بەڵگەفیلمی دەرهێنەرێکی کورد لە موسڵ و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا
چیرۆکی ئیدریس لە کۆنەفرۆشییەوە بۆ گۆرانی گوتن
لە کۆڵانەکانی ناحیەی سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دەنگێکی بوڵبوڵ ئاسا، لەدوای عارەبانەیەکی دەستی کرێکارێک بەرز دەبێتەوە. ئەم دەنگە خەم و شادی خەڵکی ناوچەکە دەگێڕێتەوە.
ئەمە دەنگی ئیدریس حوسێنزادەیە، کەسێکی دەنگخۆشە و تەمەنی 37 ساڵە، هەموو رۆژێک کاری کڕین و فرۆشتنی پێداویستی کۆنە دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا بە دەنگەکەی دڵی خەڵکی خۆش دەکات.
ئیدریس ئەو یادەوەرییانە دەگێڕێتەوە، کە منداڵ بووە مامۆستاکانی هانیان داوە بۆ ئەوەی باش بخوێنێت و داهاتوویەکی باشی هەبێت، بەڵام ئەو بەردەوام گوتوویەتی دەمەوێت فێرە گۆرانی بم.
کاری سەرەکی ئیدریس کۆنەفرۆشییە، لەگەڵ ئەوەشدا خەونی گەورەی هەیە. هاندانی خەڵکی ناوچەکە و بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکانی خۆئی زۆری پێدەبەخشێت.
ئیدریس هیوادارە بتوانێت لەسەر کارەکەی بەردەوامبێت و لە ئاستێکی بەرزتردا خزمەت بە هونەر بکات بۆ دڵخۆشکردنی خەڵک.
چیرۆکی ئیدریس، چیرۆکی ئەو کەسانەیە کە ئارامیی خانەوادەیان لە شکۆمەندی و ناوبانگ گرنگترە، بەڵام خەونەکانیشیان نامرن.
ئەو لەنێوان واقیعی ژیانی و خەون و ئارەزووەکانیدا هاوسەنگییەکی دروستکردووە کە هەردووکیان لە یەک کەسی ماندوودا کۆکردووەتەوە.
دەرهێنەرێکی کورد بەڵگەفیلمێک لە موسڵ بەرهەمدەهێنێت
لەسەر دەرگای ماڵێک، لە گەڕەکی مەیدانی موسڵی کۆن، وێنەی دوو شێر هەیە. ئەم شێرانە بەردەوام خەونی گەڕانەوەیان بینیوە.
گەڕانەوە بۆ ڕۆژانێک کە شارەکەیان شاهیدی جەنگ و وێرانی نەبووە. دەرهێنەرێکی کورد ئەم چیرۆکەی کردووەتە بەڵگەفیلمێک، بەناوی شێرەکان لەسەر رووباری دیجلە.
زەردەشت ئەحمەد، دەرچووی بەشی تەلەفزیۆن و سینەمایە لە زانکۆی ستاڤەنگەر لە نەرویج. سی ساڵە لە نەرویج دەژی، چوار ساڵە کاری دەرهێنانی بۆ ئەم بەڵگە فیلمە کردووە.
بۆ یەکەمجار فیلمەکە لە فێستیڤاڵێک لە دانیمارک پێشکەشکراوە، بەهۆی بەرزی کوالێتی فیلمەکە، بۆ چەندین فێستیڤاڵی دیکەش بانگهێشت کراوە.
کارەکتەری سەرەکی بەڵگەفیلمەکە، کەسانی هەژاری ناو شاری موسڵن. بەشار یەکێکە لە ئەکتەرەکان و کەسێکی هەژاری شارەکەیە. ئەو چەندین نەخۆشی هەیە و لە رووی داراییەوە ژیانی زۆر خراپە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە هیواوە دەژی بۆ ئاوەدانکردنەوەی موسڵ.
