کەنگرۆک و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا

29 September 2023
کەنگرۆک و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا

کۆکردنەوەی تۆوی کەنگر
لە گەڤەری باکووری کوردستان لە سەرەتای وەرزی پایز گوندنشینان دەچنە چیا بۆ کۆکردنەوەی ناوکی کەنگر، کە لە باکووری پێیدەڵێن دەندەلۆشک.
ئەندامانی هەر خێزانێک بەیانیان زوو لەماڵ دەچنە دەرەوەو رۆژانە نزیکەی 10 بۆ 15 کیلۆ ناوکی کەنگر کۆدەکەنەوە. بازرگانان گوند بە گوند دەگەڕێن بۆ کڕینەوەی کەنگرۆک.
ساڵانە نزیکەی 400 تۆن گەنگرۆک لەم گوندانەی گەڤەر دەخرێنە بازاڕەوەو داهاتی ئەم چەرەزاتە 2 ملیۆن دۆلارە. یەک کیلۆ کەنگرۆک لەنێوان 5 بۆ 11 دۆلار دەفرۆشرێت.

پێشانگەی هاڤین سندی لە ئەڵمانیا 
لە ئەڵمانیا یەکێک لە گەورەترین پێشانگە نمایشدەکرێت، بەناوی دەرگای ماڵێک، ئەم پێشانگەیە لەلایەن هاڤین سندی هونەرمەندی دیاری کورد لە ئەڵمانیا پێشکەشدەکرێت.
230 قوتابی لە چەندین نەتەوەی جیاواز، هەر یەکە و چیرۆکی خۆی لەم پێشانگەیەدا باسدەکات.
هاڤین سندی، لە ساڵی 2001 کاتێک تەمەنی 7 ساڵان بووە لەگەڵ خانەوادەکەی ئاوارەی ئەڵمانیا دەبێت. بەشی هونەری لە زانکۆی دۆسڵدۆرف تەواودەکات و دەست بەکارەکەی دەکات.
تاوەکو ئێستا بەشداری لە دەیان پێشانگەی نێودەڵەوتی و ناوخۆی ئەڵمانیا کردووە. هاڤین بۆ ئامادەکردنی ئەم پێشانگەیە، 6 مانگ پڕۆڤەی بەم قوتابیانە کردووە.

بەسێ جەعفەر پاڵەوانی هونەری گۆبەلین
دەچینە تبلیسی پایتەختی جۆرجیا، لەوێ هونەرمەندێک هەیە، کە بە پاڵەوانی هونەری گۆبەلین ناوبانگی دەرکردووە.
گۆبەلین هونەری دروستکردنی وێنە و تابلۆی رەنگینە لەسەر مافوور. ئەم هونەرمەندە ناوی بەسێ جەعفەرە.
بەسێ جەعفەر، لە ساڵی 1943 لە تبلیس، لە خانەوادەیەکی کوردی ئێزدی لەدایکبووە. ئەکادیمیای هونەری لە تبلیس تەواوکردووە، دوای ئەوە 50 ساڵ کاری هونەری گۆبەلینی کردووە، تابلۆکانی لە تەواوی پێشانگەکانی وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەت نمایشکراون.
تاوەکو کۆچی دواییکرد، لەسەر هونەرەکەی بەردەوام بوو. لەم فیچەرەدا ئاشنای ژیان و هونەری بەسێ جەعفەر دەبین.

گەلەری جەلال عازەبانی لە هەڵەبجە
ئارام شەمێرانی، گەنجێکی پارێزگای هەڵەبجەیە و پیشەی مامۆستایە، ئەو لە هەڵەبجە گەلەرییەکی کردووەتەوە بەناوی گەلەری جەلال عازەبانی. لە گەلەرییەکەیدا وێنەی زۆربەی کەسایەتی و هەروەها ئەو کەسانەی لە کیمیاباران و ئەنفالی هەڵەبجە بوونەتە قوربانی نمایشکردوون.
رۆژانە خەڵکی بیانی و هەروەها کوردستانیش سەردانی گەلەرییەکە دەکەن و تەواوی چیرۆکەکانیان بۆ شیدەکاتەوە. ئارام جگە لەوە 16 کتێبی لەسەر ئەدەبیات و جینۆسایدی هەڵەبجە نووسیوەو لە گەلەرییەکەی نمایشکردوون.
لەم فیچەرەدا کارەکانی ئارام شەمێرانی دەبینین.