گەوهەرە بەنرخەکانی کوردستان و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا
گەوهەرە بەنرخەکانی کوردستان؛ گەنجینەیەکی سروشتیی دێرین
لە بناری زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و نێو دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی کوردستاندا، گەنجینەیەکی سروشتیی دێرین هەیە کە ملیۆنان ساڵە چاوەڕێی دۆزینەوەیە.
سارا تەلایی، بەردناس و مامۆستای زانکۆ، بە دیدێکی ورد و شارەزاییەکی قووڵەوە، گەشتێکی بۆ دۆزینەوە و ناساندنی ئەو بەردە بەنرخانە دەست پێکردووە کە چیرۆکی دێرینی زەوی دەگێڕنەوە.
مامۆستا سارا، کە شارەزاییەکی بەرفراوانی لە بواری بەردناسیدا هەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە لە جیهاندا نزیکەی 4 هەزار جۆر بەرد لە تاقیگەکاندا دەستنیشان کراون، لەو ژمارەیەش 200 جۆریان بە بەنرخ و نیوە بەنرخ پۆلێن کراون.
بە گوتەی ئەو، بەشێکی زۆری ئەو بەردە بەنرخانە، وەک گروسولار گارنێت، یەشم و عەقیق، لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا هەن. تەلایی بە چاوێکی شارەزا و ئەزموونێکی زۆرەوە، بەردەکان یەک لە دوای یەک هەڵدەبژێرێت و بایەخی جیۆلۆجی و جوانیی هەر یەکێکیان ڕوون دەکاتەوە.
تەلایی، لە گەشتەکانیدا بە پەرۆشەوە باسی بەردی یەشم دەکات و دەڵێت: "ئەوە یەشمە. یەشم بەردێکی سەوزی کاڵە و بەنرخە. بۆ دروستکردنی ئێکسسوارات بەکاردێت و ڕەنگێکی زۆر تایبەتی هەیە." هەروەها ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن لە ڕێگەی تیشکەوە هەڵسەنگاندن بۆ شەفافی و کریستاڵیبوونی بەردەکە دەکات.
بەپێی زانستی جیۆلۆجی، هەر بەردێک ناسنامەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە. ڕەقی، ڕەنگ، دەگمەنبوون و بێگەردی، ئەو پێوەرانەن کە نرخی گەوهەرێک دیاری دەکەن. سارا تەلایی ڕوونی دەکاتەوە کە کوردستان لە نێوان 200 بۆ 500 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا لەژێر ئاودا بووە، ئەمەش وایکردووە کە بەشی زۆری نیشتەنییەکان بگۆڕێن بۆ ئەو بەردە بەنرخانەی ئەمڕۆ دەیاندۆزینەوە.
دوای گەشتە مەیدانییەکان، سارا دەگەڕێتەوە بۆ کارگەکەی، ئەو شوێنەی کە گەشتی ڕاستەقینەی بەردەکانی تێدا دەست پێدەکات. لێرەدا، ئەو بەردێکی ئاسایی دەگۆڕێت بۆ گەوهەرێکی بریقەدار. ئەم کارە پێویستی بە هونەر، ئارامی و وردەکارییەکی زۆر هەیە. تەلایی سێ قۆناغ بۆ شێوەدانان و سێ قۆناغی دیکەش بۆ پۆلیشکردن بەکاردێنێت، تاوەکو بەردەکە دەکاتە گەوهەرێکی گەشاوە.
جگە لەوەی کە سارا خۆی کاری ناوازە دەکات، ژمارەیەک کچ و کوڕی شاری هەولێریش فێری پیشەسازیی بەرد دەکات. ڕۆژانە چەند کاژێرێک بە کرداری فێریان دەکات کە چۆن گەوهەرێکی بەنرخ لە بەردێکی سادەوە دروست بکەن.
هێرۆ لوقمان، یەکێک لە فێرخوازەکان، دەڵێت: "بەپێی ئەو دیزاینانەی مامۆستا فێری کردووین، دیزاینی تایبەت بۆ بەردەکان دەکەین و دەستبەند و ملوانکەیان لێ دروست دەکەین."
ئەو بەردانەی تا دوێنێ لە قەد پاڵی چیاکان و کەناری ڕووبارەکاندا فەرامۆش کرابوون، ئەمڕۆ بە دەستی کچان و کوڕانی کورد دەبنە تابلۆی هونەری و سەرچاوەیەکی داهات. ئەم کارە نەک تەنها زمانی زیندووی سروشت دەردەخات، بەڵکو دەرفەتێکی نوێش بۆ پیشەسازیی ناوخۆیی و گەشەپێدانی ئابووری دەڕەخسێنێت.
پیاوێکی تەمەن 70 ساڵ لە هەڵەبجە مۆزەخانەیەکی کەلەپووری دادەمەزرێنێت
تایەر عەلی عەبدولڕەحیم، پیاوێکی تەمەن 70 ساڵی خەڵکی هەڵەبجەیە و مۆزەخانەیەکی کەلەپووریی کردووەتەوە. ئەو دەڵێت، "حەز دەکەم شتێک بکەم سەرنجی خەڵک رابکێشێت و پێی سەرسام بن."
لە مۆزەخانەکەی تایەر عەلیدا زیاتر لە 3 هەزار پارچە قوماش، 1500 تەسبیح و 41 جۆری جیاوازی چەک هەن، لەوانە بڕنەو، ماوزەر و چەندین چەکی کۆنی دیکە.
تایەر عەلی، ئاماژە بەوە دەکات کە زۆر کەلوپەلی کۆنی دیکەی هەیە وەک "یەغان" کە سندووقی کۆنی هەڵگرتنی جلوبەرگە، چیخ، مەنجەڵی مس، مەسینە کە تەمەنی نزیکەی 90 ساڵە. هەروەها ماکێتێکی ماڵی پاشای هەڵەبجەشی دروستکردووەتەوە.
