چەند فیچەرێکی نوێ و جیاواز لە چاوی رووداو
رۆبۆتێک لە هەولێر بووەتە پردی پەیوەندی و هاوڕێی نزیکی منداڵانی ئۆتیزم
لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە شاری هەولێر، کەشێکی جیاواز بۆ چارەسەری منداڵانی ئۆتیزم دەبینرێت. رۆبۆتێک، کە وەکو دەرگایەک وایە کە جیهانی داخراوی منداڵانی ئۆتیزم بە جیهانی دەرەوە دەبەستێتەوە.
پسپۆڕانی سەنتەرەکە باسیان لەوە کرد کە ئەم رۆبۆتە تەنیا ئامێرێک نییە بۆ یاریکردن، بەڵکو وەکو هاوڕێیەک مامەڵە دەکات. جووڵە سەرنجڕاکێشەکان و رووخۆشیی رۆبۆتەکە وایکردووە منداڵەکان ئاسانتر پەیوەندیی چاو دروست بکەن و فێری دەربڕینی هەست و سۆز ببن.
دایکێک کە کوڕە 5 ساڵانەکەی لەڕێگەی ئەم تەکنەلۆژیایەوە بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە، چیرۆکی خۆی گێڕایەوە و گوتی: "سەرەتا کوڕەکەم بۆی نامۆ بوو و لێی دەترسا، بەڵام دواتر بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی گرێی زمان و پەیوەندییەکانی بکرێتەوە و ئێستا وەکو هاوڕێیەک سەیری دەکات."
سەنتەرەکە رایگەیاند، پلانیان هەیە لە داهاتوودا زمانی کوردی و عەرەبیش بۆ سیستەمی رۆبۆتەکە زیاد بکەن، تاوەکو منداڵان بە زمانی دایکی خۆیان گفتوگۆی لەگەڵ بکەن.
سەمای قەوقازی لە گورجستان
لە جۆرجیا، هونەر تەنیا ئامرازێک نییە بۆ کات بەسەربردن، بەڵکو ناسنامەیەکی زیندووە. "سەمای قەوقازی" کە یەکێکە لە دیارترین کولتوورەکانی ئەو وڵاتە، لەسەر شانۆکانەوە چیرۆکی دێرینی نەتەوەیەک دەگێڕێتەوە کە پڕە لە داستان.
لەم سەمایەدا، جیاوازیی رەگەزەکان و رۆڵیان لە مێژوودا بە وردی بەرجەستە دەکرێت؛ خانمان بە جلوبەرگی درێژ و جووڵەی نەرمەوە، وەکو هێمایەک بۆ شاژنە تەممارە دەردەکەون. ئەوان بە شێوەیەک دەجووڵێن وەکو ئەوەی لەسەر زەوی بخلیسکێن، کە گوزارشتە لە ناسکی و شکۆی ئافرەتی جۆرجی. لە بەرامبەردا، پیاوان بە جووڵەی زۆر خێرا، بازدانی بەرز و نمایشکردنی هێزی جەستەیی، وێنەی جەنگاوەرانی کۆن و بەرگریکاران لە خاک نیشان دەدەن.
راهێنەرانی ئەم سەمایە دەڵێن: "کاتێک دەچینە سەر شانۆ، ئێمە تەنیا سەما ناکەین، بەڵکو مێژووی پڕ لە بەرگری و خۆشەویستیی خۆمان بۆ جیهان دەگێڕینەوە."
زۆرخانە؛ وەرزشێکی دێرینی ئێران
لە نێو جەنجاڵی و قەرەباڵخیی تارانی پایتەختی ئێراندا، شوێنێک هەیە کە هێشتا بۆنی مێژووی لێدێت؛ ئەویش "زۆرخانە"یە. ئەم شوێنە تەنیا هۆڵێکی وەرزشکردن نییە، بەڵکو قوتابخانەیەکە بۆ فێربوونی رەوشت.
لە زۆرخانەدا، "مورشید" رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت؛ ئەو لە شوێنە بەرزەکەیەوە بە لێدانی تەپڵ و خوێندنەوەی شیعر و شانامە وزەیەکی رۆحی بە وەرزشوانان دەبەخشێت. یەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی فیچەرەکە، تێکەڵبوونی نەوەکانە لەم شوێنەدا؛ پیاوی بە تەمەن شانبەشانی گەنجان میلە قورسەکان بەرز دەکەنەوە پێکەوە دەخولێنەوە
پیاوێک لە هەولێر نیو سەدەیە مێژوو لە ژوورێکدا کۆدەکاتەوە
لە ماڵی پیاوێک کە تەمەنی خۆی لەنێو کەلوپەلە کۆنەکاندا بەسەر بردووە. مام ئیبراهیم، ماوەی 50 ساڵە خەریکی کۆکردنەوەی یادگاری و ئەنتیکەیە و ماڵەکەی کردووەتە مۆزەخانەیەکی بچووک.
لە ژوورەکەی مام ئیبراهیمدا، زیاتر لە 5 هەزار پارچەی دەگمەن هەن، لە دەستاڕێکی ساڵانی چلەکانەوە تاوەکو سەماوەرێکی رووسی و تەرازوویەکی زێڕی دەگمەن، کە بەهایان بە نزیکەی 45 هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت. هەر پارچەیەک لێرە چیرۆکێکی هەیە. مام ئیبراهیم، بە دڵتەنگییەوە باسی رووداوەکانی ساڵی 1991ی کرد و گوتی: "لە کاتی کۆڕەوە مەزنەکەدا، بەشێک لە ئەرشیڤەکەم تاڵان کرا، بەڵام ئەوە ساردی نەکردمەوە و دەستم پێکردەوە."
خەمی ئێستای مام ئیبراهیم پارە نییە، بەڵکو تاکە داواکاریی ئەوەیە شوێنێکی فراوانتر و شایستەتری هەبێت، تاوەکو ئەم مێژووە زیندووەی تێدا نمایش بکات و بۆ نەوەی داهاتووی بپارێزێت.
چاوی رووداو رۆژانی هەینی کاژێر 18:00 پەخش دەکرێت.