هەولێر.. پلە غەریبە؛ ژنە دوکاندارێکی ماندوونەناس لە بازاڕی تەیراوە

22 May 2026
هەولێر.. پلە غەریبە؛ ژنە دوکاندارێکی ماندوونەناس لە بازاڕی تەیراوە

هەولێر.. پلە غەریبە؛ ژنە دوکاندارێکی ماندوونەناس لە بازاڕی تەیراوە غەریبە محەممەد عەزیز، کە لەنێو خەڵکیدا بە "پلە غەریبە" ناسراوە، ژنێکی تەمەن 67 ساڵی دانیشتووی شاری هەولێرە. ئەو دوای کۆچی دوایی هاوژینەکەی، ئەرکی بەڕێوەبردنی دوکانەکەیانی گرتووەتە ئەستۆ و لەو رێگەیەوە بژێوی خێزانەکەی دابین دەکات. پلە غەریبە 40 ساڵە دووکاندارە، هەموو رۆژێک دوای نوێژی بەیانی دەچێتە سەر کارەکەی و تاوەکو ئێوارە لە بازاڕی تەیراوە دەمێنێتەوە. ئەو نموونەی ژنێکی خەباتکارە کە سەلماندوویەتی کاسبیکردن رەگەز ناناسێت

پشدەر.. چیرۆکی شوانێکی هۆزانڤان لە پشدەر لە بناری گرد و تەپۆڵکەکانی گوندی نورەدین لە قەزای پشدەر، گەنجێکی تەمەن
22 ساڵ بە نێوی حەیدەر سلێمان، کە بە "حەیدەر بێنەوا" ناسراوە، چیرۆکێکی جیاوازی هەیە. حەیدەر تەنیا شوان نییە، بەڵکو هۆزانڤانەو بە وشە و ئاوازەکانی، مەڕ و ماڵاتەکەی دەلەوەڕێنێت. ئەو قوتابی پۆلی 12ی ئامادەیی بووە، بەڵام بەهۆی دووری گوندەکەیان لە شار و سەرقاڵبوونی بە شوانییەوە، لە خوێندن دابڕاوە. حەیدەر خاوەنی زیاتر لە 150 هۆنراوەیە، بەڵام هیچ کامیانی لەسەر کاغەز نەنووسیوە و هەموویانی لەبەر کردووە. ئەو باس لەوە دەکات کە سروشتی جوانی کوردستان ئیلهامبەخشی بووە و دەڵێت: "هەر کارێک خۆشەویستی تێدا نەبێت، تێیدا سەرکەوتوو نابیت.


هەولێر.. کونسوڵی کۆریای باشوور لە هەولێر سیۆنگچۆل لیم، کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەولێر، دوای سێ ساڵ لە خزمەتکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ماڵئاوایی دەکات. لیم کە تەمەنی 55 ساڵە، لە ماوەی مانەوەیدا لە کوردستان، عاشقی کولتوور و میوانپەروەریی گەلی کورد بووە. ئەو لەماوەی کاردکردنی لە کوردستان، شارەزای کولتووری کوردستان بووە و  گۆرانییەکی بەناوبانگی کوردی بە نێوی "باران بارانە" بە گیتارەکەیەوە دەچڕێت. لیم باس لەوە دەکات ئەوەی لە گەلی کوردی بینیوە بریتین لە: خۆڕاگری، میواندۆستی، پێکەوەژیان و ژیری.  
دەڵێت: "دوو کوڕم هەیە و حەز دەکەم کچی کوردیان بۆ بخوازم چونکە زۆر رێز لە خێزان دەگرن."

چاوی رووداو ئێوارەی هەموو رۆژانی هەینی کاژێر 18:00 پێشکێش دەکرێت.