ئۆرکێسترای کەنارە و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا

25 April 2025
ئۆرکێسترای کەنارە و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا
ئۆرکسترای کەنارە دەنگی میوزیک بۆ ئاشتی

ئۆرکسترای کەنارە، کە لە ساڵی 2014 لە قەزای حەمدانییە دامەزراوە، میراتێکی گرنگی مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا بەرجەستە دەکات لە ڕێگەی میوزیکەوە. ئەم گروپە هونەرییە لە 65 ئەندام پێکهاتووە کە زۆربەیان گەنجی کریستیانن لە قەرەقوش، بەرتلە و موسڵ.

قەشە دۆریت بەربەر، بەڕێوەبەری ئۆرکسترا، باس لەوە دەکات کە گروپەکە لە کاتی ئاوارەیی دوای هێرشی داعش دامەزراوە. وەک دەڵێت: "لە جیاتی ئەوەی مرۆڤ چەک هەڵبگرێت، بڕیارماندا ئامێری میوزیک هەڵبگرن." ئەگەرچی لە 2014 دەستی پێکرد، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی لە 2017 دامەزرا و یەکەم کۆنسێرتی لە 2019 پێشکەشکرد.

ئەم ئۆرکسترایە گرنگییەکی تایبەت بە پاراستنی میراتی کەلتووری مەسیحییەکان دەدات و بە چەندین زمان سروود و گۆرانی پێشکەش دەکات، لەوانە: سریانی، ئارامی، کلدانی، ئاشووری، عەرەبی و کوردی. ئامێرە میوزیکییەکانیش جۆراوجۆرن، وەک کەمان، گیتار، ڤیۆلا، چەلۆ و ئامێرە کوتراوەکان.

حیبە عەبدولباری، ژنە ئەندامێکی ئۆرکستراکەیە دەڵێ "میوزیک ئاشتییە، ڕۆڵی ژن و کچ لە ئۆرکسترادا زۆر زۆر پێویستە، ئەوان شتێکی جوان پێشکێش دەکەن." ئۆرکسترای کەنارە سنووری عێراق و هەرێمی کوردستانی تێپەڕاندووە و کۆنسێرتی لە چەندین وڵاتی ئەوروپا پێشکەشکردووە، وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا.

فادی نوئێل عەزۆ، کە لە ئوستراڵیاوە گەڕاوەتەوە بۆ بەشداریکردن وەک گوێگر، دەڵێت: "لە ڕێگەی ئەم ئۆکسترایەوە ئەمڕۆ هەموو یادەوەرییەکانی ساڵانی پێشوو، لە ماوەی ئاوارەیی و سەختییەکانی ژیاندا گەڕاندەوە."

ئۆرکسترای کەنارە لە کەنیسەی تاهیرەی گەورە لە قەرەقوش، کە یەکێکە لە گەورەترین کەنیسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەردەوامە لە پێشکەشکردنی بەرهەمە هونەرییەکانی. پەیامی سەرەکی ئەم گروپە هونەرییە بڵاوکردنەوەی ئاشتی و ناساندنی میراتی کەلتووری کریستیانەکانی عێراقە بە جیهان، لە رێگەی زمانی میوزیک کە هەموو سنوورەکان تێدەپەڕێنێت.

 

وەرزشوانانی کوردی گورجستان ئاڵای کوردستان بەرزدەکەنەوە

گورجستان، وڵاتێکی بچووکە لە باشووری قەفقاس و نزیکەی 30-35 هەزار کوردی ئێزیدی و کریستیانی لێ دەژین. لە ناو دیاسپۆرای کوردی گورجستان هەر لە سەردەمی سۆڤیێتەوە، چەندین رۆشنبیر و هونەرمەندی ناودار دەرکەوتوون.

جگە لەوان، کوردی گورجستان لە بواری وەرزشیشدا هەر لە پێشەوە بوون. لە نێویاندا بە دەیان وەرزشوان گەیشتوونەتە ئاستی هەرە بەرز.

داڤید فێرۆیی و دانیێل فێرۆیی دوو ئامۆزان، لە تەمەنی 10 ساڵییەوە دەستیان بە وەرزشی کیک بۆکسێن کردووە. داڤید چەندین جار نازناوی پاڵەوانی گورجستان، ئەوروپا و جیهانی وەرگرتووە، دانیێلیش چەندجارێک بووەتە پاڵەوانی گورجستان، و خەڵاتی دووەمی پاڵەوانێتی جیهانی وەرگرتووە. ساڵی 2019 داڤید بووە پاڵەوانی جیهان، و دانیێلیش پلەی دووەمی بەدەست هێنا."

ساڵح مەلا رەشید و کتێبخانە دێرینەکەی

ساڵح مەلا رەشید، مامۆستای خانەنشینی زانکۆ کە تەمەنی 90 ساڵە، خاوەنی یەکێک لە گەورەترین کتێبخانە تایبەتییەکانی هەولێرە. ئەو سەرباری لاوازبوونی چاوەکانی، رۆژانە چەند کاژێرێک دەخوێنێتەوە و هاوڕێیەتی کتێبەکانی دەکات.

کتێبخانەکەی کە بە هەزاران کتێبی تێدایە، لە هەموو ژوور و ڕێڕەوەکانی ماڵەکەی بڵاوبووەتەوە. بەشێکی گرنگی کتێبخانەکەی، ئەو 20 کتێبە ئاینی، فەلسەفی و ئەدەبییانەن کە لە باوکییەوە بۆی ماونەتەوە، کە تەمەنیان لە نێوان 100 بۆ 150 ساڵ دەبێت و پێویستیان بە چاودێری تایبەت هەیە.

مامۆستا ساڵح ساڵی 1968 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی ئەزهەری میسڕ بەدەستهێناوە و ساڵی 1973 بڕوانامەی ماستەری لە زمان و ئەدەبی عەرەبی وەرگرتووە. لە ساڵی 1982 تاوەکو 2005 مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین بووە.

کتێبخانەکەی مامۆستا ساڵح بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ توێژینەوەکانی خوێندکارانی زانکۆ و ئەو کەسانەی کار لەسەر بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا دەکەن.

بنەماڵەی مامۆستا ساڵح لە بنەچەدا خەڵکی موکریانن و باوکی لە دەیەی دووەمی سەدەی بیستەم، لە سەروبەندی جەنگی جیهانی یەکەمدا، لە گوندی قاراوای سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووەتە هەولێر.

ساڵح مەلا رەشید ساڵی 1973 ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و باوکی دوو کوڕ و چوار کچە و 11 نەوەی هەیە.