چیرۆکی ئەسحابە سپی لە سلێمانی
چیرۆکی ئەسحابە سپی لە سلێمانی
لە نێو بازاڕی سلێمانی و لە پشتی باڵەخانە نوێیەکانی بازاڕی ئەسحابە سپییەوە، دوو گۆڕی مێژوویی هەن کە مێژووەکەیان بۆ پێش دامەزراندنی شارەکە دەگەڕێتەوە. ئەم دوو گۆڕە کە بە "ئەسحابە سپی" ناسراون، جگە لەوەی شوێنێکی ئایینیین، وەکو ناسنامەی گوزەرێکی دێرینی شارەکەش دادەنرێن.
حاجی سلێمان، کە تەمەنی 80 ساڵە و حەسەن ئەحمەد، کە تەمەنی 90 ساڵە و ژیانیان لەم بازاڕەدا بەسەربردووە، ئاماژەیان بەوە کرد کە لە سەردەمانی پێشوودا خەڵک بۆ نزا و پاڕانەوە سەردانی ئەو شوێنەیان کردووە و بەردیان بە کێلی گۆڕەکانەوە نووساندووە بەو هیوایەی کە داواکارییەکانیان جێبەجێ ببن.
سەرەڕای ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە وەکو گۆڕی هاوەڵانی پێغەمبەر ناسراون، حەسەن مەحموود، مێژوونووس و خاوەنی 28 کتێب و ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی مێژوویی، روانگەیەکی جیاوازی خستەڕوو. رایگەیاند، "لە مێژوودا ناوی ئەسحابە سپی نییە؛ ئەمانە دوو پیاوی عارف و خواناس بوون کە لە ناوچەی مەڵکەندی نیشتەجێ بوون و دوای کۆچی دواییان، کێلی گۆڕەکانیان بە قسڵ سپی کراوە." لە ئێستادا، ئەسحابە سپی وەکو هێمایەکی مێژوویی لەنێو باڵەخانە نوێیەکاندا ماوەتەوە و ناوی خۆی بەسەر بازاڕ و شەقامەکانی ئەو ناوچەیەدا سەپاندووە.
تەحسین دۆسکی؛ نزیکەی نیو سەدە خزمەت بە ئەدەبیاتی کورد
تەحسین ئیبراهیم دۆسکی، نووسەر و لێکۆڵەر، چەندین ساڵە خەریکی ساخکردنەوە و لێکۆڵینەوەیە لە دەستنووسە کلاسیکییە کوردییەکان. دۆسکی، کە خاوەنی 150 بەرهەمی چاپکراوە، ساخکردنەوەی بەرهەمی زانایانی کلاسیکی کورد بە ئەرکێکی نەتەوەیی دەزانێت. ئەو لە دهۆکەوە بەدوای شوێنپێی بەرهەمەکانی مەلای جزیری، ئەحمەدی خانی و فەقێی تەیراندا دەگەڕێت و رایگەیاند، "ئەم بەرهەمانە سامانی نەتەوەیی ئێمەن و پێویستە نەوەی نوێیان پێ ئاشنا بکرێت."
ئەم لێکۆڵەرە کوردە، بە تەنیا ئەرکێکی هاوشێوەی دەزگایەکی گەورەی گرتووەتە ئەستۆ و بەدوای ئەو دەستنووسانەدا دەگەڕێت کە لە کتێبخانەکانی بەرلین، ئەستەنبوڵ و بەغدادا پارێزراون. دۆسکی، رەخنەی لەوە گرت کە ئەم میراتە دەوڵەمەندە لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا پشتگوێ خراون، بەڵام جەختی لەسەر بەردەوامبوونی کردەوە. ئێستادا کار لەسەر پڕۆژەیەکی نوێ دەکات بۆ نووسینەوەی مێژووی ئەدەبیاتی کلاسیکی کرمانجی و مێژووی میرنشینە کوردییەکان.
زاکاری گریفیتس؛ گەنجێکی بەریتانی بۆ فێربوونی زمانی کوردی و لێکۆڵینەوە هاتووەتە هەولێر
زاکاری گریفیتس، گەنجێکی بەریتانیی تەمەن 23 ساڵ، گەشتێکی دوورودرێژی کردووە بۆ ئەوەی لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر فێری زمانی کوردی ببێت. زاکاری، کە سەرقاڵی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیە بۆ تێزی دکتۆراکەی لە بواری مرۆڤناسیدا، پێیوایە بەبێ شارەزابوون لە زمان ناتوانێت لە کۆمەڵگەی کوردستان تێبگات.
زانکۆی سەلاحەدین پێشوازیی لەم لێکۆڵەرە کردووە و دکتۆر کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆ، دەڵێت: "ئامانجمان ئەوەیە ئەم گەنجانە ببنە باڵیۆزی کورد و کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان، لە رێگەی نووسینەکانیانەوە داکۆکی لە دۆزی کورد بکەن." زاکاری، جگە لە فێربوونی زمان، سەرسامیی خۆی بە کولتوور و جلوبەرگی کوردی دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە کرد کە خواردنی "دۆڵمە"ی زۆر پێخۆشە.
هونەری خۆشنووسیی لە چین
خۆشنووسی لە وڵاتی چین، تەنیا کردارێکی نووسین نییە، بەڵکو وەکو هونەرێکی باڵا سەیر دەکرێت کە مێژووەکەی بۆ 5000 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. بەپێی باوەڕی چینییەکان، شێوازی کێشانی پیتەکان رەنگدانەوەی راستەوخۆی هەست، ئاستی پەروەردە و دیسیپلینی کەسی نووسەرە.
چۆنگ یان تۆنگ، کە ماوەی 10 ساڵە سەرقاڵی فێربوونی ئەم هونەرەیە، دەڵێت "لێرەدا بچووکترین هەڵە سڕینەوەی نییە، هەر بۆیە پێویستە بەوپەڕی تەرکیز و پشوودرێژییەوە فڵچەکەت بەکاربهێنیت."
ئەم هونەرە لەسەر بنەمای "چوار گەنجینەی خوێندنەوە" دامەزراوە کە بریتین لە فڵچە، مرەکەب، بەردی مرەکەب و کاغەز و بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی رۆژانەی خەڵکی چین. بۆ نموونە، ساڵانە لە بۆنەکانی سەری ساڵی نوێدا، هاووڵاتیان بە مرەکەبی رەش و لەسەر کاغەزی سوور، دەستەواژەی "بەختی باش" دەنووسن و بە دەرگای ماڵەکانیاندا هەڵیدەواسن.