دوورگەی کەروێشکەکان و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا
دوورگەی کەروێشکەکان لە قەزای دووکان
لەنێوەڕاستی دەریاچەی دووکان دوورگەیەکی 100 دۆنمی هەیە، کراوەتە ماڵێک بۆ کەروێشک. ئێستا لە دوورگەکە 25 کەروێشک هەن، کە بەهۆی زاوزێوە پێشبینی زیادبوونیان لێدەکرێت. ئەم پڕۆژەیە وەکو زیندووکردنەوەو ژیاندنەوەی دوورگەکە لەلایەن سێ گەنجی قەزای دووکان دەکرێت.
یەکێتی عەبدولڕەحمان یەکێک لەو گەنجانەیە و دەڵێ : بۆیە کەروێشکمان هەڵبژارد، چونکە بە گیای سروشتی تەڕی و وشکی دەخوات و وەچە زۆر دەخاتەوە، بەجۆرێک لەماوی سی رۆژدا دەتوانێت سکپڕبێت و لە هەرجارێکدا سێ بۆ ١٢ بێچووی دەبێت.
هەشت دانەی کەروێشکەکان نێرەن و 17 دانەشیان مێن، پۆلیسی دارستان رێگە لە راوکردنی کەروێشکەکان دەگرێت. شوان عەبدولڕەحمان، یەکێک دیکەیە لە سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە و دەڵێ : داوا لە گەشتیاران دەکەین زیان بە کەروێشکەکان نەگەیەنن. ئاواتمان ئەوەیە خزمەت بە قەزاکەمان بکەین.
ئەم سێ گەنجە دەیانەوێ ژینگەیەکی لەبار و بێ ترس بۆ کەروێشکەکان دروستبکەن و هەروەها دورگەکەش بکەنە ناوچەیەکی گەشتیاری، لەم فیچەرەدا پێکەوە دوورگەی کەروێشکەکان دەبینین.
جیم تۆمسن – بازرگانە ئەمریکییەکەی تایلەند
لە بانکۆکی پایتەختی تایلەند چیرۆکی کەسێکتان بۆ دەگێڕینەوە، کە لە ساڵی 1967 ونبووەو تاوەکو ئێستا نهێنی ونبوونەکەی ئاشکرا نەبووە.
جیم تۆمسن، هاوڵاتییەکی ئەمریکیی بوو، لەساڵی 1906 لەدایکبووە، لە ماوەی جەنگی جیهانی چووەتە تایلەند. بەهۆی خۆشەویستی بۆ تایلەند و کولتوورەکەی، دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، جارێکی دیکە گەڕایەوە تایلەند و کاری بازرگانی کردووە. کۆمپانیایەکی ئاوریشمی دادەنێ و دامەزرانردووە.
لە ساڵی 1967 تۆمسن بۆ پشوودان دەچێتە مالیزیا و دوای ئەوە وندەبێت، تاوەکو ئێستاش کەس نازانێ چی بەسەرهاتووە، بەڵام خانووەکەی لە مالیزیا کراوەتە مۆزەخانە.
بۆیان ئەماسیی، پارێزەری مۆزەخانەی جیم تۆمسنە دەڵێ : جیم لە بانکۆک کەوتووەتە داوای خۆشەویستییەوە و شارەکەش بۆ ئەو زۆر جێگەی سەرنج بووە، کۆشک و تەلارەکان و کەناراوەکانی شارەکە سەرنجی ئەویان راکێشاوە. هەروەها جیم زۆر حەزی بە ئەنتیک بووە، بەتایبەت ئەو ئەنتیکانەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، لەبەرئەوەی لەو خانووەدا زۆربەی ئەنتیکەکان هی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیان.
