شیرینییەکانی شام لە هەولێر
شیرینییەکانی شام لە هەولێر
خالید مەلا، کە بە "ئەبو شوارب" ناسراوە، هاووڵاتییەکی خەڵکی دیمەشقی پایتەختی سووریایە. لە شام گەورە بووە، بەهۆی شەڕی ساڵی 2011ـەوە ناچار بووە وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت و روو لە هەرێمی کوردستان بکات. ئەبو شوارب، لە نزیک قەڵای هەولێر دووکانێکی شیرینیی شامی کردووەتەوە و ئێستا بووەتە یەکێک لە براندە ناسراوەکان.
لە دووکانەکەیدا، چەندین جۆری شیرینی پێشکێش دەکات. ئەبو شوارب، نەک تەنیا تامی شام، بەڵکو کولتوور و جلوبەرگی فۆلکلۆریی شامییشی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتە هەولێر. ئەو رایگەیاند: "لێرە کورد و عەرەب پێکەوە کار دەکەین و وەکو یەک خێزانین، هیچ جیاوازییەک لەنێوانماندا نییە."
بەهرام زارەعی؛ 45 ساڵ تەمەن لەگەڵ دەنگی سەنتوور لە شاری سنە
شاری سنە، کە لە لایەن رێکخراوی "یونسکۆ"وە وەکو شاری داهێنەری میوزیک دەستنشان کراوە، لانکەی هونەرمەندێکی وەکو بەهرام زارەعییە. بەهرام، ماوەی 45 ساڵە ژیانی خۆی بۆ دروستکردنی ئامێری سەنتوور تەرخان کردووە.
بەهرام زارەعی، دەڵێت، "هەر پارچە دارێک لای من چیرۆکێکی تایبەتی هەیە و دروستکردنی هەر سەنتوورێک نزیکەی 20 تاوەکوو 25 رۆژی پێویستە." ناوبانگی کارەکانی سنوورەکانی تێپەڕاندووە و ئامێرەکانی بۆ وڵاتانی ئەڵمانیا، ئەمریکا، بەریتانیا، نەرویج و سویسرا هەناردە کردووە. بە گوتەی خۆی، زانکۆی بەغدا لە یەک کاتدا داوای 120 ئامێری سەنتووری لێ کردووە.
رەسووڵ گەوهەری؛ تابلۆی هونەری لەسەر بەرد دروست دەکات
لە گۆشەیەکی دیکەی شاری هەولێر، رەسووڵ گەوهەری، ماوەی 26 ساڵە سەرقاڵی نەخشاندنی وێنەی کەسایەتییە سیاسی و هونەرییەکانە لەسەر بەرد. رەسووڵ، لە کاتی کارکردنیدا گۆرانی دەڵێت و هاوکات بە قەڵەم و چەکوشەکەی، سیمای کەسایەتییەکان لەسەر بەرد دەنەخشێنێت.
رەسووڵ گەوهەری، دەڵێت قورسترین جۆری بەرد بۆ کارەکەی، بەردی "هەمەدان"ـە، چونکە زۆر پتەوە و رەنگێکی رەشی جوانی هەیە. یەکێک لە کارە دیارەکانی، دروستکردنی وێنەی مەلا مستەفا بارزانی بووە کە زیاتر لە مانگێکی خایاندووە. هەروەها وێنەی هونەرمەند حەسەن زیرەکی کێشاوە کە خواستی زۆری لەسەرە. بۆ رەسووڵ، ئەم کارە تەنیا پیشە نییە، بەڵکو خولیایەکی منداڵییەتی کە تێیدا ماندووبوون و جوانی تێکەڵ بوون.
لە دەڤەری پشدەر و لە دۆڵی شاورێ، دوو گۆڕی مێژوویی بوونەتە سیمبۆلێک بۆ عەشقێکی ناکام
چیرۆکی "قەڕ و گوڵەزەر"، کە هاوشێوەی داستانەکانی "مەم و زین" و "سیامەند و خەج" لە ناوچەکەدا دەگێڕدرێتەوە، باسی دوو دڵدار دەکات کە لە کۆتاییدا مەرگ پێکەوە کۆی کردنەوە.
گۆڕی ئەو دوو دڵدارە وەکو شوێنێکی مێژوویی لە ناوچەکەدا ماوەتەوە و دانیشتووانی بە رێزەوە باس لەو وەفادارییە دەکەن کە لە چیرۆکی ئەو دوو گەنجەدا بەرجەستە بووە.
بەرنامەی چاوی رووداو، رۆژانی هەینی کاژێر 18:00 پەخش دەکرێت.