بەشار محەممەد، ئەکتەری سەرەکی بەڵگەفیلمەکە دەڵێ ''زۆردایمان بەرامبەر دەکرا، لزۆرداری ئەوەیە کە ئێمە ناچارکراوین و هەر دەمێنینەوە، نە دەتوانین خۆمان راست بکەینەوە و نە رێگە دەدەین راست بکرێینەوە. مەبەست لە زۆرداری ئەوەیە کە رێگری تێدایە. نە مووچە هەیە، نە چاودێری، نە یارمەتی. بڕوانە دەستم چۆنە. شەکرەم هەیە و نەخۆشی دەروونیم هەیە، واتە تەندروستیم باش نییە. دەمەوێت خانووەکەم ئاوەدان بکەمەوە و تێیدا دابنیشم، بەس ناتوانم، دەمەوێت خانوەکەم وەکو خۆی لێبێتەوە. بەڵام کرێی خانوو زۆر گرانە، بەخوا زۆر گرانە، من و دوو کوڕەکەم پێکەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی کرێی خانوو دەربکەین. نەخۆشیم هەیە و ناتوانم کار بکەم، هەموو بارگرانییەکە لەسەر شانی کوڕەکەمە''.
سەفا ئیلیاس هاوژینی بەشار محەممەدە. کارەکتەری دووەمی بەڵگە فیلمەکەیە، ئەو سەرەتا رازینەبووە لە بەردەم کامێرا دەربکەوێ، زۆر شوێن گەڕاوە، بۆ ئەوەی کەسێک خانووەکەیان بۆ نۆژەن بکاتەوە، بەڵام دوای ئەوەی بێهیوا دەبێت لە هاوکاری خێرخوازان بەشداری لە بەڵگە فیلمەکە دەکات، بەهیوای ئەوەی خانووەکەی بۆ نۆژەن بکەنەوە.
سەفا ئیلیاس، ئەکتەری سەرەکی بەڵگەفیلمەکە دەڵێ ''ئێمە هیوادارین کەسانێک هەبن یارمەتیمان بدەن، خێرخوازانێک هەبن کە دڵیان بە ئێمە بسوێت و هاوکاریمان بکەن. ئێستا لە خانوویەکی بچووکی کرێدا دەژین، منداڵەکانم لەگەڵدان و بە زەحمەت بژێوی ژیانمان دابیندەکەین و کرێی خانوو دەدەین. پێشتر لە ماڵی باوکم دەژیاین، لەناو خێزاندا، تەنانەت خانووی خۆمان نەبوو. سوێند بە خودا، چوار ساڵە بەردەوام ماندووین. هەر کەسێک دێت و وێنەمان دەگرێت، دەڵێت هیچ نییە، خۆڕاگر بن، خۆڕاگر بن، بەڵام هیچ شتێک ناگۆڕێت. هیوادارین کەسێک قەرەبوومان بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر پارچە زەوییەکیش بێت بە دڵی خۆمان بینا بکەین، یان بڕێک پارەمان بداتێ و ژیانمان ئاسانتر بکات''.
دەرهێنەر هیوادارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بتوانێت فیلمەکە لە موسڵدا نمایشبکات، بۆ ئەوەی خەڵکی شارەکە چیرۆکی خۆیان لەسەر شاشە ببینن.
ئەم فیلمە تەنyا دۆکیومێنتێک نییە، بەڵکو دەنگێکە کە لە دڵی بێدەنگییەوە هەڵدەستێت. دەنگی ئەو کەسانەیە کە جیهان لەبیری کردوون، دەنگی ئەو شارەیە کە هەوڵدەدات لە دڵی وێرانیدا ژیان بەردەوام بهێڵێتەوە.
"شێرەکان لەسەر ڕووباری دجلە" چیرۆکی گەڕانەوەیەکە. گەڕانەوەی هیوا، گەڕانەوەی ژیان بۆ شارێک کە شایانی باشتر بووە.
عەلی کەریمی 450 ماتۆڕی سێتایەی لە گوندێکی شاری سەقز دروستکردووە
لە شاری دیرینی سەقز، لە نێوان کێوە بەرزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چیرۆکێکی نایاب هەیە. چیرۆکی پیاوێک کە بە دەستی خۆی رێگەیەکی نوێی بۆ بژیوی ژیانی خۆی و خەڵکی ناوچەکەی دروستکردووە.
