کچە نیگارکێشێکی کورد لە جۆرجیا و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا
کچە نیگارکێشێکی کورد لە جۆرجیا خەونی گەڕانەوەیە بۆ کوردستان
لە جۆرجیا، کە بە وڵاتی هونەرمەندان ناسراوە، کچە نیگارکێشێکی کوردی ئێزدی بە ناوی مانانا مێندیکێ، بە بەهرە هونەرییەکەی سەرنجی ڕای گشتی ڕاکێشاوە و بەرهەمەکانی بەرگی کەتەلۆگی هونەرمەندە هاوچەرخەکان دەڕازێننەوە.
مانانا، باس لە یەکێک لە سەرکەوتنەکانی دەکات و دەڵێت، "لە گەشتێکدا لەگەڵ هاوژینەکەم، دۆڵێکمان بینی کە زۆر بەدڵم بوو. وێنەم نەگرت، بەڵام دیمەنەکەی لە خەیاڵمدا مایەوە. کە گەڕامەوە ماڵەوە، دەستم بە کێشانی کرد." دواتر ئەو تابلۆیەی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ پێشانگەیەک کە 120 بۆ 150 هونەرمەند تێیدا بەشداربوون و تابلۆی ئەو بە باشترین هەڵبژێردراوە و لەسەر بەرگی کەتەلۆگەکە دانراوە.
سەرچاوەی ئیلهامی مانانا بۆ بەرهەمەکانی، جوانییەکانی ژیانی ڕۆژانەیەتی لە تبلیسی. ئەو دەڵێت، "کاتێک سەیری ماڵە کۆنەکان و چیاکان دەکەم، من جوانییەک لەو دار و بێدەنگییەدا دەبینم کە خەڵکی دیکە نایبینن. دواتر کە تابلۆکە دەکێشم، پێیان سەیرە و دەڵێن، 'ئێمە چەندین ساڵە لێرە دەژین و جارێکیش ئەو جوانییەمان نەبینیوە."
ئەو هونەرمەندە، هەر لە منداڵییەوە و لە ساڵانی قوتابخانە بە پشتگیریی دایک و باوکی دەستی بە نیگارکێشان کردووە و دواتر خوێندنی باڵای لە ئەکادیمیای هونەری تەواو کردووە. ئێستاش هاوژین و خانەوادەکەی بەردەوام هاندەری سەرەکیی کارەکانی ئەون.
مانانا، نایەوێت تابلۆکانی بفرۆشێت، چونکە بە "منداڵی خۆی" ناویان دەبات و دەیەوێت لە داهاتوودا پێشانگەیەکی تایبەت بکاتەوە. ئەو لەگەڵ هاوژینەکەی پێکەوە کاری دیزاین دەکەن و بژێویی ژیانیان دابین دەکەن.
سەرباری ئەوەی لە کوردستان دوورە و سروشتەکەی نەبینیوە، بەڵام گەورەترین خەونی گەڕانەوەیە بۆ نیشتمان. مانانا، دەڵێت، "ئێستا دڵم دەیەوێت بگەڕێمەوە کوردستان و تابلۆکانم لەوێ نمایش بکەم. کاتێک سروشت و خەڵک و ماڵەکانی ئەوێ ببینم، ئەو کاتە دەتوانم لە تابلۆکانمدا بیانکێشم."
سوبحان فەیرۆز، هونەر و کەلەپووری هەورامان دەپارێزێت
سوبحان فەیرۆز، بەڕێوەبەری رێکخراوی یانە و سیاچەمانە لە هەڵەبجە، ژیانی خۆی بۆ پاراستنی کەلەپوور و زمانی هەورامی تەرخانکردووە، کە یەکێکە لە شێوەزارە هەرە لەمەترسیدارەکانی سەر زمانی کوردی.
