لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری لە کاتەکانی بانگدان دەکرێت
ماوەی دوو ساڵە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی رێکخستنەوەی کاتەکانی بانگدان لیژنە پێکهاتووە، بەهۆی ئەوەی لە هەندێک شوێندا بانگ زووتر دراوە، وەزارەتەکە خشتەیەکی نوێی بانگدانی بە هەریەک لە سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی سۆران و گەرمیان داوە پێش پەسندکردنی، دوای رەمەزانیش بڕیارە خشتەیەکی گشتگیر بۆ هەموو هەرێمی کوردستان بە فەرمی بڵاوبکاتەوە.
نەجمەدین پیریادی، مامۆستای ئایینی و شارەزا لە کاتەکانی بانگ، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی، "خواردن و خواردنەوە تاوەکو پێش خۆرهەڵاتنی تەواو، دروستە. لە قورئانی پیرۆزیشدا باسی کاتی رۆژهەڵاتن و رۆژئاوابوون دەکات. بەزۆرییش هەڵەکە لە کاتی خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون بووە. هەڵەکە لە خشتەی کاتی بانگدا بووە. لە بانگی بەیانیدا لە هەندێک لە وەرزەکاندا کە لە وەرزەکان جیاوازیی هەیە، لە هەندێک وەرزدا نیو کاژێر زووتر بانگی بەیانی دراوە. مەغریبیش پێش 10 خولەک لە کاتی خۆی بانگ دراوە."
مامۆستا عەزیزی خەزنەیی، نوێنەری ئەنجوومەنی باڵای فتوا لە وەزارەتی ئەوقاف لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی، "تیشکی خۆر بە 8 خولەک و 18 چرکە دەگاتە زەوی، دەبێت بە چاو ببیندرێت کە تیشکی رۆژ ئاوا بووە ئینجا نوێژی مەغریب دێت. دانانی خشتەی کاتی نوێژەکانیش ئەگەر رۆژهەڵات و رۆژئاوا بە تەواوی دانرا، نیوەڕۆ و عەسر و عیشا ئاسانە. بەیانی سەربەخۆیە و دەبێت لانیکەم سێ ساڵ سەیر بکرێت. لە 1999 خشتەیەکمان دانا، بەڵام کاری پێنەکرا. ساڵی رابردوو دەستکاریی خشتەیەکی کۆنمان کرد، بەڵام خاوەنەکەی رازی نەبوو بڵاوبکرێتەوە."
لەبارەی خشتەی نوێوە، مامۆستا عەزیزی خەزنەیی دەڵێت، "ئەو خشتەیەی ئێستا سەربەخۆیە و 17 ساڵ خەریکی بووم و هیچ گومانم لێی نییە. لە هەولێر بەرزترین پلەی جیاوازی کە هەبووە 13 خولەک بووە. ئێستاش لە هەولێر بە خشتەی کۆن کار دەکرێت، رەنگە وەزارەتی ئەوقاف دوای رەمەزان ئەو بابەتە یەکلا بکاتەوە."
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی، بەڕێوەبەری ئیرشادی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لە بەرنامەی بەرپرسیار، گوتی، "بابەتەکە قورس نییە تاوەکو هاونیشتمانییان لە رۆژوو و نوێژەکانیان بترسن، چونکە ئەو جیاوازییە لە هەموو وڵاتان هەیە، دڵنیایی دەدەمە هاونیشتمانییان کە قبووڵە و ئۆباڵی لە ئەستۆی ئەو کەسانەیە کە خشتەکەیان لە ماوەی رابردوودا دروستکردووە یان دروستی دەکەن."
لەبارەی پەسندکردنی خشتەی کاتەکانی بانگ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، شێخ ئیبراهیم بەرزنجی گوتی، "جیاوازیی کاتەکان زۆر نین. خشتە تازەکە لە مانگی رەمەزان وەکو تێست بڵاوکراوەتەوە و لە وەزارەت سەرپەرشتی دەکرێت و دوای رەمەزان بڕیاری لەسەر دەدرێت."
هەولێر و دهۆک تاوەکو ئێستا لەسەر خشتەی کۆن دەڕۆن، بەڕێوەبەری ئیرشادی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت، "هەفتەی داهاتوو ئومێد دەکەین خشتەی نوێ بەردەست بێت و بنێردرێت بۆ لیژنەی باڵای فتوا، تاوەکو بڕیاری لەسەر بدرێت. واتە کاری خشتە کارێکی زانستی و شەرعییە و پەیوەندیی بە زانستی فەلەک نییە. وەکو زانایانی ئایینی پەیوەندیمان بە بابەتی فەلەکەوە نییە و ئەو پەرستشانەی خەڵک دەیکەن هیچ گومانێک لە دڵیاندا نەبێت، بەپێی ئەو خشتەیەی بەردەستە رۆژوو و نوێژی خۆیان بکەن تاوەکو خشتەیەکی زۆر نموونەیی دەردەچێت."
بهشی بكه لە