زیاتر لە سێ هەزار داری نێو شەقامەکانی رانیە وشکبوون

23 October 2025
زیاتر لە سێ هەزار داری نێو شەقامەکانی رانیە وشکبوون

نەخۆشی لەنێو دارە چێندراوەکانی شەقامەکانی رانیە بڵاوبووەتەوە و زیاتر لە سێ هەزار داری وشک کردووە. ژینگەی راپەڕین رەخنە لە کات و شێوازی ئاودانیان دەگرێت. شارەوانییەکانی راپەڕین لیژنەیەکی پێکهێناوە و پێداچوونەوە بە جۆری دارەکان، شێوازی ئاودان و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە دەکەن.

ساوێن ساڵح، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین، لە بەرپرسیار، گوتی: "سرووشتی و نەخۆشی دوو هۆکاری سەرەکیی نەخۆشکەوتن و وشکبوونی دارەکانن. ساڵانە کەمترین بودجەیە بۆ خزمەتی سەوزایی تەرخان دەکرێت. جۆر و تەمەنی دارە وشکبووەکان جیاوازن و تاوەکو تەمەنی 15 ساڵی دەڕوات."

شارەوانییەکانی راپەڕین لیژنەیەکی بۆ هۆکار و چارەسەریی وشکبوونی دارەکان پێکهێناوە. رێباز محەممەد، بەرپرسی بەشی ژینگە لە شارەوانییەکانی راپەڕین، لە بەرپرسیار، گوتی: "نەبوون و کەمبوونی شێ، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و مێروولە، دیاردەی سرووشتی و گۆڕانکاری کەشوهەوا هۆکاری سەرەکیی وشکبوونەکەن."

رێباز محەممەد، گوتی، نیوەی دارەکان بە هەڵپاچین دووبارە دروستدەبنەوە و تاوەکو دوو ساڵی داهاتوو دروستدەبنەوە. "پلانمان هەیە شێوازی ئاودان بگۆڕین، پێداچوونەوە بە جۆری دارەکان دەکەین."

د. رائید عەبدولجەبار، پڕۆفیسۆر لە کۆلێژی ئەندازیاریی کشتوکاڵ لە زانکۆی دهۆک، لە بەرپرسیار، گوتی: "ئەو حاڵەت و جۆرە دارانە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، پلەی گەرمی و نەخۆشی تێیدا بڵاودەبنەوە. دەتوانرێ نەخۆشییەکە کۆنتڕۆڵبکرێ. هەر دارێک بەپێی تەمەن و جۆرەکەی شێوازی ئاودانی دەگۆڕێت و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت."