فیچەری نوێ و جیاواز لە چاوی رووداو
عومەر ئینقیلاب؛ دەنگێک سەختییەکانی ژیان خامۆشی نەکردووە
لە شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، عومەر حەسەنی، ناسراو بە عومەر ئینقیلابی، پیاوێکی تەمەن 70 ساڵە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی تەمەن و هەژاری، بە دەنگە رەسەنەکەی بەردەوامە لە گۆرانیگوتن.
عومەر، بژێوی ژیانی لە رێگەی کارکردن بە سێچەرخەیەکەوە دابین دەکات، خاوەنی بەهرەیەکی دەگمەنی هونەرییە. ئەو، بە سۆزەوە باسی یادەوەرییەکانی لەگەڵ هونەرمەندی کۆچکردوو حەسەن زیرەک دەکات و دەڵێت "تەنیا یەکجار حەسەن زیرەکم بینیوە، بەڵام هونەرەکەی نەمرە. ئەو کەسێک بوو کە تەنیا بە جووڵەی دەستی ئاوازی دادەنا." عومەر ئینقیلاب، بە گوتنەوەی بەرهەمەکانی حەسەن زیرەک، وەکو ئەرشیفێکی زیندووی هونەری کوردی دەناسرێت و پەیامی ئەوە دەگەیەنێت کە تاوەکو هەست و دەنگ مابن، ژیان بەردەوامە.
ماڵی شێرکۆ بێکەس؛ لە شوێنی نیشتەجێبوونەوە بۆ مۆزەخانەی شیعر
لە شاری سلێمانی، ماڵی شاعیری ناوداری کورد، شێرکۆ بێکەس، کراوەتە مۆزەخانەیەکی هاوچەرخ بەمەبەستی ئاشناکردنی نەوەی نوێ و هۆگرانی شیعر بە ژیان و بەرهەمەکانی. لە مۆزەخانەکەدا، کەلوپەلە تایبەتییەکانی شاعیر، لەوانە چاویلکە، رادیۆ، پێنووس، کاژێر و ملپێچە سوورە بەناوبانگەکەی، نمایش کراون.
بینای مۆزەخانەکە لە 2 نهۆم پێکدێت؛ نهۆمی یەکەم بۆ ژیاننامە و کتێبخانە تەرخان کراوە و نهۆمی دووەم کافتریا و شوێنی فرۆشتنی کتێب و دیاری لەخۆدەگرێت. یەکێک لە بەشە سەرنجڕاکێشەکانی مۆزەخانەکە "هۆڵی 73 کورسی"یە، کە ژمارەی کورسییەکان هێمایە بۆ ساڵەکانی تەمەنی شێرکۆ بێکەس و بۆ بەڕێوەچوونی چالاکییە ئەدەبییەکان بەکاردەهێنرێت. هەڵۆ بێکەس کوڕی شاعیر دەڵێت خانووەکە پێشتر ماڵی ئێمە بوو، بەڵام ئێستا بووەتە ماڵی هەمووان.
تارا محەممەد؛ هونەرمەندێک فەرش و ئاوێنە دەکاتە کەرەستەی تابلۆکانی
لە فیچەرێکی دیکەدا، تیشک خرایە سەر کارە هونەرییەکانی تارا محەممەد، شێوەکارێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ماوەی 14 ساڵە لە سلێمانی نیشتەجێیە. تارا، خاوەنی ستایلێکی تایبەتە و لە کارەکانیدا هونەری خۆشنووسی، نەخشی فەرشی کوردی و پارچە ئاوێنە تێکەڵ دەکات بۆ دروستکردنی تابلۆی هونەریی ناوازە.
تارا، دەڵێت ئارەزووی لە ستایلی ریالیزم نییە و زیاتر پشت بە شێوازی ئەبستراکت دەبەستێت. ناوبراو گوتی: "کاتێک ئیلهامم بۆ دێت، تاوەکو کارەکە تەواو نەکەم ئارامیم نییە، چونکە هەست دەکەم بەشێک لە رۆحی خۆمی تێدا جێدەهێڵم و ئەو شتانەی بە زمان ناگوترێن، لەسەر تابلۆکانم دەریان دەبڕم."
قورئانی پیرۆز بە زمانی کوردی لە باکووری کوردستانەوە
فازڵ بەدرخان ئۆغڵو، شارەداری پێشووی جۆلەمێرگ و مامۆستای زانکۆ، وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز بۆ سەر زمانی کوردی (زاراوەی کورمانجی) کردووە
بەدرخان ئۆغڵو، دەڵێت ئامانجی سەرەکی لەم کارە ئەوەیە کە گەلی کورد بتوانێت بە زمانی دایکی خۆی لە پەیامەکانی خودا تێبگات. ئەو دەڵێت "قورئان هەمیشە بانگەواز بۆ ئاشتی دەکات، هەروەک چۆن نوێژ و رۆژوو فەرزن، ئاشتیش بە هەمان شێوە فەرزە." یەکێک لە لایەنە دیارەکانی ئەم پڕۆژەیە، هاوکاریی هاوژینی ناوبراوە، کە سەرەڕای نەخوێندەواریی پێشووی، خۆی فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردی کردووە بۆ ئەوەی لەم کارەدا یارمەتیدەر بێت.
بەرنامەی چاوی رووداو، رۆژانی هەینی کاژێر 18:00 پەخش دەکرێت.