پایسکلسوارێکی کورد و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا

23 June 2023
پایسکلسوارێکی کورد و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا

گەنجێک بە پاسکیل لە ئەڵمانیا دێتەوە کوردستان
پەیوەند عزەدین، گەنجێکی کوردی خەڵکی گوندی ئەحمەدئاوایە لە هەورامان، 8 ساڵ پێش ئێستا رووی لە ئەڵمانیا کردووە. چەند رۆژێک پێش ئێستا بە پاسکیل لە ئەڵمانیاوە گەڕاوەتەوە کوردستان.
پەیوەند شار بەشار و وڵات بە وڵاتی بە پاسکیل بڕیوە تاوەکو گەیشتووەتەوە گوندی ئەحمەدئاوا لە هەورامان. لەم ماوەیە تووشی برسێتی و مەترسی رێگە و سەرما بووەو نەخۆش کەوتووە. بەڵام بۆ ئەم گەشتەی بە سەرکەوتوویی 5200 کیلۆمەتری بڕیوە. دەیەوێ ئەمجارە بە دەوری گۆی زەویدا بسووڕێتەوە.


میراتێک 500 ساڵە دابەشنەکراوە

دەچینە گوندی گرتک لە دەڤەری باڵەکایەتی، گرتک گوندێکی سەوزی بەراوە. زۆربەی زەوییەکانی ئەم گوندە باخی سێو و هەرمێ و گوێزن. کەسێک لەم گوندە بەناوی پیرەباو کە نزیکەی 500 ساڵ پێش ئێستا ژیاوە، 100 دۆنم زەوی هەیە و بۆ نەوەکانی ماوەتەوە، بەڵام زەوییەکانی کردووەتە وەقف و میراتەکەی دابەشنەکراوە.
تاوەکو ئێستا ساڵانە بەرهەمەکی کۆدەکەنەوەو بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر ئەو کەسانە دابەشدەکرێت کە تەمەنیان 18 ساڵی تێپەڕاندووەو پیاون. واتە هیچ پشکێک بە ژنان نادرێت.
پێکەوە ئەم فیچەرە دەبینین.

وەستایەک لە زاخۆ تەسبیح دروستدەکات
سەگڤان ئەحمەد، وەستایەکی دیاری دروستکردنی تەسبیحە لە قەزای زاخۆ، پێشتر لە بازاڕی زاخۆ تەسبحی فرۆشتووە، ماوەی سێ ساڵە ماددەی خامی تەسبیح لە تورکیا دێنێت و لە ماڵەوەی کارگەیەکی داناوە بۆ دروستکردنی تەسبیح.
بەشێک لە تەسبیحەکانی بە کواڵێتی بەرز دروستدەکات و بە پارەیەکی زۆر دەیانفرۆشێتەوە، ئەمەش لە بازاڕ و لەلایەن کەسی تایبەتەوە داوایلێدەکرێت.
لەم فیچەرەدا تەسبیحەکانی سەگڤان دەبینین.

زمانی کوردی لە کازاخستان
دەچینە گوندی قەشقەبلاخ لە پارێزگای چامبووڵی کازاخستان. لەم گوندە قوتابخانەیەک دروستکراوە، کە تەواوی قوتابیانی گوندەکە بە زمانی کوردی وانە دەخوێنن. بۆ ئەوەی کوردییان بیربمێنێتەوە.
کوردی ئەم گوندە، لە ساڵی 1937 لەسەردەستی ستالین لە دەوروبەری رووباری ئاراس لە ئەرمینیا راگوێزراون بۆ ئەم ناوچەیەی کازاخستان. زۆربەی قوتابیانی ئەم گوندە، زمانی کورد، کازاخستانی و رووسی بە باشی دەزانن.
پێکەوە ئەم فیچەرە دەبینین.