مشکە سوورەکانی ئامەد و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا

10 October 2025
مشکە سوورەکانی ئامەد و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا
لە کۆیە زیاتر لە 400 شوێنەواری مێژوویی هەن

شاری کۆیە، گەنجینەیەکی شوێنەواریی دەوڵەمەندە لە هەرێمی کوردستان، کە بەپێی بەدواداچوونەکان، زیاتر لە 400 ناوچەی مێژوویی و کەلەپووری لەخۆدەگرێت.

ئەم میراتە شارستانییە، کە گرد و قەڵا و ئەشکەوت و پەرستگە جیاوازەکان دەگرێتەوە، بەڵگەی قووڵی مێژووی ناوچەکەن.

لەناو ئەم شوێنەوارە گرنگانەدا، قەیسەریان، کە بینایەکی ناوازەی سەدەی 19یە و بە شێوازی گومەزیی دروستکراوە، لەم دواییانەدا کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ کراوە. ئەم هەوڵانە جەخت لە گرنگی پاراستنی ناسنامە و کلتووری کۆیە دەکەنەوە.

شوێنەواری قەیسەریان، دەکەوێتە گوندی قەیسەریان لە ڕۆژهەڵاتی شاری کۆیە  بە دووری نزیکەی 8 کیلۆمەتر. بیناکە بریتییە لە هۆڵێکی شێوە لاکێشەیی، کە درێژییەکەی 16 مەتر و پانییەکەی 5 مەترە لە. دیوارەکانی لە بەرد و گەچ دروستکراون و سەقفەکەی بە شێوەی گومەزی بازنەیی بەبێ بەکارهێنانی هیچ دارێک دروستکراوە،

بەپێی بەدواداچوونەکانی فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە، مێژووی دروستکردنی خانەکە دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ساڵانی 1840 بۆ 1844. کە بۆ خەزنکردنی کا و قەسەڵ و خۆراکی ئاژەڵ بۆ وەرزی زستان و پاییز بەکارهێنراوە.


مشکی سوور بوونەتە میوانی هەمیشەیی گوندێکی ئامەد

لەسەر کەناری ڕووباری دیجلە، لە نزیک گوندی هۆلا لە ئامەد، ژمارەیەکی زۆر مشکی سەر دەردەکەون، کە بە زمانی ناوچەکە پێی دەڵێن "جردۆخەزال" ساڵانێکە ئەم ئاژەڵە شیرینانە بوونەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووانی گوندەکە و هیچ زیانێکیشیان نییە.

هەموو ڕۆژێک لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی ئاوابوونی خۆر، سەدان مشکی سوور لە کونەکانیان دەردەچن و تاوەکو تاریک دادێت، بە کۆمەڵ یاری دەکەن. ئەم دیمەنە ڕۆژانە لە وەرزەکانی بەهار، هاوین و پاییزدا هەیە و نزیکەی دوو کاژێر پێش ئاوابوونی خۆر دەست پێدەکات.

شاکیر ئۆزتورک، یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە، دەڵێت: "ئەم مشکانە لای ئێمە زۆرن. وەک سمۆرە وان، ئاژەڵێکی زۆر خۆشەویستن. لە مرۆڤ ناترسن و دێن لەبەردەممان یاری دەکەن."

ئەم مشکە سوورانە لەسەر رووبەری زیاتر لە 200 دۆنم زەوی، هەزاران کونیان لێداوەو کردوویانەتە ژینگەی هەمیشەیی خۆیان.

 

شێوەکار شێروان کەرکووکی؛ شێوەکاری ناوداری کورد لە ئەڵمانیا

باوکی کۆییە، دایکی رواندزییە، هاوژینەکەشی هەڵەبجەییە، بەلام خۆی بە شێروان کەرکووکی ناسراوە. چونکە لە کەرکووک لەدایکبووە.

شێروان کەرکووکی، شێوەکارێکی دیاری کوردە لە ئەڵمانیا. لە ساڵی 1963 لە گەڕەکی شاتەرلۆی کەرکووک لەدایکبووە و هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەری هەبووە. زیاتر لە 30 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی.

شێروان لە شێوەکاریدا زیاتر سەرنجی لەسەر ڕێبازی ڕیالیزمە، بەڵام لە قوتابخانەکانی دیکەش کە پێویستیان بە وردەکاری زیاترە، بەرهەمی نایابی دروستکردوون. پێش کۆچکردنی، شێروان ئەزموونێکی هونەری لەگەڵ ئیبراهیم تاتڵیسس، گۆرانیبێژی ناسراوی تورکیا هەبووە.

شێروان کەرکووکی، لە هۆڵەندا خوێندنی هونەری تەواو کردووە، ڕەخنەی لە هونەری نوێ و مۆدێرن و پۆست مۆدێرنیزم هەیە. بە بڕوای ئەو، ئەو کارانەی بە ئامێری دروست دەکرێن، نابێی پێیان بڵێین هونەر، چونکە ناتوانن هەستە جیاواز و ئاڵۆزەکانی مرۆڤی سەدەی 21 دەرببڕن.

شێروان لە هۆڵەندا هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێکی هەڵەبجەیی کردووە، بەڵام بە ماڵئاواییکردنی هاوژینەکەی، دڵی سارد بووەتەوە و ئێستا تەنیایی داگیری کردووە.

ئاواتی ئەوەیە بگەڕێتەوە کوردستان و وانەی هونەر بە منداڵانی کورد بڵێتەوە.