شارباژێڕ.. حاجی حەمید بە شێوازە کۆنەکە زەوییەکانی دەكێڵێت
لە ناوچەی شارباژێڕ، پیاوێکی تەمەن 60 ساڵ بە نێوی حاجی حەمید رەسوول، تاوەکو ئێستا بە شێوازە رەسەن و کۆنەکە خەریکی جوتیارییە. حاجی حەمید بەهۆی ئەوەی زەوییەکانی لە بناری چیا و دۆڵەکاندایە و تراکتۆر پێیان ناگات، بە هاوکاری ئێستر و گوێدرێژەکانی زەوییەکانی دەكێڵێت. ئەو باس لەوە دەکات کە کێڵان بە ئاژەڵ بۆ خاکەکە باشترە و هەمووی ورد ناکات، هەروەها وەک هاوڕێی تەمەنی سەیری ئاژەڵەکانی دەکات و دەڵێت: "گوناهە ئەگەر ئاژەڵت هەبێت و بە باشی خزمەتی نەکەیت." هەرچەندە کارەکەی ماندووبوونێکی زۆری تێدایە، بەڵام ئەو بە خۆشییەوە ئەنجامی دەدات
هەولێر.. پیاوێک ژوورێکی ماڵەکەی کردووەتە مۆزەخانەی کەلوپەلی دەگمەن
حوسێن حاجی قادر، پیاوێکی تەمەن 80 ساڵی دانیشتووی شاری هەولێرە، ماوەی 9 ساڵە خەریکی کۆکردنەوەی کەلوپەلە کۆن و مێژووییەکانە. مام حوسێن ژوورێکی تایبەتی لە ماڵەکەیدا پڕکردووە لە پارچە و گەنجینەی مێژوویی کە مێژووی هەندێکیان بۆ زیاتر لە سەدەیەک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. لە مۆزەخانە بچووکەکەیدا هەموو جۆرە کەلوپەلێکی تێدایە؛ لە سەماوەر، تەلەفۆنی کۆن، تەرازوو، وێنەی مێژوویی تاوەکو گرامافۆن و ئامێرە پزیشکییە کۆنەکان. ئامانجی ئەو لەم کارە، ناساندنی شێوازی ژیانی باوپیرانە بە نەوەی نوێ و پاراستنی ئەو کەلوپەلانەیە کە چیدی لە ژیانی رۆژانەدا بەکارنایەن.
رووباری مۆسکۆڤا؛ دڵە لێدەرەکەی پایتەختی رووسیا بۆ گەشتیاران
رووباری مۆسکۆڤا لە شاری مۆسکۆ، ئێستا بووەتە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین ناوەندە گەشتیارییەکانی جیهان. ئەم رووبارە کە پێشتر تەنیا بۆ گواستنەوەی بار بەکاردەهات، ئێستا رێگەیەکی جیاوازە بۆ بینینی جوانییەکانی مۆسکۆ لەنێو بەلەم و کەشتییە گەشتیارییەکانەوە. گەشتیاران لە رێگەی گەشتە دەریاییەکانەوە دەتوانن کاتدراڵ و کۆشکەکانی کرێملین، کۆشکەکانی سەردەمی ستالین و مۆنۆمێنتە مێژووییەکان ببینن. نرخی بلیت بۆ گەشتێکی لەو شێوەیە لە نێوان 10 بۆ 50 دۆلاردایە و ساڵانە بە هەزاران گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی رووی تێدەکەن بۆ بەسەربردنی کاتێکی رۆمانسی و ئارام.
کولتووری چا خواردنەوە لە چین گرانترین جۆرەکانی چا لەو وڵاتە
چای یەکێکە لە کۆنترین و بەناوبانگترین خواردنەوەکانی جیهان کە مێژووەکەی بۆ 5 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە وڵاتی چین دەگەڕێتەوە. دەگوترێت یەکەمجار پاشایەکی چینی بە رێکەوت لایەنە سوودبەخشەکانی ئەم رووەکەی دۆزیوەتەوە. ئێستا لە چین چەندین جۆری چای وەک؛ رەش، سەوز، سپی و ئۆلۆنگ بەرهەمدێن، کە هەریەکەیان تام و بۆنێکی تایبەتی هەیە. خواردنەوەی چای لە کولتووری چینیدا نیشانەی رێزگرتن و میوانپەروەرییە و رێوڕەسمی تایبەتی بۆ دەکرێت. جۆرێکی دەگمەنی چای بە نێوی "داهۆنگ پاو" هەیە کە نرخی یەک کیلۆی دەگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار، ئەمەش گرنگی و بەهای ئەم خواردنەوەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەسەلمێنێت.
چاوی رووداو ئێوارەی هەموو رۆژانی هەینی کاژێر 18:00 پێشکێش دەکرێت