فیچەری نوێ و جیاواز
لە شاری کفری، ئەڤین عەبدولسەلام، کە دەرچووی بەشی پەیکەرسازییە، سەرقاڵی بەکارهێنانی هونەری مینیاتۆرە (بچووککراوە) بۆ پاراستن و نمایشکردنی شوێنەوارە دێرینەکانی ناوچەکەی. خاتوو ئەڤین، کە ئێستا بە شێوەی خۆبەخش لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری کفری کار دەکات، ئامانجی ئەوەیە کە شوێنەوارە رەسەنەکانی کوردستان، لەبری بەرهەم و دیکۆری بیانی، ببنە بەشێک لە دیزاینی ناوماڵی کوردەواری.
ئەڤین عەبدولسەلام دەڵێت من خولیایەکی زۆرم بۆ شوێنەوار هەیە. پرۆسەی کارەکانم لە قۆناغی سەردانیکردنی شوێنەکە و وەرگرتنی وێنەوە دەست پێدەکات و لە حاڵەتی رووخانی بەشێک لە شوێنەوارەکەدا، پشت بە وێنە ئەرشیڤییەکان دەبەستم. سەرەتا نموونەیەک لە قوڕ دروست دەکەم و پاشان بە بەکارهێنانی ماددەی سیلیکۆن قاڵبی بۆ ئامادە دەکەم. هیوا و ئامانجی من کردنەوەی گەلەرییەکی تایبەتە کە تێیدا سەرجەم شوێنەوارەکانی کوردستان بە شێوەی بچووککراوە نمایش بکەم."
یەکێک لەو کارانەی کە ئەڤین عەبدولسەلام شانازیی پێوە دەکات، دروستکردنی نموونەی "زۆپای عەلادین" و زۆپایەکی کۆنە، کە بووەتە جێی سەرنجی گەشتیارانی بیانی، بە رادەیەک کە باوەڕیان نەکردووە ئەم کارە دەستکردێکی نوێ بێت.
کۆیە ئومێد رەزا و هەوڵەکانی بۆ پاراستنی ناسنامەی تەلارسازیی شار
لە شاری کۆیە، ئومێد رەزا، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە هونەری شانۆ، کامێراکەی کردووەتە ئامرازێک بۆ دۆکیومێنتکردن و پاراستنی تەلارسازی و نەخش و نیگاری کۆڵانە دێرینەکانی شارەکەی. ئەو نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لەوەی کە بیناسازیی مۆدێرن و بەکارهێنانی چیمەنتۆ، زیان بە رەسەنایەتیی شارەکە دەگەیەنێت و سیمای مێژووییەکەی دەشێوێنێت.
ئومێد رەزا، دەڵێت لە رێگەی تۆمارکردنی وێنە و ڤیدیۆوە، ئەم شوێنانە ئەرشیڤ دەکەم، تاوەکو نەوەکانی داهاتوو لە بایەخ و دەوڵەمەندیی میراتی شارەکەیان ئاگادار بن. پەیامێکم ئاراستەی حکومەت دەکەم کە ئەم شوێنانە ژێرخانێکی گرنگی گەشتیارین. بۆ نموونە، 'ئاشی مام خدر' کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 1928 دەگەڕێتەوە، توانای ئەوەی هەیە بکرێتە مۆزەخانەیەکی جیهانی."
بە بڕوای ئومێد رەزا، شاری کۆیە بە بەراورد بە شارەکانی دیکە، پێویستە دیزاینە رەسەنەکەی پارێزراو بێت و نەکرێتە قوربانیی بینای بلۆک و گەراجی ئۆتۆمبێل، چونکە ئەو جوانییە تەلارسازییەی لەوێدا هەیە، لە هیچ شوێنێکی دیکەدا بەدی ناکرێت.
ئامەد؛ جومعە باڵکچی و زیندووکردنەوەی هونەری تاشینی بەرد
لە کۆڵانە مێژووییەکانی ئامەد، دەنگی چەکوشی وەستا جومعە باڵکچی، دەنگ دەداتەوە. ئەو پیشەی بەردتاشیی لە باوکیەوە بۆ ماوەتەوە و بەردی قەرەژەداخ، کە بەردێکی گڕکانییە و تەمەنی بە ملیۆنان ساڵ دەخەمڵێنرێت، دەکاتە کەرەستەی جوانکاری و پێداویستیی ناوماڵ.
وەستا جومعە، دەڵێت "ئەم بەردە بووەتە بەشێک لە ژیانی من. کاتێک خەڵکی بەتەمەن و گوندنشینەکان دەساڕە بەردینەکان دەبینن، فرمێسک بە چاویاندا دێتە خوارەوە، چونکە یادەوەرییەکانی رابردوویان بۆ دەگێڕێتەوە."
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کارەکانی جومعە، دروستکردنی تەشتی بەردینە بۆ شێلانی کفتەی خاو (چی کۆفتە). بە گوتەی ناوبراو، ئەو تام و چێژەی کفتە کە هەیەتی کە لەناو تەشتی بەردیندا ئامادە دەکرێت، بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازتر و بەتامترە لەوەی کە لەناو قاپی مۆدێرندا دروست دەکرێت ئێستا، بەرهەمەکانی وەستا جومعە بوونەتە جێی سەرنجی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی.
سلێمانی؛ بەیان زەریفی و مۆزەخانەیەک بۆ یادەوەریی هونەرمەندان
لە مۆزەخانەی نەتەوەسازان لە شاری سلێمانی، هونەرمەند بەیان زەریفی، هەوڵێکی تایبەتی خستووەتە گەڕ بۆ پاراستنی یادەوەری و کەلوپەلی تایبەتی 34 هونەرمەندی کۆچکردووی ناسراوی کورد، لەوانە: مەکی عەبدوڵڵا، سمکۆ عەزیز و تەها خەلیل.
ئەم مۆزەخانەیە بووەتە ناوەندێکی فێرکاری بۆ نەوەی نوێ. بەیان زەریفی، کە خۆی دامەزرێنەری ئەم بەشەیە، دەڵێت: "ئێرە بووەتە ماڵی دووەمی من و دەمەوێت وەفاداریی خۆم بۆ هاوکارە کۆچکردووەکانم دەرببڕم. کەسوکاری هونەرمەندان کەلوپەلەکانیان وەکو ئەمانەتێک پێشکێش دەکەن. لەم فیچەرەدا کچی هونەرمەند تەها خەلیل یادگارییەکانی باوکی دەهێنێت پێشکێشی مۆزەخانەکەی دەکات ئەو دەڵێت کە کاتێک دەست لە کەلوپەلەکان دەدات، وا هەست دەکات باوکی هێشتا لە ژیاندایە."
ئامانجی سەرەکیی بەیان زەریفی ئەوەیە کە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان هاوکارییان بکات بۆ دروستکردنی پەیکەری شایستە بۆ ئەم هونەرمەندانە، تاوەکو مێژووی هونەریی کوردستان بۆ نەوەکانی داهاتوو بە شێوەیەکی زیندوو بهێڵرێتەوە.
بەرنامەی چاوی رووداو، رۆژانی هەینی کاژێر 18:00 پەخش دەکرێت