بولبولی دەگمەنی چەم و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا
نرخی دەگاتە 20 هەزار دۆلار
هەولێر بووەتە پایتەختی دەگمەنترین بولبولی جیهان
بولبولێکی دەگمەن کە بە "بولبولی چەم" ناسراوە و خەریک بوو لەناوبچێت، ئێستا لە شاری هەولێر دەپارێزرێت و ئەم شارە بووەتە پایتەختی بەخێوکردن و فرۆشتنی، کە نرخی یەک دانەی هەندێکجار دەگاتە 20 هەزار دۆلار.
ئەم بولبولە کە جۆرێکی دەگمەنی بولبولی گوێ سپییە، لە بنەڕەتدا هی ناوچە کوردستانییەکانی بەدرە و جەسانە و بەهۆی دەنگ و ئاوازە تایبەتەکەیەوە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی عەرەبی ناوبانگی دەرکردووە. بەهۆی راوکردنی هەڕەمەکییەوە، مەترسیی لەناوچوونی لەسەر دروست بوو.
دکتۆر فازل وەهاب، بازرگانی بولبولی چەم، بە رووداوی گوت، "کاتێک ئەو باڵندانە هاتنە بازاڕەوە، بازاڕی بولبولیان گۆڕی و بوونە بابەتێکی گرنگی نێودەوڵەتی."
بە گوتەی دکتۆر فازل، بەهۆی ئەوەی هەرکەسێک بولبولێکی لەو ناوچانە بگرتایە بە نرخی ملیۆنێک تاوەکو ملیۆن و نیوێک دینار دەفرۆشرا، لە ماوەیەکی کەمدا ئەو بێستانانە لە بولبول چۆڵکران و خەریک بوو بنبڕ ببن.
دوای ئەو مەترسییە، ژمارەیەک لە بەخێوکەرانی باڵندە لە هەولێر، باڵندە سەرەکییەکان کە پێیان دەگوترێت "ئەبلی" (باوکی فێرکەر)، دەهێننە شارەکە و ئێستا لە کۆی 8 ئەبلی لە هەموو عێراقدا، 7یان لە هەولێرن.
ئەو "ئەبلی"ـیانە وەک مامۆستا وانە بە بەچکەکان دەڵێنەوەو لە ماوەی ساڵێکدا فێری نزیکەی 14 ئاوازی جیاوازیان دەکەن کە هەر یەکەیان ناوی تایبەتی خۆی هەیە.
دکتۆر فازل وەهاب دەڵێت، "ئەو ئەبلیانە سەرەتا بە نەرمی ئاوازەکان فێری بەچکەکان دەکەن، هەروەک چۆن قوتابی لە پۆلی یەک فێری ئەلفوبێ دەبێت. دوای دوو مانگ هەموو زمانەکان وەردەگرن، بەڵام تاوەکو ساڵێکی تێپەڕ نەبێت نایانفرۆشین، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە تەواو فێربوون."
نرخی ئەم بولبولانە بەپێی ئاستی ئاوازخوێندن و ژمارەی ئەو "زمانانە"ی دەیزانن دەگۆڕێت. دێدەوان موحسین، یەکێکی دیکە لە بازرگانانی بولبول، دەڵێت، "بولبول هەیە لە بازاڕ بە 15 هەزار دینار، بەڵام ئەوانەی ئێمە نرخەکانیان لە 500 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 20 هەزار دۆلار. 10 رۆژ پێش ئێستا بولبولێکم بە باڵندەیەک و 7,500 دۆلار گۆڕییەوە، واتا بولبولەکەم بە 10 هەزار دۆلار فرۆشت."
بەهۆی ئەم هەوڵانەوە، ئێستا هەولێر وەک پایتەختی بولبولی چەم ناسراوە و ساڵانە نزیکەی 150 تاوەکو 200 بولبولی فێرکراو دەفرۆشرێنە کڕیارانی ناوخۆ و وڵاتانی عەرەبی.
ئەو دەنگە دڵڕفێنەی کە ساڵانێک مەترسیی لەناوچوونی لەسەر بوو، ئێستا لە باخەکانی هەولێردا دەژێتەوە و چیرۆکی پاراستنی میراتێکی نەتەوەیی و گۆڕینی بۆ بازرگانییەکی سەرکەوتووی نێودەوڵەتی دەگێڕێتەوە.
تەنگی بووک و زاوا لە دەریاچەی دووکان بە تەواوی وشکی کردووە؛
ئاستی ئاو 20 مەتر کەمیکردووە
ئاستی ئاوی دەریاچەی دووکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەجۆرێک کە ناوچەیەکی گەشتیاریی ناسراو بە "تەنگی بووک و زاوا" بە تەواوی وشک بووە.