هەروەها بۆیان دەڵێ : جیم ویستوویەتی لە بانکۆک دەست بە کارکردن بکات و کۆمپانیای ئاوریشمی تایلاندی دامەزراند، کۆمپانیای ئاوریشمی تایلاندی و کارەکەی جیم تۆمسن چیڕۆکێکی سەرکەوتوو بوو، لەبەرئەوەی کۆمەڵگەی بانکۆک زۆربەیان بوون بە هاوبەشی کۆمپانیاکە و کۆمپانیاکە وەکو هەماهەنگییەک بوو، جیم تەنیا وەکو بەڕێوەبەرێکی کۆمپانیاکە نەبوو، بەڵکو بەهای کۆمپانیاکەی لەگەڵ هەموو ئەوانی دیکە دابەشکردبوو.
لە ساڵی 2000 ژمارەی گەشتیارانی ئەم مۆزەخانەیە زیادی کردووەو رۆژانە 500 گەشتیار سەردانی دەکەن، لە رۆژانی سەری ساڵدا زیاتر لە 2500 کەس سەردانی دەکەن.
لێسلی کچە گەشتیارێکی ئەمریکییە لە مۆزەخانەکە دەڵێ "دووەم سەردانمە بۆ مۆزەخانەی جیم تۆمسن. پێموایە کە ئەو شوێنە باشترین شوێنە بۆ ئەوەی سەردانی بکەیت، من زۆر سەرسامی پێشانگاکە و شێوازی پێشاندانی کارەکانی بووم، هەروەها چەندین شتی دەستکرد لێرە پێشاندراون، کە بۆ جیم زۆر تایبەت بوون، هەروەها من زۆر دڵخۆشم کە دوای 20 ساڵ هاتمەوە ئێرە و دەبینین ئەوان ئەو شوێنە جوانەیان پاراستووە بۆ ئەوەی گەشتیاران لە تەواوی جیهانەوە سەردانی بکەن".
قەفەسەکانی ئەڵماس یاسین لە موسڵ
ئەڵماس یاسین ژنێکی دەستڕەنگینی شاری موسڵە، کە لە ساڵی 2018 لەگەڵ هاوژینەکەی دەستی بە دروستکردنی قەفەسی باڵندە کردووە. بۆ ئەوەی ژیانێکی خۆش بۆ دوو منداڵەکەی فەراهەم بکات.
ئەوان لەسەر بانی ماڵەکەیان چەند ئامێرێکی بچووکیان داناوەو ماوەی 6 ساڵە بژێوی ژیانیان بە قەفەس بەڕێدەکەن.
ئەڵماس یاسین – دارتاش دەڵێ : دوای نەمانی داعش لەگەڵ باوکی منداڵەکان، وردە وردە فێری ئەم کارەبوومە و قەفەسی باڵندەکات دروستدەکەین، سەرەتا لەسەر بانی خانووەکەمان کارەکەمان دەکرد، زیاتر لە پێنج ساڵ لەبەر گەرمای هاوین و سەرمای زستان کارمان کرد، بەڵام کارەکەمان پێشخستووەو دیکۆراتی قەفەسەکان دروستدەکەین، لەگەڵ مێزی خواردن سوپاس بۆ خوا بەردەوامین.
ئەڵماس یاسین، ژنێکی تەمەن 45 ساڵە، ژنێکی ماندوو نەناسە، لە ماڵەکەیدا چەند ئامێرێکی دارتاشی و داربڕینەوەی داناوە، ئەو کاری بەرگدرووییش دەزانێت، بەڵام لەبەرئەوەی داهاتی ئەم کارەی باشترە، لەسەر ئەم کارەی بەردەوامە.
ئەڵماس یاسین – دارتاش : ناچارم ئەم کارە بکەم، چونکە هیچ داهاتێکم نییە و هیچ مووچەیەکم نییە، بۆیە بە باوکی منداڵەکانم گوت منیش لەگەڵ تۆ کار دەکەم. چونکە هێز و توانام هەیە و من ژنێکی بەتوانام. چاوەڕێی کەس ناکەم خێر بەمن بکات، بۆیە بەردەوامم و منداڵەکانی خۆم بەخێودەکەم.
