هۆکاری زۆربوونی خنکان لەدەریاچە و رووبارەکان چییە؟

هۆکاری زۆربوونی خنکان لەدەریاچە و رووبارەکان چییە؟

هۆکاری زۆربوونی خنکان لە دەریاچە و رووبارەکان هەرێمی کوردستان خەریکە دەبێتە دیاردە  تیمەکانی مەلەوانی و فریاگوزاری رۆژانە یان خەڵک رزگار دەکەن یان تەرمی قوربانییەکان دەردەهێنن.

نەقیب رێکان جەمال ،گوتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی دەڵێت لەسنووری پارێزگای سلێمانی لە ساڵی 2017 لەماوەی پێنج مانگدا 16کەس خنکاون و ئەمساڵ لەماوەی کەمتر لەدوو مانگ  7 کەس خنکاون و توانراوە لەدوو مانگدا 20 حاڵەتی رزگاربوون لە سنووری سلێمانی تۆمارکراون، بەرگریی شارستانی سلێمانی تەنیا 18 کارمەندی راهێندراویان هەیە و زۆرترین ئەو کەسانەی لەدەریاچەو زێی دوکان دەبنە قوربانی گەشتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن.

شاهۆ عوسمان ، قایمقامی دوکان دەڵێت: "رێوشوێنێکی تووند لە ناوچە گەشتیارییەکان و کەپرەکانی سەر زێی بچووک دەگرینەبەر و هەندێ شوێن بۆسواربوونی بەلەم لەزێی دوکان دروستدەکرێن و بەردەمی کەپرەکان وەکو قەدەخەکراو لێدەکەین تا خەڵک نەچێتە قوڵایی ئاوەکە".

ملازمی یەکەم بێوار زەید ، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر دەڵێت: "لە سنوری هەولێر لەماوەی شەش مانگدا 19 کەس خنکاون بەس تەنیا لەمانگی تەممووز 7 کەس خنکاون ، هۆکاری خنکانی ئەوانەش دەگرێنێتەوە بۆ کەمتەرخەمی لە دەستەی گەشتووگوزار چونکە تابلۆی ئاگادارکردنەوەی لەنزیک لەدەریاچە و رووبارەکان هەڵنەواسیووە و ئەوانەی لە سنوری هەولێر خنکاون هەموویان گەشتیاربوون".

رائید بێوار عەبدولعزیز، گوتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک دەڵێت: "لەسنووری دهۆک لەماوەی 6 مانگدا 28 کەس خنکاون21 کەس لە خنکان رزگارکراون ، دوو لە خنکاوەکان گەشتیاری عەرەبن".