رێکخراوەکەی سوبحان فەیرۆز، کە لە ساڵی 2008 لە شارۆچکەی خورماڵ دامەزراوە، کاری سەرەکیی پاراستنی شێوەزاری هەورامییە لە لەناوچوون. فەیرۆز دەڵێت، "زمانی هەورامی لە ریزبەندی پێنجەمین نزیکترین زمان بوو لە فەوتان." بۆ ئەم مەبەستەش، رێکخراوەکە تاوەکو ئێستا شەش رۆمانی بە شێوەزاری هەورامی چاپکردووە و تێچووی چواریانی لە ئەستۆ گرتووە.
یەکێکی دیکە لە پڕۆژە گەورەکانی رێکخراوەکە، کۆکردنەوەی ئەرشیڤێکی دەوڵەمەندی گۆرانیی هەورامییە. سوبحان فەیرۆز، ئاماژە بەوە دەکات کە خاوەنی 1300 کاسێتی گۆرانیی هەورامین، کە 643یان هی هونەرمەندی کۆچکردوو عوسمان کێمنەیین. ئەو دەڵێت، "ئێستا سەرقاڵی ئەوەین کە ئەو کاسێتانە بکەینە ئەکادیمی و بیانکەینە نۆتەی مۆسیقا." هەندێک لەو کاسێتانە مێژووەکەیان بۆ ساڵی 1957 دەگەڕێتەوە و تاوەکو ئێستا بڵاونەکراونەتەوە.
رێکخراوی یانە و سیاچەمانە، رێکخراوێکی قازانج نەویستە و لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەکو ماوەیەک لەمەوبەر بە کرێچی بووە. بەڵام بە یارمەتیی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2025 بووەتە خاوەنی باڵەخانەی خۆی.
سوبحان فەیرۆز، یەکێک لە خەونەکانی هێنانەدی، کە ئەویش کۆکردنەوەی بەشێکی زۆری ئەرشیڤی هونەرمەند عوسمان کێمنەیی بووە و ئێستا رێکخراوەکەی خاوەنی 75%ی ئەرشیڤی ئەو هونەرمەندەیە. ئەو داوا دەکات کەسانی شارەزا و ئەکادیمی هاوکارییان بکەن، چونکە "هەموو کاتێک پارە گرنگ نییە، بەڵکو کەسێکی شارەزا دەتوانێت هێندەی پارە جێگەمان بۆ بگرێتەوە."
پایزی پەکین؛ کورتترین وەرزی ساڵە
پایزی پەکینی پایتەختی چین، بە کورتترین وەرزی ساڵ دادەنرێت کە کەمتر لە مانگێک دەخایەنێت، بەڵام دیمەنە دڵڕفێنەکانی وایکردووە گەشتیارێکی زۆر لەنێوخۆی وڵاتەکە رووی تێبکەن. لە ناوەڕاستی مانگی 11ـەوە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی 12، دارەکانی گینکۆ و چنار شارەکە بە گەڵا زێڕینەکانیان دەڕازێننەوە.
ژانگ مینگ هوی، هونەرمەندێکی چینییە و دەڵێت، ساڵانە بۆ بینینی پایز و وێنەگرتنی گەڵاکانی گینکۆ سەردانی پەکین دەکات. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە نووسەری بەنێوبانگی چینی، لاو شێ، بە نووسینەکانی پایزی پەکینی بەنێوبانگ کردووە و ئەویش تاوەکو ئێستا نزیکەی 600 وێنەی پایزی پەکینی گرتووە.
دارەکانی گینکۆ، کە تەمەنیان دەگاتە زیاتر لە 1000 ساڵ، لە هەموو پەکیندا دەبینرێن، بەتایبەتی لە نزیک شەقامی دیاویۆتای. گەڵا زەردەکانیان کە شێوەی پەروانەیان هەیە، کاتێک بەهۆی رەشەباوە هەڵدەوەرن، دیمەنێکی سەرنجڕاکێش دروستدەکەن. لەم وەرزەدا، خەڵک بە پۆشینی جلی نەریتی و کۆنی چینییەوە وێنەی یادگاری دەگرن.
