چاوی رووداو - چیرۆکی یاشار کەمال و پیرەمێردێکی کۆچەری

23 February 2024
چاوی رووداو - چیرۆکی یاشار کەمال و پیرەمێردێکی کۆچەری


چیرۆکی یاشار کەمال و پیرەمێردێکی کۆچەری
کاتێک ناوی یەشار کەمال دەهێنی، بەتایبەت لەلایەن خوێنەر و نووسەر و سیاسەتمەدارانی کوردیش ناوێکی ئاشنایە، یەکێکە لە نووسەرە دیار و ناودارەکانی کوردە و لە جیهانیشدا ناسراوە.
یەشار کەمال لە ساڵی 1923 لە گوندی گۆگجەلی لە باکووری کوردستان لەدایکبووە، یەکێک لە شاکارە هەرە ناودارەکانی رۆمانی حەمەدۆکە، کە بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراوە.
سادق گۆگجەلی، برازایەکی یاشار کەمالە و لە زۆربەی سەردانەکان لەگەڵی بووە، ئەو باسی چیرۆکێکی یاشار کەمال دەکات، کە رۆژێک بە لای چەند ماڵێکی کۆچەری لە باکووری کوردستاندا رەتبووەو دواتر گوتوویەتییە برازاکەی با سەردانێکی ئەو ماڵانە بکەین.
سادق دەڵێ :کە چووینە ماڵەکان پیرەمێردێکی تەمەن سەرووی 90 ساڵی لێبوو، منداڵێک پەرتووکێکی بۆ دەخوێندەوە، یاشار کەمال لێی پرسی ئەو پەرتووکە چییە. پیرەمێردەکەش دەڵێ ئەوە کتێبێکی زۆر بە نرخە، رۆمانی حەمەدۆکی یاشار کەمالە، رەنگە تۆ نەزانی یاشار کەمال کێیە، یاشار کەمالیش پێیدەڵێ بابا دەیناسم، من یاشار کەمال.
پیرەمێردەکە کاتێک دڵنیا دەبێتەوە کە ئەوە یاشار کەمالە باوەشی پێدا دەکات و دەڵێ سوپاس بۆ خوا لە کۆتاییەکانی تەمەنیشم بێت جارێک تۆم بینی، هەرچەندە خوێندەواریشم نییە، بەڵام رۆژانە چەند کاژێرێک ئەم منداڵە بۆم دەخوێنێتەوەو منیش گوێی لێدەگرم.
یاشار کەمال لە 28/2/2015 لە تەمەنی 91 ساڵی لە ئیستەنبووڵ کۆچی دوایی کرد.

 

ماڵی دڵدار وریا ئەحمەد بۆ فێربوونی پیانۆ
لە شاری هەولێر هونەرمەندێکی دیاری میوزیکژوەن هەیە کە لە ماڵەکەیدا ئامێری میوزیکی پیانۆی داناوەو گەنج و منداڵی ئەم شارە فێری میوزیکژەنین دەکات.
دڵدار وریا ئەحمەد، دەرچووی کۆلێژی هونەرەجوانەکانی هەولێرە و چەندین ساڵە مامۆستای بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێرە. 
ئەو لەگەڵ هاوژینەکەی کەشێکی پڕ لە خۆشەویستی و میوزیکییان بۆ ئەو کەسانە رەخساندووە کە دەیانەوێ فێری میوزیک بن.
دڵدار کوڕی وریا ئەحمەدی میوزیکژەنی ناوداری کوردە. لە منداڵییەوە لەژێر کاریگەری باوکی فێری میوزیک بووەو دواتر پەیمانگەی هونەرەجونەکان تەواودەکات.
دڵدار وریا ئەحمەد، دەڵێ :بۆشاییەکی فێرکردنی میوزیک هەبوو لە هەولێر، زۆر کەسیش حەسیان بە فێربوونی میوزیک بوو، بەڵام شوێنێک نەبوو لێیەوە فێربن، بۆیە ئەو دەرفەتەم رەخساند و لە ماڵەکەی خۆمدا ئەوانەی حەز بە میوزیک دەکەن فێر دەکەم. هەندێک کەسیش هەیە دەیانەوێ فێربن و من سەردانیان دەکەم.
لە مانگی سێی ساڵی 2023، ماڵی دڵدار بۆ فێرکردنی ئامێری میوزیکی پیانۆ کراوەتەوە. بۆ هەر کۆرسێک نزیکەی 30 قوتابی هەیە.
ئیلکە کچێکی فارسە و لە مانگی 7ی ساڵی 2023 لە شاری نووشەهری ئێران، هاتووەتە هەولێر. ئەو لەگەڵ گەیشتنی بە هەولێر لە خوڵی فێربوونی پیانۆدا بەشداریکردووە.
ئیلکە دەڵێ :زۆرم حەز لە مۆزارت و شۆپانە. دەمەوێت ببمە پیانۆژەنێکی گەورە. ئەوەم بەلاوە زۆر سەرنجڕاکێش بوو کە هەر لە یەکەم وانەوە مامۆستا منی خستە سەر پیانۆ. پێموایە هەر ئەمەیە کە ئەم خولەی جیاواز کردووە. خولێکی زۆر باشە و لێی رازیم. دەمەوێت رۆژێک لە رۆژان وڵاتێک بۆ ژیان هەڵبژێرم و لە کۆنسێرتەکاندا پیانۆ بژەنم. 
فەنەر دەمیرجی، دایکی کچێکی تەمەن 4 ساڵە بەناوی دەنیز. هەموو رۆژێک لەگەڵ کچەکەی دێتە ماڵی مامۆستا دڵدار، دەیەوێ لە منداڵییەوە فێری پیانۆی بکات.
فەنەر دەمیرجی دەڵێ : دایک و باوک ئاواتیان ئەوەیە منداڵەکەیان ببێتە دکتۆر یاخود ئەندازیار، بەڵام ئاواتی من ئەوەیە کچەکەم ببێتە میوزیکژەن. 
یەکێکی دیکە لە فێرخوازەکانی پیانۆ، کچێکی کوردە و لە ئەڵمانیا گەڕاوەتەوە، ئەو رۆژانە لەگەڵ باوکی سەردانی ماڵی مامۆستا دڵدار دەکات بۆ فێربوونی پیانۆ.
مینا سیروان دەڵێ :حەزم دەکرد فێری پیانۆژەنین بم و باوکم منی هێنایە سەر بیرۆکەی فێربوونی پیانۆ. پێکەوە لەگەڵ مامۆستاکەم زۆر راهێنانمان کردووە و هیوادارم بەم نزیکانە بتوانم پیانۆ بژەنم.
دڵدار جگە لە فێرکردنی میوزیک، جەوێکی خۆش بۆ فێرخوازەکان و خانەوادەکانیشیان دروستدەکات، ئەو لەگەڵ خێزانەکەی بە چەرەس و چایی و قاوە پێشوازی لە مێوانەکان دەکەن.

