سحربازێکی کورد و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداو-دا
مزگەوتی عەلی بەگ جەلالی لە کەرکووک
لە کورکووک مزگەوتێک هەیە، تەمەنی 4 سەدەی تێپەڕاندووە. ئەم مزگەوتە نێوی مزگەوتی عەلی بەک جەلالی.
عەلی بەگ جەلالی بنەماڵەیەکی کوردی خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستانن. لەسەردەمی عوسمانییەکاندا هوونەتە کەرکووک و لەوێ نیشتەجەبوون. لە ساڵی 1612 دەستی بە دروستکردنی مزگەوتێک کردووە. کە تاوەکو ئێستاش نوێژی تێدا دەکرێت. لە نزیک مزگەوتەکە گەرماوێکیشی بۆ بۆ ژنان دروستکردووە.
لەم فیچەرەدا مزگەوتە مێژووییەکەی کەرکووک دەبینین.
کۆشکی مەحموود پاشای جاف لە کەلار
کاتێک دەچیتە شاری کەلار لە گەرمیان، لەسەر رێگە کۆشکێک دەبینی، کە دیوارەکانی بە تەواوی بەسەریەکدا رووخاون. ئەم کۆشکە کۆشکی مەحموود پاشای جافە.
کۆشکەکە دەکەوێتە گوندی تازە دێ، کۆشکەکە لەسەردەمی فەرمانڕەوایی مەحموود پاشای جاف، لە ساڵی 1778 دروستکراوە. لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە 600 ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەی تەرخانکراوە، بەڵام هێشتا نۆژەن نەکراوەتەوە.
پێشانگەی دیجیتاڵی لە دۆرتمۆند
دەچینە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا، لەوێ پێشانگەیەک کراوەتەوە، کە بۆ یەکەمجار بەشێوەی دیجیتالی و 3D تابلۆکان لەم پێشانگەیە نمایشدەکرێن. لە رێگەی 110 ڤیدیۆ تابلۆکان نمایشدەکرێن.
هاوشێوەی ئەم پێسانگەیە لە پاریس، ئەمستەردام، نیویۆرک و دووبەی کراوەتەوە. لە ماوەی 9 هەفتە زیاتر لە 100 هەزار کەس سەردانی پێشانگەی فۆنێکسیان کردووە لە دۆرتمۆند. پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵ نیوملیۆن کەس سەردانی بکات.
لەم فیچەرەدا دیمەنی جوانی تابلۆ دیجیتاڵییەکان دەبینین.
میشا میرانگی سێرکوانی کورد لە جۆرجیا
دەچینە تبلیسی پایتەختی جۆرجیا، لەوێ ژمارەیەکی زۆر هونەرمەندی کورد هەن، یەکێک لەوانە سێرکوانی کورد میشا میرانگییە.
بنەماڵەی میشا میرانگی خڵکی باکووری کوردستانن و دوای کۆمەڵکوژی ئەرمەنیی و ئەزدییەکان ئاوارەبوونە و لە قەفقازیا نیشتەجێبوون.
میشا لە تبلیس لەدایکبووەو بە منداڵی لەگەڵ باوکی زۆربەیجار بۆ بینینی سێرک چووە، دواتر لە مۆسکۆ پەروەردەی سێرکی خوێندووە، ئێستا یەکێکە لە سێرکوانە دیارەکانی کورد لە جۆرجیا.
لەم فیچەرەدا دیمەنی سێرکەکانی دەبینین.