پڵنگێک لە باخچەیەکی ئاژەڵانی هەولێر پەلاماری منداڵێکی دا

26 November 2025
پڵنگێک لە باخچەیەکی ئاژەڵانی هەولێر پەلاماری منداڵێکی دا
لە باخچەیەکی ئاژەڵانی شاری هەولێر، پڵنگێک پەلاماری منداڵێکی دا و بە سەختی برینداری کرد، بەڵام خاوەنی باخچەکە دەڵێت، منداڵەکە پەرژینی بڕیوە و دەستی بۆ پڵنگەکە بردووە.
 
ئێوارەی رۆژی 25-11-2025، لە باخچەی ئاژەڵانی هەواری تازە لەسەر رێگەی کۆنی بنەسڵاوە، منداڵێک بە ناوی هاڕوون ئەحمەد، لەلایەن پڵنگێکەوە پەلامار درا.
 
یوسف ئەحمەد، مامی منداڵەکە، لە بەرپرسیار، گوتی: "برازاکەم لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی چووەتە باخچەکە. ماڵمان نزیکە و پێشتریش چەندین جار سەردانی کردووە. بەداخەوە، برازاکەم پەرژینی یەکەمی تێپەڕاندووە و لە پڵنگەکە نزیکبووەتەوە."
 
بە گوتەی یوسف ئەحمەد، کارمەندانی باخچەکە برازاکەیان لە دەستی پڵنگەکە رزگار کردووە و رەوانەی نەخۆشخانەیان کردووە، کە تاوەکو ئێستا سێ نەشتەرگەری بۆ کراوە و پێویستی بە نەشتەرگەری دیکەش هەیە.
 
خەلیل کاوانی، خاوەنی باخچەکە، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ئاژەڵەکە شێر بووبێت و لە قەفەس هاتبێتە دەرەوە و گوتی: "منداڵەکە تەلبەندی یەکەمی بڕیوە و دەستی بۆ پڵنگەکە بردووە. کارمەندەکانمان لە ماوەی یەک خولەکدا فریای کەوتن و گەیاندیانە نەخۆشخانە."
 
خەلیل کاوانی، گوتی، دوو پڵنگەکەی لە تەمەنی 21 رۆژییەوە بەخێویان دەکات و مۆڵەتی کارکردنی باخچەکەی تا ساڵی 2037 بەردەوامە.
 
فەرمان فازڵ، سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵپارێزی کوردستان، لە بەرپرسیار، رەخنەی تووندی لە باخچەکە گرت و گوتی: "باخچەکە زۆر سەرپێچیی هەیە، شوێنەکەی پیسە و هیچ رێنماییەکی تەندروستی و سەلامەتیی تێدا نییە. بەڵگەم هەیە کە لەو باخچانەدا بازرگانی بە ئاژەڵی کێوییەوە دەکرێت."
 
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە تەنیا مۆڵەتی کارکردن بە باخچەی ئاژەڵان دەدەین، بەڵام چاودێریکردنیان پەیوەستە بە لیژنە و لایەنە تەندروستییەکانەوە."