هاونیشتمانییەک لە جەنگەڵێکی یۆنان گیریخواردووە و داوا دەکات هاوکاری بکرێ بۆ گەڕانەوەی

21 May 2025
هاونیشتمانییەک لە جەنگەڵێکی یۆنان گیریخواردووە و داوا دەکات هاوکاری بکرێ بۆ گەڕانەوەی

کاوێز سەعدوڵڵا، لەگەڵ هاوژین و منداڵێکی، ساڵی رابردوو بەمەبەستی گەیشتن بۆ وڵاتێکی ئەورووپا، چەمچەماڵیان جێهێشت و رێگەی کۆچی نایاساییان گرتە بەر. لە رێگەی ئاوی یۆنان لە مانگی 11ـی ساڵی رابردوو یەختەکەیان بەر شاخێک دەکەوێ، هاوژین و منداڵەکەی دەخنکێن و خۆی رزگاری دەبێت.

دوای رووداوەکە، کاوێز لە کەمپێکی یۆنان دەمێنێتەوە تاوەکو هەفتەیەک پێش ئێستا. بەهۆی نەبوونی وەڵامێکی مافی پەنابەری لە یۆنانەوە، کاوێز بڕیار دەدات کەمپ جێبهێڵێت، دواجار دەکەوێتە نێو جەنگەڵێک.

کاوێز سەعدوڵڵا، لە بەرپرسیار، گوتی: "هەفتەیەکە لە برسا گیا دەخۆم. ژیانم لە مەترسیدایە، پارەم پێنەماوە و پێویستم بە هاوکارییە بۆ گەڕانەوەم."

شوانە دانیال، برازای کاوێز، لە بەرپرسیار، هۆکاری رۆیشتنی کاوێز و هاوژینەکەی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەورووپا بۆ "خراپی گوزەران" گەڕاندەوە و گوتی: "بەهۆی رووداوەکەوە دەروونی تێکچووە. لێرە هیچ کارێک نەبوو بیکات، گوزەرانی خراپ بوو، ئێستا پێویستی بەوە هەیە، بگەڕێنرێتەوە و لەگەڵ ئەو چوار منداڵەی کە لە هاوژینێکی دیکە هەیەتی و جیابوونەتەوە، دووبارە دەست بە ژیان بکاتەوە."

ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، لە بەرپرسیار، ئامادەیی خۆیان بۆ گەڕاندنەوەی کاوێز لە ماوەی "15 رۆژ" دا
راگەیاند.

ئەبوبەکر عەلی گوتی: "کاتی رووداوەکە، ئێمە حکومەتی هەرێمی کوردستانمان ئاگادارکرد و هاوکار بووین لە گەڕاندنەوەی تەرمی هاوژین و منداڵەکەی.
نوێنەرمان لە یۆنان هەیە و پەیوەندی پێوەکردووە، دەیگەڕێنینەوە."