خاوەنی مۆزەخانەکە دەڵێت، بۆ کڕینی بەشێک لە کەلوپەلەکان قەرزی کردووە و ئێستا توانای کڕینی پارچەی دیکەی نەماوە، هەرچەندە زۆری دێنە بەردەست.
تایەر عەلی، شانازی بە کارەکەی و بە شاری هەڵەبجەوە دەکات و دەڵێت تاوەکو لە ژیاندا بێت، بەردەوام دەبێت. وەسێتیشی بۆ منداڵەکانی کردووە کە دوای مردنی، مۆزەخانەکە وەک خۆی بپارێزن.
جووتیارێکی جۆرجی ساڵانە 45 تۆن ترێ دەکاتە شەراب
لە گوندێکی رۆژهەڵاتی جۆرجیا، بەدری میرڤێلاشڤیلی، خاوەنی 10 هێکتار زەوییە کە کردوویەتییە باخی میوە و رەزی ترێ. ئەو ساڵانە نزیکەی 45 تۆن ترێ دەڕنێتەوە و بۆ بەکارهێنانی خۆیان شەرابی لێ دروست دەکات.
باخداری و رەزەوانی کاری سەرەکیی دانیشتووانی گوندەکەیە و داهاتی سەرەکییان لەسەر فرۆشتنی میوەیە. بەدری، جگە لە ترێ، بەرهەمی دیکەی وەک قۆخ، شەفتالو و خورمای هەیە و زۆربەی بەرهەمەکانی بۆ رووسیا هەناردە دەکات.
جۆرجیا لە جیهاندا بە شەرابەکانی بەناوبانگە و بەپێی شوێنەوارناسان، مێژووی دروستکردنی شەراب لەو وڵاتەدا بۆ 8 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
بەدری، باسی چۆنیەتیی دروستکردنی شەراب دەکات و دەڵێت، "ترێی گوشراو بۆ ماوەی دوو هەفتە لەنێو گۆزەی تایبەتدا دەمێنێتەوە و دەبێتە شەراب، دواتر بۆ ماوەی 2-3 مانگی دیکە دەیهێڵینەوە تاوەکو تامەکەی خۆشتر بێت."
لای ئەوان نەریتێک هەیە؛ کاتێک کوڕێک لەدایک دەبێت، چەند گۆزەیەکی شەرابی بۆ دروست دەکەن و لەژێر زەویدا دەیشارنەوە، دوای 15-20 ساڵ لە رۆژی لەدایکبوون یان ئاهەنگی هاوسەرگیرییدا دەیکەنەوە.
کێتی میرڤێلاشڤیلی، هاوژینی بەدرییە و دەڵێت، "ئێمە پێکەوە بزنسێکی خێزانی بەڕێوە دەبەین." ئەوان جگە لە شەراب و فرۆشتنی میوە، یەکێک لە بەرهەمە هەرە بەناوبانگەکانی ترێ بەناوی "چورچخێلی" یان بنێشت دروست دەکەن کە لە هیچ ماڵێکی جۆرجیدا نییە دەست نەکەوێت.
کێتی، کە بڕوانامەی باڵای هەیە، ئێستا ژنی ماڵەوەیە و لەگەڵ هاوژینەکەی کار دەکات. ئەوان دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی مریەمی 13 ساڵان و جیۆرجی 8 ساڵان.
کچە دیزاینەرێکی کۆبانێ بە تێکەڵکردنی کولتووری کوردی و ئیتاڵی رێچکەکانی مۆدە دەشکێنێت
سیبەر ئەفەندی، کچە دیزاینەرێکی کوردی تەمەن 27 ساڵی خەڵکی کۆبانێیە و لە ساڵی 2016ـەوە لەگەڵ خێزانەکەی لە هۆڵەندا دەژی. ئەو، بە تێکەڵکردنی دیزاینی کوردی و ئیتاڵی، دەیەوێت رێچکەکانی مۆدە لە ئەورووپا بشکێنێت و پەیامێکی کولتووری بگەیێنێت.
سیبەر، بۆ ماوەی چوار ساڵ لە شاری ئوترێخت لە هۆڵەnda دیزاینی مۆدەی خوێندووە. یەکەمین کۆلێکشنەکەی ناوی "KurdItalia Heritage" بوو، کە تێیدا هەوڵی داوە پردێکی کولتووری لەنێوان جیهانی مۆدەی ئیتاڵی و کولتووری کوردیدا دروست بکات. ئەو دەڵێت، "باوەڕم وایە کە هونەر و مۆدە دەتوانن مرۆڤ لە یەکدی نزیک بکەنەوە."
لەبارەی دیزاینەکانییەوە، سیبەر باس لەوە دەکات کە قوماشی سادە و گرانبەها تێکەڵ دەکات و دەڵێت، "قوماشێک دەهێنم کە زۆر گرانبەها نییە، بەڵام کاتێک سەیری دەکەیت وا دەردەکەوێت کە بە دەست دروستکراوە، بۆ ئەوەی رۆحی کوردی و ئیتاڵیای پێ بدات."
پلانی سیبەر ئەوەیە کە دوای وەرگرتنی ئەزموونی زیاتر، مارکەی تایبەت بە خۆی دابمەزرێنێت. پەیامی ئەو بۆ گەنجان ئەوەیە، "بەدوای خۆتاندا بگەڕێن، خۆتان بناسن، حەز لە هەموو شتێک بکەن... بگەڕێن بزانن حەزتان لە چییە، بۆ ئەوەی تێیدا گەورەتربن و ئاسوودەبن."