عامر سامر، هاوژینی ئەڵماس شانازی بەوە دەکات، کە دایکی منداڵەکانی لە کاری رۆژانە و ژیانیدا هاوکاری دەکات.
عامر سامر – هاوژینی ئەڵماس: بەڕای من هیچ کێشە نییە ژن کاربکات، چونکە ژیانمان قورسە و پێداویستی زۆرترمان دەوێت. پێشتر یەک پیاو لە ماڵەوە کاریدەکرد و زیاتر لە 20 کەسی بەخێودەکرد، بەڵام ئێستا چوار پێنج کەس کاردەکەن تاوەکو بتوانن خێزانێک بەخێوبکەن.
هەروەها ئەڵماس دەڵێ: ئەڵماس یاسین – دارتاش : ئاواتم ئەوەیە شوێنی کارەکەم گەورەتر بکەم و چەند ژنێک لەگەڵ خۆم بخەمە سەرکار. چونکە ئەگەر ژنێک لەلای من کاربکات، ماڵێک رووناک دەبێتەوە.
کاتێک دەچیتە بازاڕی باڵندەکان قەفەسی دەستی ئەڵماس لەدوورەوە دەناسرێنەوە، بۆ هەر قەفەسێک 20 هەزار دینار وەردەگرێت، ئەمەش داهاتێکی باشی رۆژانەیە، بۆ خێزانێکی 4 کەسی تاوەکو ژیانێکی ئارام لە موسڵ بەڕێبکەن.
ئاندرۆ جاکسن – حەوتەمین سەرۆکی ئەمریکا
ماڵی ئەنردۆ جاکسن، حەوتەمین سەرۆکی ئەمریکا لە ویلایەتی ناشڤیڵ تێنەسی کراوەتە مۆزەخانە. تەواو ئەو کەلوپەلانەی کە لە ژیانی خۆیدا بەکاریهێناون، لە ماڵەکەیدا پارێزراون.
ئەندرۆ جاکسن، سەرەتا ژەنەڕاڵێکی سەربازی بووە، سەرکردایەتی سوپایەکی بەهێزی کردووە بۆ دەرکردنی بەریتانییەکان لە ئەمریکا، دواتر لەنێوان ساڵانی 1829 تاوەکو 1837 سەرۆکی ئەمریکا بووە.
دوای ماوەی سەرۆکایەتی ناشڤیڵ لە ماڵێک ژیاوە، کە ئێستا ماڵەکەی وەکو مۆزەخانەیەک کراوەتەوەو تەواوی کەلوپەلەکانیشی لەم ماڵەدا پارێزراون.
فین ئەندرسن وەرگێڕی مێژوویی دەڵێ ''کاتێکیش جاکسن سەرۆکی ئەمریکابوو، کۆشکەکە نۆژەنکرایەوە، بۆیەش لە ساڵی 1831 بەشی پێشەوەی دەسکاری کرا و ژمارەیەک دینگەی بۆزیادکرا، هەروەها بەشی دیکەشی لە هەردوو لاوە بۆ زیادکرا، بەڵام کۆشکەکە لە ساڵی 1834 بەرووداوی ئاگرکەوتنە سووتا، بۆیەش هێشتا ئەو کۆشکە نییە کە ئەو کاتە هەبوو، بۆیەش لەدوای ئاگرەکە جارێکی دیکە نۆژەنکراوەتەوەو دەسکاری کراوە. ئەو کۆشکەش کە ئێستا دەیبینین لە 1837 نۆژەنکراوەتەوە.''
مارک، مێژووناس و رێبەری گەشتیاری دەڵێ ''رووبەرەکەی 8 هەزار پێ دووجایە، شەش ژووری خەوتنی تێدایە، ژوورێکی خوێندنەوەو ئۆفیسی کارکردنی تێدایە، کتێبخانەی سەرۆک و ژووری نانخواردنیش لە پشتی ئێمەوە، هەروەها چەند ژوورێکی دیکەش، بەڵێ، 8 هەزار پێ دووجایە، واتە کۆشکێکی زۆر گەورەیە.''