باوکێک دەڵێت منداڵەکانی دەریانکردووە و کوڕێکی دەڵێت خۆی قبووڵ ناکات لای بمێنێتەوە

25 July 2021
باوکێک دەڵێت منداڵەکانی دەریانکردووە و کوڕێکی دەڵێت خۆی قبووڵ ناکات لای بمێنێتەوە
چوار خوشک و برا، باوکە نەخۆشەکەیان بەخێوناکەن، باوکی ئەو چوار خوشک و برا تەمەنی 69 ساڵە و حەوت ساڵە جەڵتە لێیداوە. ئەو پیاوە بەناوی (ع. س.)، بە تەنیا لە خانووەکەیدا دەژی و دراوسێکانی رۆژانە هاوکاریی دەکەن.
 
(ع. س)، باوکی چوار منداڵەکەیە و دەڵێت، "نەخۆشیی شەکرەم هەیە، دوو کوڕ و دوو کچم هەن، کوڕەکەم گوتی: خانووەکەم بەناو بکە، بەڵام نەمکرد و جێیهێشتم، 100 هەزاری بە کەسێک دا بۆئەوەی لە موسڵ فڕێمبدات. کچەکانم بێزیان نایێت بێنە لام، لە نزیکمن، بەڵام سەردانم ناکەن".
 
باوکی ئەو منداڵانە دەڵێت "خەڵکی کەرکووکم و 18 ساڵە لە هەولێر دەژیم، کەس نییە بەخێوم بکات، کوڕەکەم لێیدام و پارەکەی بردم، چوار جەژنە کچەکانم سەردانم ناکەن، مووچەی مانگانەی 150 هەزار دینارم هەیە و دەمەوێت بچمە ماڵی بەساڵاچووان".
 
یەکێک لە کوڕەکانی ئەو پیاوە بەناوی (ف.ع.) بە تەلەفۆن بەشداریی بەرنامەی بەرپرسیاری کرد و گوتی، "دوو مانگە باوکم نەدیوە و خۆی قبووڵ ناکات لەلام بمێنێتەوە و 22 ساڵە لە سلێمانی دەژیم، ئەگەر دەتوانێت بمێنێتەوە، من خزمەتی دەکەم".
 
کامەران تۆفیق، بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووانی هەولێر دەڵێت، پێویستە (ع. س.) لە ماڵی بەساڵاچووان بێت، "چونکە ئێمە خزمەتی 61 بەساڵاچوو دەکەین، لە ماڵی بەساڵاچووان گرنگی بە تەندروستیی بەساڵاچوو دەدرێت، دوای پشکنین بۆ (ع. س.)  دەتوانین لە خانەی بەساڵاچووان وەریبگرین".