شەش ئەندامی یەک خێزان گرێی کۆڵۆنیان هەیە و پێویستییان بە نەشتەرگەرییە

27 August 2025
شەش ئەندامی یەک خێزان گرێی کۆڵۆنیان هەیە و پێویستییان بە نەشتەرگەرییە
دایکێک و شەش منداڵەکەی گرێی کۆڵۆنیان هەیە، ئاوارەی شنگالن و لە کەمپی باجد کەندال لە دۆخێکی سەخت دەژین و پێویستیان بە نەشتەرگەرییە.

عەیشان عەلۆ، پێش ساڵ و نیوێک نەخۆشییەکەی لێ دەرکەوتووە، دواتر هەموو منداڵەکانی هەمان نەخۆشییان گرتووە. عەیشان لە بەرپرسیار، گوتی: "پێویستمان بە هەموو جۆرە هاوکارییەکە، داراییمان خراپە، دەروونیی هەموومان تێکچووە، هاوژینەکەم شوانکارە و ئەویش بەو دۆخەوە ئێمە دەبینێ توانای هیچ شتێکی نییە."
 
نەخۆشییەکەیان پێی دەگوترێ 'ئێف ئەی پی'. دکتۆر رەمەزان کۆچەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی قۆڵۆن و گەدە، لە بەرپرسیار، گوتی: "نەخۆشییەکە بۆماوەییە و سێ لە نەخۆشەکان ئێستا ئامادەن بۆ نەشتەرگەری، سێ نەخۆشەکەی دیکە پێویستییان بە چاودێرییە تاوەکو ساڵێکی دیکە. هەموو نەخۆشەکان یەک نیشانەیان هەیە. گرێکان نەبوونەتە شێرپەنجە. ئەگەر چارەسەر نەکرێن، گرێکان دەبنە شێرپەنجە."
 
وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەکی پزیشکی بۆ چارەسەریی ئەندامانی ئەو خێزانە پێکهێناوە.
 
دکتۆر سەگڤان سلێمان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک، لە بەرپرسیار، گوتی: "لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران، لیژنەیەکی پزیشكی پێکهاتووە و نەشتەرگەریی خۆڕایی بۆ هەموو نەخۆشەکان دەکرێ. لەرووی دارایی و دەروونیشەوە هاوکارییان پێشکێش دەکەین."