ژیانی قوتابیانی گوندێکی بالیسان لە مەترسیدایە

22 May 2025
ژیانی قوتابیانی گوندێکی بالیسان لە مەترسیدایە

دیوار و زەویی بینای قوتابخانەی گوندی بێراوە درزی بردووە و لەیەکدی ترازاون و مەترسی داڕووخانیان هەیە. هەبوونی مار و دووپشک لەنێو قوتابخانەکە، مەترسیی لەسەر ژیانی قوتابیان و مامۆستایانی ئەو قوتابخانەیە دوو هێندە کردووە. بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان "بەڵێن"ـی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدات.

قوتابخانەکە 45 قوتابی لە پۆلی یەک تاوەکو شەشی بنەڕەتی تێیدا دەخوێنن، تەنیا یەک ژوور بۆ مامۆستایان، بەڕێوەبەری قوتابخانە و کارگوزار هەیە. بەهۆی بێکەڵکبوونی بەشێکی ژووری پۆلەکان، بە ناچاری پۆلی پێنج و شەش لە یەک ژووردا و بەیەکەوە وانە دەخوێنن.

کۆنی و خراپی قوتابخانەکە ترس ودڵەراوکێی لای کەسوکاری قوتابیان دروستکردووە، و بەشێکیان دەڵێن: "ئەگەر بۆ ساڵی داهاتوو کێشەی بیناکە چارە نەکرێت، ئامادە نین منداڵەکانمان بنێرینە ئەو قوتابخانەیە'بێراوە'."

هەژار حەمەد، کەسوکاری قوتابییەکە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "کاتێک منداڵەکەم دێتەوە ماڵ، باسی مەترسییەکان دەکات، ژیانی زۆر لە مەترسی دایە، کەڵکی خوێندن تێیدا نەماوە، کاتی بارانبارین قوڕ و لیتە دەچێتە ژوور. مار و دووپشک لەنێو قوتابخانەکە هەن.  دیوارەکانی شەقی بردووە. ئەگەر چارەسەر نەکرێ مەترسی گەورە روودەدات."

پەیامنێری رووداو لە سنووری راپەڕین، سەردانی ئەو قوتابخانەیەی کردووە و لەنزیکەوە بەشێکی قوتابیانی دواندووە. مەئوا سێبوور، یەکێک لە قوتابییەکان، بە ئەبوبەکر ئیسماعیلی گوت: "مار و دووپشک خەریکە دەمانخوات، یاریگەمان نییە، مەترسیمان لەسەرە،ک اتی باران و هەورەبرووسکە قوتابخانەکە دەلەرێتەوە زۆر دەترسین.'' 

چاوەڕوان محەممەد، یەکێک لە مامۆستاکانی ئەو قوتابخانەیەیە، بە رووداوی گوت: "یەک ژوورمان هەیە، ئەگەر میوانێکمان بێت دەبێ ئێمە بچینە دەرەوە. هیچ پێداویستییەکی فێرکاری تێدانییە، لەسەر ئەرکی خۆمان شت دەکڕین."

بەڕێوەبەری قوتابخانەی بێراوە، کۆنی و خراپی بیناکە، بە "ئاستەنگ" لەبەردەم بەرەوپێشچوونی قوتابی و مامۆستا ناودەبات. وشیار تەها، لە بەرپرسیار، گوتی: "مەترسیی زۆر لەسەر گیانی مامۆستا و قوتابییەکان هەیە و لە وەرزی زستان مەترسییەکان زیاد دەبن. قوتابخانەکە کەڵکی نۆژەنکردنەوەی نەماوە. ساڵانە نووسراو بۆ پەروەردە دەکەم، تەنیا بەڵێن دەدرێ، تاوەکو ئێستا کردار نەکراوە."

بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان، پێنج مانگە دەستبەکاربووە و وەک باسیدەکات، پەیوەندی بە پارێزگاری هەولێر، پەروەردەی شەقڵاوە و پەروەردەی هەولێر کردووە بۆ چارەسەریی کێشەی بینای قوتابخانەی گوندی بێراوە.

شاخەوان عەبدوڵلا، لە بەرپرسیار، گوتی: "پارێزگاری هەولێر گوتی، لە سەفەرم بە نووسراو  داواکارییەکەم بۆ ئامادە بکە. سبەی هەینی پەروەردەی شەقڵاوە سەردانێکی ئەو قوتابخانەیە دەکات و دەرخستەیەک ئامادە دەکات. هەوڵی جیدی دەدەین بۆ چارەسەریی بنەڕەتیی کێشەکە. تاوەکو ساڵی نوێی خوێندن کێشەکە چارە دەکەین. یەکشەممەش لە نزیکەوە سەردانی ئەو گوندە دەکەم. هەوڵ دەدەین کارێک بکەین لە بەرژەوەندیی قوتابیان و بە دڵی خەڵکەکە بێت. ئەوەی لە رێگەی حکومەتیشەوە پێمان نەکرێ، دەرگە کراوەیە بۆ خێرخوازان."

70 ماڵ لە گوندی بێراوە هەن و تەنیا یەک قوتابخانەی کۆنیان هەن، قوتابیی چەند گوندێکی دیکەش لە بێراوە دەخوێنن. قوتابخانەکە 28 ساڵ لەمەوپێش لەلایەن رێکخراوێکی بەریتانی دروستکراوە، یەک جار نۆژەنکراوەتەوە.