ئاشی ئاوی بۆ دروستکردنی راشی لە زاخۆ

لەسەر چەمی خابوور لە زاخۆ ئاشێکی ئاوی دروستکراوە، کە جۆرە راشییەکی سروشتی بەرهەمدێنێ هەر حەزدەکەی بیخۆی. 
راشییەکە لە کونجی خۆماڵی بەم ئاشە دروستدەکرێت، کە هیچ ماددەیەکی کیمیایی و تەنانەت کارەباشی بۆ بەکار نایەت.
ئەم ئاشە لە گوندی دووکەرێ دروستکراوە، کە کرێکار و خاوەنەکەش خەڵکی گوندەکەن. 
ئەبوو عەلی خاوەنی ئاشەکەیە و دەڵێ :ئەم ئاشە بە ئاو کاردەکات و خۆشترین و بەتامترین راشی بەرهەمدێنین.
تەواوی کونجییەکانی لەم ئاشە دەکرێنە تەحین، بەرهەمی گوندەکانی زاخۆن و لەلایەن جووتیارانی ئەم شارە بەرهەمدەهێنرێن.
محەممەد خدر، وەستای ئاشە ئاوییەکە دەڵێ :بۆ هەر قۆناخێکی بەرهەمهێنانی راشی پێویستمان بە 5 کاژێرە تاوەکو کونجی دەکەینە راشی.
ئەبوو عەلی خاوەنی ئاشەکە دەڵێ : هەر کاژێرێک 20 کیلۆ راشی بەرهەمدێنین. فرۆشی زۆرە و نامێنێتەوە. 6 ساڵە ئەم ئاشە دامەزراوەو ساڵانە 65 تۆن راشی بەرهەمدێنین، کە 45 تۆنی راشییەکە هەناردەی دەرەوە دەکرێت.

دروستکردنی مافووری دەستکرد لە موسڵ

لە کۆندا پێش ئەوەی مەکینەی دروومان پەیدا ببێت، خەڵک بە دار ئامێریان دروستکردبوو بۆ دروستکردنی جلوبەرگ و بەتانی و مافوور و بەرماڵ و زۆر شتی دیکە، بەم ئامێرە دەگوترا جۆڵا.
ئێستاش هەندێک لەم جۆلایانە لە زۆر شوێن ماون و کاریان پێدەکرەت. لە شاری موسڵ، محەممەد عەبدولکەریم تاکە جۆلایە ماوەو تاوەکو ئێستا کار بە ئامێری جۆلادەکات. بەم ئامێرە بەڕە و بەرماڵ و مافووری ناوازە بۆ خەڵک دروستدەکات.
د.محەممەد عەبدولجەبار، دەڵێ :لە کۆندا زۆربەی خەڵکی موسڵ ئەم کارەیان کردووە، چ مەسیحی بن یاخود موسڵمان. ماڵباتی ئێمە لەم کارە زۆر بەناوبانگبوون.
بۆ دروستکردنی یەک بەتانی نزیکەی سێ رۆژی پێدەچێت، چونکە کارێکی زۆر بە وردەکارییە.
ئەم جۆلایە ئامێرێکی زۆر کۆنە، ئەوکات ئامێری درووینی جلوبەرگ نەبوو، بۆیە ئەم ئامێرەیان بۆ رستن و چنین بەکارهێناوە.
د.محەممەد عەبدولجەبار دەڵێ :باشترین سووف بۆ دروستکردنی ئەم بەرهەمانە، خوری مەڕە، کە چەندین بەرهەمی لێدروستدەکرێت.
د.محەممەد عەبدولجەبار دەڵێ :لە ساڵانی پەنجاکان رێکەوتنێک هەبوو لەنێوان ئێمە و کۆمپانیا و کۆگاکانی عێراقی لە بەغدا کە بەرهەمی ئێمە هەموو وەربگرن، ئەوکات داواکاری زۆری لەسەر بوو.
رۆژانە خەڵک سەردانی ئەم شوێنەی محەممەد دەکەن و سەیری بەرهەمەکان دەکەن، هەریەکە و بۆ یادگاری شتێکی کۆن دەکڕێت.