لە دوو گوندی سنووری دهۆک سەتان دار دەبڕدرێنەوە

27 February 2023
لە دوو گوندی سنووری دهۆک سەتان دار دەبڕدرێنەوە

لە هەردوو گوندی دێرالووش و چەڤریکێ، سەدان داری تەڕ بۆ مەبەستی "بازرگانی" دەبڕدرێنەوە و داربڕەکانیش "ناسراون و دەستگیرنەکراون." فەرماندەی هێزی پاراستنی ژینگە لە دهۆک دەڵێت: "بەڵێننامە بە گومانلێکراوان پڕکراوەتەوە و بەهۆی نەبوونی بەڵگە، ئازاد کراون."
 
رۆژی دووشەممە 27-02-2023، سالم محەممەد، موختاری گوندی میسکێ لە سنووری زاویتە لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە دڵدار هەرکی پێشکێشیکرد، گوتی: "لە سنووری گوندەکەمان داری تەڕ دەبڕدرێتەوە و داربڕەکانیش ناسراون. سکاڵامان کردووە، بەڵام داربڕین هەر دووبارە دەبێتەوە."
 
بە گوتەی سالم محەممەد، داربڕەکان مەدەنین و بەرپرس نین، بۆ بازرگانی دار دەبڕن و هەر لە زاویتەش دەیانفرۆشن. دەشڵێت: "ئەو شوێنانەی کە داری لێدەبڕدرێنەوە هیچ خاڵێکی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگەی لێ نییە."
 
رەمەزان تاهیر کە دانیشتووی گوندی چەڤریکێیە لە بەرنامەی بەرپرسیار بەشداربوو، گوتی: "هیچ شوێنێک لە سنوورەکەمان نەماوە، کە داری تێیدا نەبڕدرابێت. هەزاران داری تەڕ بڕدراون. داری مازوو، بەڕوو و جۆرەکانی دیکە دەبڕن، چەندینجار پەیوەندیمان بە پێشمەرگەی پاراستنی ژینگەی دهۆک کردووە و ئاگادارمان کردوونەتەوە."
 
وەک رەمەزان تاهیر دەڵێت، داربڕەکان زیاتر لە هەزار داری تەڕیان بڕیوە و خەڵکی سنوورەکەن و ناسراون، "یەکدی دەناسین و کەس نازانێت چیبکات. ئێمە ناونیشانی داربڕەکان دەزانین و پێشمەرگەی پاراستنی ژینگەش دەیانناسن... داربڕەکان چەند کەسێکن و بەشێکیان فەرمانبەرن." 
 
رەمەزان تاهیر داوا دەکات پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە خاڵێک دابنێت و رێگریی لە بڕینی دار بکات.
 
یەک باری داری تەڕ بە نزیکەی 300 هەزار دینار دەفرۆشرێت و بەشێکی ئەو دارانەی کە بڕدراون تەمەنیان زیاتر لە 60 ساڵە. رەمەزان تاهیر، دەشڵێت: خەمساردیی لە هەمووانە و دەبێت رێگریی لێبکەین. گوتیشی: "جارێکیان سەردانی بەڕێوەبەری ناحیەمان کرد و شۆفڵمان برد و رێگەکەمان داخست، دوای ماوەیەک بینیمان بێ راوێژی ناحیە و پۆلیسی ژینگە، رێگەکە کراوەتەوە."
 
عەمید جەمال سەعدۆ، فەرماندەی هێزی دهۆکی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگەیە بە رووداوی راگەیاند، "سنووری ژینگەی دهۆک فراوانە لە چیای پێرس تاوەکو باتیفا لە زاخۆ 30 خاڵی چاودێرییان هەیە، رۆژانە تیمی گەڕۆکی هێزەکانی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە دەگەڕێن و سەرپێچیکارانی ژینگە و گیانەوەران دەستگیردەکەن."
 
سەبارەت بە داربڕەکانی ئەو دوو گوندە، عەمید جەمال سەعدۆ گوتی: ساڵی رابردوو زانیارییان پێگەیشت کە هەندێک سەرپێچیی ژینگە لە گوندی چەڤریکێ کراوە بۆیە سەردانی ئەو گوندەکەیان کردووە. "سێ گومانلێکراو لەلایەن هێزەکانمان بانگهێشتکران و لە رێگەی پۆلیسی دارستانەوە سەرپێچیکارێک درایە دادگە، بەهۆی نەبوونی بەڵگە، سەرپێچیکارەکە بە کەفالەت ئازادکرا و دوو گومانلێکراوەکەی دیکەش بەڵێننامەیان پێ واژۆکرا."
 
وەک عەمید جەمال سەعدۆ باسی دەکات، تیمی گەڕۆکی هێزی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگەی دهۆک دەگەڕێن، بەڵام دەڵێت: "ناتوانین لەژێر هەر دارێک پێشمەرگەیەک دابنێین". گوتیشی: "جگە لەوەش هەندێک ناوچە هەیە بەهۆی بابەتی ئەمنییەوە پێشمەرگە ناتوانێت بچێت و رێگەی پێنادرێت، ئەگەر بچن وەک پێشمەرگە کێشەیان بۆ دروستدەبێت."
 
ساڵی رابردوو 24 سەرپێچیکاری ژینگە دەستگیرکراون و دراونەتە دادگە و "بەڵێننامەش لە هەموویان وەرگیراوە." ئەمە بە گوتەی فەرماندەی هێزی دهۆکی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە. دەشڵێت، ئەمساڵ رێژەی داربڕین کەمیکردووە و "شەش باری داری تەڕ دەستیان بەسەرداگیراوە و سەرپێچیکاران دراونەتە دادگە."