کتێبخانەی کەشتی نووح و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا
کەشتیی نووح؛ پیاوێک 45 ساڵە گەنجینەی کتێبی کۆن لە سلێمانی دەپارێزێت
لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سلێمانی، کتێبخانەی "کەشتیی نووح" بووەتە شوێنێکی دیار بۆ خوێنەران و رۆشنبیران. حەسەن محەممەد، خاوەنی کتێبخانەکە، ماوەی زیاتر لە 45 ساڵە بەردەوامە لە کارەکەی و گەنجینەیەکی بەنرخی لە زیاتر لە 30 هەزار ناونیشانی کتێب کۆکردووەتەوە، کە هەندێکیان مێژووی چاپکردنیان بۆ ساڵی 1900 دەگەڕێتەوە.
حەسەن محەممەد، باس لە سەرەتای کارەکەی دەکات و دەڵێت، "یەکەمجار ساڵی 1979 بوو، چەند کتێبێکی خۆمم بە کۆڵ بردە بانە و لەوێ فرۆشتم." دواتر لە ساڵی 1983 یەکەم کتێبخانەی خۆی لە نزیک مزگەوتی گەورەی سلێمانی داناوە و لە ساڵی 2011ـەوە لە شوێنی ئێستای بەردەوامە.
کتێبخانەکەی حەسەن محەممەد جیاوازە، چونکە هەموو جۆرە کتێبێکی تێدایە؛ لە فەلسەفە و دەروونناسییەوە تاوەکو مێژوو و کتێبی ئایینی و فیکریی جۆراوجۆر. ئەو پێیوایە، "مادەم کۆمەڵگە هەموو جۆرێکە و خەڵک هەموو جۆرێک بیردەکاتەوە، منیش دەبێت بەو جۆرە کتێب بفرۆشم."
کارەکەی حەسەن محەممەد زیاتر لە خولیاوە سەرچاوەی گرتووە نەک بازرگانی. ئەو دەڵێت، رۆژانە نزیکەی 80 هەزار دینار خەرجیی هەیە، بەڵام داهاتەکەی ناگاتە ئەو بڕە و منداڵەکانی هاوکاری دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، دڵخۆشیی ئەو کاتێکە کەسێک دوای گەڕانێکی زۆر، کتێبێکی دەگمەنی لای ئەو دەستدەکەوێت.
رەسوڵ حوسێن، نووسەر، کتێبخانەکە بە "کەشتیی نووح" ناودەبات، چونکە "هەموو جۆرێکی تێدایە." ئەو پێی وایە بوونی ئەم شوێنە نیشانەی رۆشنبیریی شارەکەیە و دەڵێت، "نەک تەنیا ئەم شارە، بەڵکو شێخ و مەلا و زاناکانیش قەرزاری مامۆستا حەسەن و ئەم کتێبخانەیەن."
سەبارەت بە داهاتووی کتێبخانەکە، حەسەن محەممەد هیوادارە دوای خۆیشی بەردەوام بێت و دەڵێت، "بە منداڵەکانمم گوتووە هەرچۆنێک بێت کتێبخانەکە مەفەوتێنن، چونکە جوانییەکە بۆتان."
هەڵۆی کوردستان، براندێکی جیهانی ماکێتی ئۆتۆمبێل
لە گوندێکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، گەنجێک بە ناوی ئەیووب حوسێنی، خەونی منداڵیی خۆی کردووەتە براندێکی جیهانی. ئەیووب، بە دەستە بەهرەمەندەکانی ماکێتی ورد و سەرنجڕاکێشی ئۆتۆمبێل لە دار دروست دەکات و کارەکانی سنووری ئێرانیان بڕیوە و گەیشتوونەتە ئەورووپا و ئەمریکا.
ئەیووب حوسێنی، ماکێتەکانی لە ژوورێکی سادەی گوندەکەیاندا دروست دەکات. ئەو بە زۆری داری گوێز و تووسکا بەکاردەهێنێت و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت دارەکە بە تەواوی وشک بێت بۆ ئەوەی کوالێتیی کارەکەی بپارێزرێت. ئەو گەنجە بەهرەمەندە ماوەی نزیکەی 12 ساڵە بە شێوەیەکی پیشەگەرانە ئەم کارە دەکات.
ئەیووب دەڵێت: "هەر لە منداڵییەوە حەزم لە دروستکردنی شت بوو. سەرەتا شتی سادەم دروست دەکرد، دواتر کە حەزم چووە سەر ئۆتۆمبێل، دەستم بە دروستکردنی ماکێتەکانیان کرد و وردە وردە کارەکانم پەرەپێدا."
براندەکەی ناوی "هەڵۆی کوردستان"ـە. لە سەرەتادا ویستوویەتی ناوی بنێت "کوردستان تۆیۆتا"، بەڵام دواتر بیری کردووەتەوە کە ئەو تەنیا ماکێتی تۆیۆتا دروست ناکات، بۆیە دوای راوێژ لەگەڵ کەسوکار و هاوڕێیانی، ناوی "هەڵۆی کوردستان"ـی هەڵبژاردووە.
چیرۆکی ئەیووب حوسێنی نموونەیەکە کە چۆن خەونە گەورەکان دەتوانن لە ژوورێکی بچووکەوە دەست پێبکەن و سنوورەکان ببڕن و بگەنە هەموو جیهان.
کچێکی دیزاینەر لە موسڵ بە هونەرەکەی ئاهەنگەکان دەڕازێنێتەوە
لە شاری موسڵ، مێرنا محەممەد، کچە دیزاینەرێکی تەمەن 23 ساڵ، بەهرەکەی لە بواری رازاندنەوەدا بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی جوانی ببەخشێتە بۆنە و ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری. مێرنا، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانە، لەگەڵ جاسم محەممەدی برای، پڕۆژەیەکیان دەستپێکردووە و پێکەوە کاردەکەن بۆ رازاندنەوەی ئاهەنگەکانی مارەبڕین و دەستگیرانی.
مێرنا محەممەد، دەڵێت، "ئەوەی وای لێکردم بێمە ناو ئەم بوارە، خۆشەویستیم بوو بۆ هونەر. ویستم ئەو ئەزموون و شتانەی لە پەیمانگە فێری بووم، لە کارێکدا بەکاری بهێنم کە کچانی دیکەی پێ دڵخۆش بکەم." ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە کارەکەیان قورسیی تێدایە، بەڵام بە پشتیوانیی خێزانەکەی توانیویەتی بەردەوام بێت.
جاسم محەممەد، برای مێرنا، بە گەورەترین پاڵپشتی خوشکەکەی دادەنرێت و دەڵێت، "مێرنا وەک نیوەی دووەمی ژیانم وایە. هەمیشە لە هەموو شتێکدا لەگەڵیدام، چونکە کارەکانمان بۆ کۆمەڵگە و شاری موسڵ گونجاون."
مێرنا و جاسم، بە کارە هونەرییەکەیان نەک هەر بۆنەکان دەڕازێننەوە، بەڵکو بوونەتە نموونەیەکیش بۆ گەنجانی دیکە کە بە پشتگیریکردنی یەکدی دەتوانن رووبەڕووی ئاستەنگەکان ببنەوە و سەرکەوتن بەدەستبهێنن. مێرنا هیواخوازە لە داهاتوودا پڕۆژەکەی گەورەتر بکات و بگاتە ئاواتەکانی لە بوارە جیاوازەکانی هونەردا.
بهشی بكه لە