چیرۆکی چاوە جیاوازەکانی محەممەد

چیرۆکی چاوە جیاوازەکانی محەممەد

عومەر فۆتۆگرافەرێکە، لەنێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی شاری هەولێردا بە دوای ئەو روخسار و چیرۆکانەدا دەگەڕێت کە تەنیا هاوێنەی کامێراکەی دەیانبینێت. یەکێک لە کارە دەگمەن و پڕبینەرەکانی عومەر، وێنەی چاوە جیاوازەکانی محەممەد بوو کە هەشت ساڵ بەر لە ئێستا گرتبووی. وێنەیەک کە تێیدا محەممەد خاوەنی دوو چاوی تێکەڵ لە رەنگی شین و قاوەیی بوو، ئەوەندە دەگمەن بوو کە زۆر کەس لایان وابوو فۆتۆشۆپە و راستی نییە.

محەممەد ئێستا گەنجێکی ١٩ ساڵانە ئەو بە رۆژ کار دەکات و بە شەویش قوتابییە. کاتێک منداڵ بوو، بەهۆی جیاوازیی چاوەکانییەوە هەستی بە شەرم دەکرد، بەڵام ئێستا چاوەکانی بوونەتە ناسنامەی جوانیی ئەو. پزیشکان دەڵێن ئەم حاڵەتە ناوی زانستییەکەی (هیترۆکرۆمیا)یە، کە بەهۆی ناهاوسەنگیی بڕی ماددەی میلانین لە گلێنەی چاوەکاندا روودەدات. محەممەد خەون دەبینێت لە داهاتوودا ئەم چاوە دەگمەنانەی بکاتە بڕاندێکی جیهانی بۆ کاری ریکلام و مۆدێلینگ.

وەستا سەباح، یەکێک لە کۆنترین ئاسنگەرەکانی هەولێر

لە گەڕەکی تەیراوەی هەولێر، "مام سەباح" خەریکی کارێکی جیاوازە؛ ئەو هەم ئاسنگەرە و هەم ژەنیارێکی بەهرەمەندیشە. مام سەباح هەموو بەیانییەک سەعات هەشت دووکانەکەی دەکاتەوە دەست بە دروستکردنی تەور و چەقۆ. دەکات، ئەم پیشەیە میراتی باو و باپیرییەتی 
ئەوەی مام سەباح لە ئاسنگەرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، سازەکەیەتی. ئەو دەڵێت: " ئاسنگەری جەستە ماندوو دەکات، بەڵام مۆسیقا رۆح ئارام دەکاتەوە." دوای ماندووبوونی لەکارەکەی، پەنا دەباتە بەر سازەکەی..

ترێندی بووکەڵەکان؛ بازاڕێکی ٣٢ ملیار دۆلاری لە چین

گەنجانی چینی بووکەڵە و مەدالیای جۆراوجۆر بە جانتاکانیانەوە هەڵدەواسن، کە بۆ ئەوان وەک زمانێکی نوێی دەربڕینی هەستەکان و ناسنامەی کەسایەتییان وایە. 
ئەم ترێندە سنووری رەگەزەکانیشی شکاندووە؛ کوڕانیش بەبێ شەرم و بە ئاشکرا بووکەڵە بە جانتاکانیانەوە هەڵدەواسن، وەک هەوڵێک بۆ شکاندنی ئەو قاڵبە کۆنە کۆمەڵایەتییانەی کە ساڵانێکی زۆرە رەنگ و شێوازی تایبەتیان بۆ رەگەزەکان دیاری کردووە. کۆمپانیاکانی وەک (پۆپ مارت) ساڵانە بە ملیارەها دۆلار لەم کەرەستانە دەفرۆشن، کە ئێستا بووەتە بەشێک لە هێزی نەرمی چین بۆ ناساندنی کولتوورەکەیان بە جیهان.

عەزیز جەلال؛ شێوەی مەزارگە پیرۆزەکان دروستدەکات

عەزیز جەلال، گەنجێکی ئێزدییە کە بڕیاری داوە بە هونەرەکەی رووبەڕووی وێرانکارییەکانی داعش ببێتەوە. دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکانی ئێزدییانی لە شنگال تەقێندرایەوە، عەزیز دەستیکرد  بە دروستکردنی ماکێتی بچووککراوەی ئەو مەزارگانە . ئەو دەڵێت: "داعش مەزارگەکانی ئێمەی رووخاند، بەڵام من دەمەوێت لە هەر ماڵێکی ئێزدیدا هێمایەکی ئەو شوێنە پیرۆزانە وەک یادەوەری بمێنێتەوە."

عەزیز لە ماوەی 8 ساڵدا، نزیکەی 200 مەزارگەی بچووککراوەی بە وردەکارییەکی زۆرەوە دروست کردووە و تەنانەت بەشێکیانی بۆ دەرەوەی وڵاتیش ناردووە. ئەو بە کەرەستەی سادە، ناسنامە و مێژووی ئایینی و کولتووریی ئێزدییان دەپارێزێت و رێگە نادات ئەو شوێنە پیرۆزانەی کە تەقێندرانەوە، لە یادەوەریی نەوەکانی داهاتوودا بسڕێنەوە.
بەرنامەی "چاوی رووداو" هەموو هەفتەیەک لەسەر شاشەی تۆڕی میدیایی رووداو پێشکێش دەکرێت.