ئاوێکی ''شیفابەخش'' و چەند فیچەرێکی دیکە لە چوی رووداودا
سەدان کەس بۆ "ئاوی شیفا" روو لە گوندێکی ئاکرێ دەکەن
لە گوندی کۆلەکا لە سنووری قەزای ئاکرێ، بیرێکی ئاو بووەتە هۆی ئەوەی هەفتانە سەدان کەس لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانەوە رووی تێبکەن، بەو باوەڕەی ئاوەکەی چارەسەرە بۆ نەخۆشییەکانی گورچیلە. لە بەرامبەردا، بەرپرسانی حکومی و پزیشکانی پسپۆڕ جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئاوەکە ئاساییە و هیچ بەڵگەیەکی زانستی لەسەر کاریگەرییە شیفابەخشەکەی نییە.
سەردانکەرانی بیرەکە، کە بەشێکیان رێگەی دوور و درێژ دەبڕن، چیرۆکی جیاوازی خۆیان و کەسوکاریان دەگێڕنەوە کە چۆن دوای بەکارهێنانی ئاوی بیرەکە لە ئێش و ئازاری گورچیلە رزگاریان بووە.
سەعدی حەمەد عەلی، کە لە مەخموورەوە بۆ سێیەم جار سەردانی گوندەکەی کردووە، بە رووداوی گوت، "ئەو ئاوە سوودێکی باشی هەیە، ئێمە خۆمان سوودمان لێ وەرگرتووە. منداڵەکانم بەردی گورچیلەیان هەبوو، خۆشم هەمبوو، بەردەکەمان فڕێدا بەبێ ئەوەی بچینە لای هیچ پزیشکێک."
فەریق هەرکی، دانیشتووی گوندی لاجانە و یەکێکی دیکەیە لەوانەی باوەڕی بە کاریگەریی ئاوەکە هەیە و دەڵێت، "پزیشک نەشتەرگەری دەکات بۆ ئەوەی بەردەکە دەربهێنێت، بەڵام لێرە ئەو ئاوە بخۆرەوە و بەردەکە فڕێدەدەیت."
بیرەکە لە ساڵی 2017 هەڵکەندراوە و لە بنەڕەتدا بۆ ئاودانی گۆڕستانی گوندەکە بووە. لوقمان بەهرەم، کە خۆبەخشانە سەرپەرشتیی بیرەکە دەکات، هەفتانە سێ رۆژ (چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی) لە کاژێر 5ی بەیانییەوە تاوەکو 7ی ئێوارە خزمەتی سەردانکەران دەکات.
لوقمان بەهرەم، گوتی، "ئەم بیرەمان لە ساڵی 2017 بۆ ئاودانی دار و درەختی گۆڕستانەکە لێدا، بەڵام دواتر دەرکەوت بووەتە هۆکاری چارەسەری نەخۆشی."
سەرەڕای ئەو باوەڕە بەربڵاوە، لایەنە فەرمییەکان رایەکی جیاوازیان هەیە. بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئاکرێ پشکنینی بۆ ئاوی بیرەکە کردووە و ئەنجامەکان هیچ تایبەتمەندییەکی دەرمانییان لە ئاوەکەدا دەرنەخستووە.
زرار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ، رایگەیاند، "بەپێی ئەو ئەنجامانەی لە تاقیگەی دهۆکەوە بۆمان هاتووە، ئاوی بیری گوندی کۆلەکا ئاوێکی ئاساییە و پێکهاتە کانزاییەکانی لە چوارچێوەی ستانداردی ئاساییدان، هەروەک هەر ئاوێکی دیکە."
لە رووی پزیشکییەوە، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی زانستی نییە کە پشتگیری لەو جۆرە باوەڕانە بکات.
د. هیوا چۆمانی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی میزەڕۆ، جەختی لەوە کردەوە، "تاوەکو ئێستا لە رووی زانستییەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە کە ئاوێک بە شێوەیەکی سروشتی رێگری لە دروستبوونی بەردی گورچیلە بکات، یان ببێتە هۆی فڕێدانی."
سەرەڕای بۆچوونی پسپۆڕان، سەدان کەس لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بەردەوامن لە سەردانکردنی بیرەکە. ئەمەش وایکردووە گوندی کۆلەکا ببێتە دوا هیوا بۆ ئەو کەسانەی لە چارەسەری پزیشکی بێهیوا بوون و پشت بە باوەڕی خۆیان دەبەستن بۆ دۆزینەوەی شیفا.
مۆزەخانەی خانەقین؛ ناوەندێک بۆ پاراستنی کولتوور و ناسنامەی شارەکە
مۆزەخانەی ئەتنۆگرافیای خانەقین، کە لە ساڵی 2008 دامەزراوە، بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ پاراستنی مێژوو، کولتوور و ناسنامەی فرەڕەنگی شارەکە. مۆزەخانەکە وێنە و پەیکەری کەسایەتییە دیارەکانی شارەکە و کەلوپەلی کۆنی تێدا نمایش کراوە، کە گێڕەرەوەی چیرۆکی ژیانی رۆژانە و پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکانن.