وو یا شی، یەکێک لە گەشتیارانە و دەڵێت، "جلوبەرگێکی شێوازی شانشینی مینگمان بینی و پێمان وابوو زۆر جوانە، بۆیە ئەم جلە کلاسیکییە چینییەمان لەبەرکرد و هاتینە ئێرە بۆ ئەوەی وێنەی پاییزی پەکین بگرین."
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەنێوبانگبوونی پایزی پەکین ئەوەیە کە 49%ـی رووبەری شارەکە سەوزاییە و زیاتر لە 250 ملیۆن درەختی هەیە، ئەمەش وادەکات گەڵاڕێزانێکی بەرفراوان رووبدات و شەقامەکان بگۆڕدرێن بۆ پێشانگایەکی هونەری.
گاو هوی یوان، خوێندکارێکی زانکۆیە و لە هەرێمی شاندۆنگەوە هاتووە، دەڵێت، "بەڕاستی ئێرە جوانە، تەنانەت جوانترە لەو وێنانەی کە بە ئۆنلاین بینیومن."
لای چینییەکان وێنەگرتن هێندە گرنگە، بەتایبەت لە کاتی گەشت و بەشداریکردن لە چالاکییەکاندا، کە ئەگەر وێنە نەگرن، وەک ئەوە وایە بەشدارییان نەکردبێت.
ئیسماعیل مامۆ، لە هۆڵەنداوە بە سینەما و کتێب خزمەتی کۆبانێ دەکات
ئیسماعیل مامۆ، گەنجێکی کوردی خەڵکی کۆبانێیە کە 10 ساڵ لەمەوبەر شارەکەی جێهێشت و لە هۆڵەندا دەستی بە ژیانێکی نوێ کرد، بەڵام هەرگیز زێدی خۆی لەبیر نەکرد. ئەو لە هۆڵەندا شانۆی خوێند و هونەری کردە پردێک بۆ گەیاندنی چیرۆکی خۆی و گەلەکەی.
ئیسماعیل، لە ساڵی 2024 گەڕایەوە کۆبانێ و پڕۆژەی "سینەمای گەڕۆک"ی دامەزراند. ئەو لەگەڵ تیمەکەیدا گوند بە گوند دەگەڕان و فیلمیان بۆ خەڵک و بەتایبەتی منداڵانی ئەو ناوچانە نمایش دەکرد کە شەڕ وێرانیکردبوون، بەمەش هیوا و پێکەنینی دەخستەوە سەر لێویان.
جگە لە سینەما، ئیسماعیل مامۆ، ئەزموونی خۆی وەک پەنابەرێک لە کتێبێکدا بە زمانی هۆڵەندی بە ناوی "دایە من قەیران نیم" بڵاوکردەوە. ناونیشانی کتێبەکە وەڵامێکە بۆ میدیاکان کە زۆرجار پەنابەران وەک "قەیران" ناودەبەن. ئەو لە کتێبەکەیدا، کە پاڵەوانەکەی ناوی "باران"ە، دەیەوێت بڵێت پەنابەران کێشە نین، بەڵکو دەتوانن ببنە بەشێک لە کۆمەڵگەی نوێ و کولتوورەکەی دەوڵەمەند بکەن.
ئیسماعیل، باس لەوە دەکات کە سەرەتای حەزی بۆ سینەما لە شانۆی شاری رۆتەردام دەستیپێکرد، کاتێک بۆ یەکەمجار لە تەمەنی 19 ساڵیدا فیلمێکی لەسەر شاشەیەکی گەورە بینیوە. ئێستا ئەو بە هونەرەکەی چیرۆکی خۆی و گەلەکەی دەگێڕێتەوە و خەونی ئەوەیە لە داهاتوودا سینەمایەک لە رۆژئاوای کوردستان دروست بکات.
بهشی بكه لە