مام حازمی 70 ساڵی و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا

03 February 2023
مام حازمی 70 ساڵی و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا

فاتیمە بەخەکانلوو

فاتیمە بەخەکانلوو، کچێکی نیڤیشکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە،  بەهۆی نەبوونی قاچ و شێواوی لە دەستەکانی لە قوتابخانە وەرنەگیراوە، بەڵام ئەو کچە کۆڵی نەداوەو بەردەوام بووە، هەروەها زیرەکییەکی باشی هەبووە.

فاتیمە خەڵکی گوندی ئاداغانە لە شاری ماکۆ، سێ ساڵ لە ماڵەوە دەرسی خوێندووەو دواتر جارێکی دیکە چووەتەوە قوتابخانە، ئەمجارە بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی بە زیرەکییەکەی سەرسام کردووەو لە قوتابخانە وەرگیراوە.

فاتیمە جگە لە خوێندنەکەی، لە کارگەیەکی بەرگدروویی کاری جلدووری دەکات. بەمەش دەتوانێ بژێوی ژیانی خۆی و هەروەها خەرجی قوتابخانەکەشی دابین بکات.

 

سەروەت فەتاح

سەروەت فەتاح، بازرگاێکی کوردی خەڵکی باشووری کوردستانە، 23 ساڵە لە بەریتانیا دەژی، ئەو وەکو زۆربەی گەنجانی دیکەی کۆچبەر، هەفتانە نزیکەی 80 کاژێر کاری کردووە.

سەرەتا بیر لە بزنسێکی تایبەت بەخۆی دەکاتەوەو خواردنگەیەکی بچووک دادەنێت، بەڵام سەرکەوتوو نابێت، دواتر کارگەیەکی بچووکی شیرنەمەنی کوردی و پاقڵاوە دادەێت، بەڵام دوای ساڵێک ئەویش دادەخات بەهۆی نەبوونی بازاڕ.

لە ساڵی 2010 کۆگایەکی خواردن دادەنێ و ئێستا یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی بەریتانیا کە خواردن بەسەر مارکێتەکاندا دابەشدەکات.

ئەوەی سەروەت لە بازرگانانی دیکە جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە بەرهەم و خواردنی کوردی لە کوردستانەوە دەبات و لە لەندەن دابەشیدەکات.

 

حاجی عوسمانی سەراج

حاجی عوسمان، یەکێکە لە سەراجە کۆنەکانی پارێزگای سلێمانی، لە باب و باپیرانییەوە ئەو پیشەیەی بۆ ماوەتەوە. ئێستا بەهۆی تەمەنییەوە کارەکە ناکات، بەڵام دووکانێکی لە سلێمانی داناوە، تەواوی کەلوپەلە کۆنەکانی نمایش کردووە.

دووکانەکەی وەکو مۆزەخانەیەکی بچووکە، پێداویستی راو شکاری کۆن و هەروەها زینی ئەسپ و تاقمی چەک دروستدەکات. کە لە زۆربەی شارەکانی دیکەی کوردستان و باشووری عێراقیش کڕیاری هەیە.

 

چیرۆکی مام حازمی ٧٠ ساڵی

لەم فیچەرەدا کارێکی پیرۆز دەبینین.

کەسێک دەناسین کە 45 ساڵی ژیانی خۆی بۆ پێدانی خۆراک بە ئاژەڵە بێخاوەنەکان تەرخانکردووە. مام حازم تەمەنی 70 ساڵە. لەسەر شەقامەکانی دهۆک کلێنس دەفرۆشێ.

دوای کارەکەی لە کاتی ژەمەکاندا، دەچێتە بازاڕی گۆشتفرۆشەکانی دهۆک و پاشماوەی گۆشت و ئێسکە فڕێدراوەکان، کۆدەکاتەوەو بۆ ئاژەڵە بێخاوەنەکانی دەبات.

مام حازم، سەرەتا لە ئێران و دواتر لە مووسڵ و ئێستاش لە دهۆک، بۆ ماوەی 45 ساڵە لەسەر ئەم کارەی بەردەوامە. لەم فیچەرەدا چیرۆکی سەرنجڕاکێشی مام حازم دەبینین.