گەرمیان.. ژنێک 20 ساڵە بە تەنیا لە گوندێکدا دەژیت

02 January 2026
گەرمیان.. ژنێک 20 ساڵە بە تەنیا لە گوندێکدا دەژیت

لە گوندی ئاشتۆکان لە سنووری قەزای کفری، ژنێکی تەمەن 80 ساڵ بە نێوی شووشە حەمەئەمین، چیرۆکێکی جیاوازی لە تێکۆشان و بەرەنگاربوونەوەی ژیان نووسیوەتەوە. شووشەخان کە ماوەی 20 ساڵە بە تەنیا دەژیت، هەموو کاری ناوماڵ و دەرەوە بە تەنیا دەکات؛ لە نۆژەنکردنەوەی دیوارە قوڕینەکان و هێنانی ئاو، تاوەکوو بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەرەکانی. ئەو کە پێشتر شۆفێریی تراکتۆری کردووە و زەوییەکانی کێڵاوە، ئێستاش کۆڵنادات و دەڵێت، "تاوەکوو هێزم هەبێت و کار بکەم، هەست دەکەم زیندووم." خەڵکی گوندەکە وەک سیمبولی هێزی ژن و خۆڕاگری سەیری دەکەن

 

گوندی بۆگد لە کۆیە.. پیاوێک ماڵەکەی کردووەتە مۆزەخانە
لە قەزای کۆیە و لەنێو گوندی بۆگد کە بە خانووە قوڕین و دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی دەناسرێتەوە، خالید سابیر-ی تەمەن 71 ساڵ، گەنجینەیەکی مێژوویی دەوڵەمەندی کۆکردووەتەوە. مام خالید، زیاتر لە 30 ساڵە سەرقاڵی کۆکردنەوەی کەلەپووری کوردەوارییە و یەکێک لە ژوورەکانی ماڵەکەی کردووەتە مۆزەخانەیەکی تایبەت. لە مۆزەخانەکەیدا زیاتر لە 200 پارچە کەلوپەلی کەلەپووری هەن کە مێژووی هەندێکیان بۆ 200 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لەوانە ئامێرەکانی کێڵان، کەلوپەلی ناوماڵ و دیاریی دەگمەن. ئامانجی ئەو لەم کارە پاراستنی ناسنامە و مێژووی باوباپیرانە بۆ نەوەکانی داهاتوو

 

کرمی زالوو؛ چارەسەرێکی سرووشتی لەنێوان زانست و مێژوودا
بەکارهێنانی کرمی زالوو (زەروو) وەک رێگەیەک بۆ چارەسەری نەخۆشی، ئێستا لە هەرێمی کوردستان رووی لە زیادبوون کردووە. د. یاسین بەحرەکەیی، پسپۆڕ لەو بوارە، باس لەوە دەکات کە ئەم زیندەوەرە خاوەنی سیستەمێکی بایۆلۆژیی سەرسوڕهێنەرە و لەکاتی مژینی خوێندا، زیاتر لە 100 مادەی سوودبەخش دەخاتە نێو جەستەی مرۆڤەوە. ئەم شێوازە چارەسەرە بۆ نەخۆشییەکانی وەک رۆماتیزم، شەقیقە، گیرانی دەمار و کێشەکانی پێست بەکاردێت. بەشێک لە نەخۆشەکان دوای بێهیوابوون لە دەرمانی کیمیایی، پەنا بۆ ئەم "کارگەی دەرمانە سرووشتییە" دەبەن و ئەنجامی باشیان بەدەستهێناوە

 

موراد ئەزەر؛ وێنەگر و نووسەری ئەرمەنی
موراد ئەزەر، هونەرمەندێکی ئەرمەنیی خەڵکی باتمانە و ئێستا لە ئیستەنبووڵ نیشتەجێیە، ژیانی خۆی بۆ بەدۆکیۆمێنتکردنی مێژوو و ناسنامەی ئەرمەنییەکانی ئەنادۆڵ تەرخان کردووە. موراد، کە لە دایکێکی کورد و باوکێکی ئەرمەنی لەدایکبووە، لە رێگەی کامێراکەی و نووسینەکانییەوە چیرۆکی ئازار و کۆچی نەتەوەکەی دەگێڕێتەوە. ئەو خاوەنی چەندین کتێبی وێنەیی و فیلمی دۆکیۆمێنتارییە، لەوانە کتێبی "ئەرمەنییەکانی ئیستەنبووڵ" موراد، بڕوای وایە فۆتۆگرافی تەنیا وێنە نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ رێگریکردن لە سڕینەوەی مێژوو و ونبوونی ناسنامە