردبوونەوە و خێوەتیان هەڵدا
بەشێکی دەرچووانی هەر سێ کۆلێژی سەر بە زانکۆی گەرمیان لە خانەقین گردبوونەوە و خێوەتیان هەڵدا. داوا دەکەن لەلایەن عێراقەوە بە فەرمی دان بە زانکۆکەیان بنرێت و کێشەکانیان کۆتایی بێت.
زانکۆی گەرمیان لە 2010 دامەزراوە و زیاتر لە 17 هەزار دەرچووی هەیە. بەهۆی داننەنان بە زانکۆکەیان لەلایەن بەغداوە، ئەو دەرچووانەی دادەمەزرێن، فەرمانی دامەزراندنەکەیان هەڵدەوەشێنرێتەوە.
راژان مەجید، نوێنەری دەرچووانی زانکۆکە لە بەرپرسیار گوتی: "7 ساڵە خوێندنم تەواو کردووە و سێ جار فەرمانی دامەزراندنم بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە زانکۆی گەرمیان تەواوم کردووە، دوورخراومەتەوە. رێگریش دەکرێ لەوەی ماستەر و دکتۆرا بخوێنی."
پڕۆفیسۆر. د. ئاراس فەریق، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان دەڵێت: "کێشەکە سیاسییە و ناوچەکەمان پەیوەندی بە مادەی 140 و ناوچە کێشە لەسەرەکانە. عێراق کێشەکەی دروستکردووە نەوەک حکومەتی هەرێمی کوردستان. چەندین جار چوومەتە بەغدا بە هاوکاریی نوێنەرانی کورد لە بەغدا، بەڵام کێشەکە ئەکادیمی نییە و سیاسییە. خوێندنی باڵای عێراق لیژنەی ناردووە و لە رووی ئەکادیمییەوە هیچ کێشەمان نییە."
سروە محەممەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "کێشەی چەندین زانکۆ چارەسەر کرا و تەنیا زانکۆی گەرمیان چارەسەر نەکرا، کێشەکە بە سیاسی کراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بینا و مامۆستای بۆ زانکۆکە دابینکردووە، بەڵام بەداخەوە بەشێوەیەکی گشتی هەموو کۆلێژەکانی زانکۆکە لەلایەن عێراقەوە کراوەتە یەک پاکێج و بە سیاسی کراوە."
بهشی بكه لە