بەلەمەوانێک دەڵێت، ئاستی ئاوەکە نزیکەی 20 مەتر دابەزیوە و ئەمەش بووەتە هۆی دەرکەوتنی چەندین گرد و تەپۆڵکە، هاوکات مەترسیی لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا و ئاوی خواردنەوە دروستکردووە.
هونەر مەجید، کە بەلەمەوانە لە دەریاچەی دووکان، دەڵێت، "ئەو شوێنەی گەشتیاران بە تایبەت سەردانیان دەکرد، ئێستا بووەتە وێرانە." ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشتر رۆژانە نزیکەی 30 بۆ 40 گەشتیان بۆ ئەو ناوچەیە کردووە، بەڵام ئێستا "لە هەفتەیەکدا جارێکیش ناتوانین بێین،" چونکە دەرکەوتنی گردەکان وایکردووە بەلەمەکانیان زیانیان پێبگات و مەترسی بۆ خۆیان و گەشتیاران دروست ببێت.
بە گوتەی هونەر مەجید، ئاستی ئاوەکە بەشێوەی ستوونی نزیکەی 15 بۆ 20 مەتر کەمیکردووە و لە کەناراوەکانیشەوە تاوەکو 350 مەتر پاشەکشەی کردووە.
ئەو نیگەرانیی خۆی لەبارەی کوالێتیی ئاوەکەش دەربڕی و گوتی، "پێشتر لە ئاوی دەریاچەکەمان دەخواردەوە، بەڵام ئێستا بۆن و تامی ناخۆش بووە و رووی ئاوەکەی ژەنگاویی بووە."
هونەر مەجید داوا لە هاووڵاتییان دەکات هۆشیار بن و دەست بە ئاوەوە بگرن، دەشڵێت، "ئەگەر نەتوانین ئێران و تورکیا رازی بکەین کە ئاومان بۆ بەربدەنەوە، دەبێت خۆمان ئیسرافی ئاو کەم بکەینەوە و ژینگە بپارێزین."
بۆ یەکەمجار، میوزیکی کوردی لە ئۆرکێسترای فیلهارمۆنیکی برۆکسل دەژەنرێت
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، ئاوازی کوردی لەگەڵ سیمفۆنیایەکی جیهانیدا لەلایەن ئۆرکێسترای فیلهارمۆنیکی برۆکسلەوە نمایش کرا. لە کۆنسێرتێکەدا، دوو میوزیکژەنی کورد، ئالان عارف و شێرکۆ کانیوان، بە ئامێرەکانی کەمانچە و دەف بەشداریان کرد.
ئەم پارچە میوزیکە تێکەڵەیەکە لە فۆلکلۆری کوردی و لەلایەن قوتەیبە نەعەیمییەوە نووسراوەتەوە، کە دایکی کوردێکی خەڵکی سلێمانییە.
قوتەیبە نەعێمی، ئاوازدانەرەو دەڵێت "بیرۆکەی فێستیڤاڵی ئەمساڵ بەیەکگەیشتنی رۆژئاوا و رۆژهەڵات بوو، بۆیە حەزم کرد هەندێک لە ئاوازە کوردی و عێراقییەکان وەربگرم و بە شێوازێکی ئۆرکێسترایی هاوچەرخ دایانبڕێژمەوە."
دەڤید ناڤارۆ تورێس، رێبەری ئۆرکێسترای فیلهارمۆنیکی برۆکسل، ئاماژەە بەوە کرد کە ژەنینی ئەم جۆرە میوزیکە بۆ ئۆرکێستراکەیان ئاڵنگارییەکی گەورەیە، چونکە راهاتوون لەسەر ژەنینی میوزیکی کلاسیکی وەک چایکۆڤسکی و مۆزارت، بەڵام لە هەمان کاتدا بە کارێکی باشی دەزانێت.
ئالان عارف، ژەنیاری کەمانچە، باسی لەوە کرد کە بۆ ئەوەی رەنگی کوردی لە کارەکەدا زیاتر دەربکەوێت، داوایان لە شێرکۆ کانیوان کردووە، وەک دەفژەنێک لە باکووری کوردستانەوە بەشداری بکات.
شێرکۆ کانیوان، دەفژەنەکەیە و خەڵکی ئامەدە، دەڵێت "من تەنیا وەک شێرکۆ لێرە نیم، بەڵکو نوێنەرایەتیی میوزیکی کوردی دەکەم. کاتێک لەگەڵ ئۆرکێسترایەکی ئاوا بەناوبانگ میوزیکی کوردی پێشکەش دەکەیت، ناسنامەیەکی جیهانیت پێدەبەخشیت."
لە برۆکسل، ئاوازەکانی چیاکانی کوردستان شانبەشانی پارچە میوزیکە کلاسیکەکانی جیهان وەک سەمفۆنیای پێنجی چایکۆڤسکی دەژەنرێن.
بهشی بكه لە