ئەم پیاوە علی کریمییە، لە ساڵی 1957 لە گوندی مەڕانی گەورە لەدایکبووە. لە تەمەنی 24 ساڵی دەستی بە دروستکردنی ماتۆڕی سێتایە کردووە بۆ ئاسانکردنی کاروباری خەڵکی گوندەکەی.
خەڵکی گوندەکانی رۆژهەڵات توانای کڕینی ئۆتۆمبێلی گەورەیان نەبوو، بۆیە عەلی کەریمی بیری لە کارێک کردەوە، کە بەکارهێنانی ئاسان بێت و کڕینی هەرزان بێت، لە هەمان کاتیشدا توانای زۆری هەبێت.
عەلی کەریمی لە یەکەم رۆژی دەستبەکارکردنی تاوەکو ئێستا نزیکەی 450 ماتۆڕی سێتایەی دروستکردووە، هەموویانی بە نرخێکی هەرزان داوەتە خەڵک و کرێکاری گوندەکانی دەوروبەری سەقز.
ئەمەش وایکردووە خەڵکی گوندەکان کاروبارەکانی ژیانیان بە ئاسانی بەڕێبکەن و هەروەها بژێوی ژیانیان پێ دابین بکەن.
علی کریمی نیشانیدا کە داهێنان سنووری نییە. لە بیرۆکەیەکەوە تاوەکو دروستکردن، لە ماتۆڕی سێتایەوە تاوەکو گۆڕینی ژیانی هەزاران کەس. ئەمە چیرۆکی علی کریمی، داهێنەری کوردە لە شاری سەقز.
تیپی تۆپی پێی نڤیشکانەکانی سلێمانی
لە شاری سلێمانی، تیپێکی تایبەت بە تۆپی پێ دامەزراوە کە تەواوی ئەندامانی ئەندامێکی جەستەیان لەدەستداوە. تیپی "رۆژ" ناوی وەرگرتووە و وەک نموونەیەکی سەرنجڕاکێش لە سەرکەوتن و کۆڵنەدان دەبینرێت.
تیپەکە لە کۆی 40 یاری نزیکەی 35 یاری بردۆتەوە، کە ئەمەش بەدەستهێنانێکی نایابە بۆ تیپێک کە تەواوی یاریزانەکانی کەمئەندامن.
تاهیر محەممەد، گۆڵپارێزی سەرەکی تیپەکە، لەساڵی 1996 بەهۆی مینەوە قاچێکی لەدەستداوە، بەڵام ئێستا وەک نموونەی کۆڵنەدان دەبینرێت. مەریوان جەبار، بەرگریکاری تیپەکە، دەڵێت هەریەکە لە یاریزانەکان چیرۆکێکی جیاوازی لەدەستدانی ئەندامی جەستەی هەیە.
سەربەست نووری، راهێنەری تیپەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە بە 10 یاریزانەوە هەفتانە راهێنان دەکەن. یاریکردن بە چاوێک یان قاچێک یان دەستێکەوە ئاسان نییە، بەڵام لەدەستنەدانی هیوا و خۆشەویستییان بۆ تۆپی پێ بووەتە هۆکاری سەرکەوتنیان.
لە دوایین یارییاندا، تیپی رۆژ سێ بەیەک لە سلێمانی لە تیپی حکومەتییان بردەوە. ئەژی عەبدولقادر، هێرشبەری تیپی حکومەت کە یەکەم گۆڵی کردووە، دانی پێدا ناوە کە ئەو گۆڵەش ئاسان نەبووە.
یانەی وەرزشی رۆژ لەساڵی 2017 تیپەکەی دامەزراندووە و رێکخراوی ڕوحی تۆپی پێی نێودەوڵەتی پاڵپشتی سەرەکی تیپەکەیە. ئەم تیپە بووەتە قوتابخانەیەک بۆ فێربوونی کۆڵنەدان و سەلماندنی ئەوەی کە کەمئەندامی کۆسپ نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە هاندەر بۆ سەرکەوتن.