جووتیارێکی کورد لە دارێک 23 بەری جیاواز بەرهەم دەهێنێت
بەرنامەی ئەم هەفتەیەی چاوی رووداو چوار چیرۆکی جیاواز و پڕ لە داهێنانتان بۆ دەگێڕیتەوە.
لە دەشتی هەریر، بۆ بینینی باخە سەرسوڕهێنەرەکەی دلێر فاتاوەیی کە لەسەر تەنیا دارێک 23 جۆر میوەی جیاوازی کۆکردووەتەوە. پاشان لە بەردەرکی سەرای سلێمانی، چیرۆکی کچە شێوەکارێکی ماتۆڕسوار دەبینن کە شەقامی کردووەتە سەرچاوەی بژێوی و نمایشکردنی هونەرەکەی.
هەروەها لە دەربەندیخانیش وەستایەکی دەستڕەنگین پۆڵا و شاخی ئاژەڵ دەکاتە پارچەیەکی هونەریی ناوازە. لە کۆتاییشدا، گەشتێک بۆ مۆسکۆ و دەرگای ئەو مۆزەخانە نهێنییە دەکەینەوە کە گرانبەهاترین ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانی سەرۆکەکانی رووسیای تێدا پارێزراوە.
ئەندازیارەکەی سروشت؛ دارێک بە 23 تامی جیاواز
لەنێو سێ دۆنم زەویدا لە دەشتی هەریر، دلێر فاتاوەیی خەیاڵێکی مەحاڵی کردووەتە راستی. دلێر تەنیا جووتیارێکی ئاسایی نییە، ئەو توانیویەتی لە رێگەی هونەری لکاندنەوە، دارێک بەرهەم بهێنێت کە 23 جۆر میوەی جیاوازی پێوە بێت؛ لە سێو و خۆخەوە تاوەکو دەگاتە هەرمێ و قەیسی.
دلێر کە داهێنانەکەی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە و بە زانستی سەردەمیانە دەوڵەمەندی کردووە، دەڵێت "سەرەتا بە یەک و دوو جۆر دەستم پێکرد، ئێستا گەیشتوومەتە 20 بۆ 30 جۆر لەسەر یەک دار." ئەم داهێنانەی دلێر تەنیا بۆ جوانی نییە، بەڵکو رێگەیەکە بۆ پاراستنی ئاو و سوودوەرگرتن لە کەمترین رووبەری زەوی. ئێستا باخەکەی ئەو بووەتە قوتابخانەیەک بۆ جووتیارانی ناوچەکە و هەلی کاری بۆ چەندین گەنجی گوندەکەی رەخساندووە.
*******************
بەفرین کچە شێوەکارەکەی سەرای سلێمانی
لە نێو جەنجاڵی و قەرەباڵغیی بەردەرکی سەرای سلێمانی، کچێک بە ماتۆڕە بێدەنگەکەی و رەنگە گەشەکانی، سەرنجی رێبواران رادەکێشێت. بەفرین خوێندکاری بەشی شێوەکارییە و شەقامەکانی کردووەتە پێشانگایەکی کراوە بۆ کارەکانی. ئەو نەک هەر وێنە دەکێشێت، بەڵکو لە رێگەی هونەرەکەیەوە خەرجیی خوێندنەکەشی دابین دەکات.
چیرۆکی بەفرین لە سەردەمی منداڵییەوە دەست پێدەکات، کاتێک مامۆستاکەی وێنەیەکی دەدڕێنێت، بەڵام ئەو بڕیار دەدات کۆڵ نەدات. ئێستا ئەو لە رێگەی ئینستاگرامەوە داواکاریی کڕیاران وەردەگرێت و لەسەر شەقام بە فڵچە و رەنگەکانی دەیاننەخشێنێت. بەفرین نموونەی کچێکی کۆڵنەدەرە کە دەیەوێت بە هونەرەکەی، هەم بژێوی ژیانی دابین بکات و هەمیش رەنگ بداتە سیمای شارەکەی.
****************
وەستا هێمن ئەو پیاوەی پۆڵا و شاخ دەکاتە هونەر
لە قەزای دەربەندیخان، چەقۆ تەنیا ئامرازێک نییە بۆ بڕین، بەڵکو لای هێمن باقی پارچەیەکە لە هونەر. هێمن کە ماوەی دە ساڵە خەریکی ئەم پیشەیەیە، لە رێگەی ئینتەرنێتەوە فێری وردەکارییەکانی بووە و ئێستا ناوبانگی بۆ دوور و نزیک رۆیشتووە. ئەو چەقۆکانی لە شاخی ئاژەڵ و پۆڵای جۆراوجۆر دروست دەکات، بەتایبەت پۆڵای دیمەشقی کە بە یەکێک لە گرانبەهاترین جۆرەکان دادەنرێت.
هێمن دەڵێت "ئێمە لێرە بە هونەری دەست، ئاسن و شاخ دەکەینە پارە و بەرهەمی ناوازە." کڕیارانی ئەو تەنیا قەسابی و چێشتخانەکان نین، بەڵکو زۆرن ئەو کەسانەی بۆ جوانی و وەک دیاریی تایبەت داوای چەقۆی بۆ هەڵکۆڵراو بە ناوی خۆیانەوە دەکەن. کارەکەی هێمن تێکەڵەیەکە لە هێز و وردەکاریی هونەری.
********************
مۆزەخانەی مۆسکۆ مێژووی سیاسی لەسەر چوار چرخە
لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، مۆزەخانەیەک هەیە کە چیرۆکی دەسەڵات و مێژووی ئەو وڵاتە لە رێگەی ئۆتۆمبێلەکانەوە دەگێڕێتەوە. لە ئۆتۆمبێلە سادەکانی سەردەمی"نیکۆڵای دووەمەوە تاوەکو ئاوروسێناتە حەفت تۆنییەکەی ڤلادیمێر پووتن. ئەم مۆزەخانەیە تەنیا گەراجێکی ئۆتۆمبێل نییە، بەڵکو گەشتێکی سیاسییە بە نێو مێژووی رووسیا و یەکێتیی سۆڤیەتدا.
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین پارچەکان، ئەو ئۆتۆمبێلە ئەمەریکییەیە کە رۆزڤێڵت بە دیاری دابوویە ستالین. لێرە دەبینین چۆن پیشەسازیی ئۆتۆمبێل شانبەشانی ململانێ سیاسییەکان گەشەی کردووە. لە زیل و چایکە ناسراوەکانی سۆڤیەتەوە بۆ زرێپۆشە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆ، هەریەک لەم ئۆتۆمبێلانە شاهیدی بڕیارە گرنگەکانی کرێملین و مێژووی جیهان بوون.
چاوی رووداو ئێوارەی هەموو رۆژانی هەینی کاژێر 18:00 پێشکێش دەکرێت