ماجید شالیار، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ئەتنۆگرافیای خانەقین، رایگەیاند کە بیرۆکەی دامەزراندنی مۆزەخانەکە لەلایەن هونەرمەندی کۆچکردوو، موحسین عەلی ئەکبەرەوە بووە. شالیار، وەک پسپۆڕێکی هونەری، لە دیزاین و جێبەجێکردنی بیرۆکەکەدا هاوکار بووە و بە "دیارییەکی مەزن" بۆ شاری خانەقین وەسفی دەکات.
لەنێو مۆزەخانەکەدا، جگە لە هەڵواسینی زیاتر لە هەزار وێنەی کۆنی شارەکە، 16 پەیکەر بۆ کەسایەتییە ناودارەکانی خانەقین بەبێ جیاوازی دروستکراون. یەکێک لە پارچە سەرنجڕاکێشەکانی نێو مۆزەخانەکە، قۆری و پیاڵەی یەکەم چایخانەی جووەکانە لە شارەکە، کە هی کەسێک بووە بە ناوی "سۆنیا قەع". بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە دەڵێت، هەرچەندە شتی ئاسەوارییان تێدا نییە چونکە نمایشکردنی قەدەخەیە، بەڵام کەلوپەلی کۆنیان هەیە کە تەمەنیان لە 100 ساڵ زیاترە.
شالیار، ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجی سەرەکیی مۆزەخانەکە تەنیا کۆکردنەوەی کەلوپەلی کۆن نییە، بەڵکو "سەلماندنی کوردستانیبوونی شارەکە و پاراستنی کولتوورەکەیەتی" لە رێگەی هونەرەوە. ئەو کارەکەی وەک "شەڕێکی دیپلۆماسی و هونەری" دەبینێت، بەتایبەتی کە خانەقین یەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکان. بە گوتەی خۆی، لە رێگەی ئەم کارە کولتوورییەوە هەوڵدەدەن ئەو پەیامە بگەیەنن کە خەڵکی رەسەنی ناوچەکە خاوەنی خاکەکەیانن.
فەرشی کوردی؛ چیرۆکی نەخشی ژنانی کورد لە خۆراسان
فەرشی کوردیی خۆراسان، تەنیا بەرهەمێکی دەستی نییە، بەڵکو ناسنامەیەکی کولتوورییە کە بەهرە و کارامەیی ژنانی کوردی ناوچەکە دەنوێنێت. ئەم فەرشە بەهۆی چڕییەکەی کە 10 ئەوەندەی فەرشی ئاسایی زیاترە و نەخشە رەسەنەکانییەوە، ناوبانگێکی جیهانیی هەیە و لە ساڵی 2019 لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە وەک میراتێکی کولتووری تۆمار کراوە.
چیرۆکی هەر تاڵێکی فەرشەکە لە خورییەوە دەست پێدەکات. قەمەر ئەمین، یەکێک لە ژنە فەرشچنەکان، باس لەوە دەکات کە سەرەتا خورییەکە دەڕێسن و دەیکەن بە داو، دواتر بە رەنگی سروشتی رەنگی دەکەن. هەر رەنگێک بەپێی ئەو نەخشە هەڵدەبژێردرێت کە بڕیارە بچنرێت و چیرۆکی ژیان و خەونی ژنانی کورد بگێڕێتەوە.
فاتیمە سەناری، فەرشچنێکی دیکەیە و دەڵێت، "کاتێک داوەکان ئامادە بوون، لە ماڵەکانماندا دەست بە چنین دەکەین." یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی ئەم هونەرە، چڕییەکەیەتی کە نزیکەی 10 هێندەی فەرشی ئاساییە و کوالێتییەکی زۆر بەرزی پێبەخشیوە. هەروەها تەکنیکی تایبەتی وەک "چنین بە پێچ" و "سوماک" ناسنامەیەکی جیاوازیان بە فەرشی کوردی بەخشیوە.
ئەم فەرشە رەنگدانەوەی کولتوور و دابونەریتی کوردانی خۆراسانە. یەکێک لە نەریتە باوەکان ئەوەیە کە کچێک پێش ئەوەی شوو بکات، جوانترین فەرش بە دەستی خۆی دەچنێت و لەگەڵ خۆی دەیباتە ماڵی هاوژینەکەی. نەخشەکانیشی چیرۆکی خۆیان هەیە؛ بەپێی زانیاریی فەرشچنەکان، نەخشی "بیچۆ" وەک ناسنامەی سەرەکیی فەرشەکە دادەنرێت و نەخشی "چکڵ" هێمایە بۆ ژنانی کورمانج.
ئەم هونەرە رەسەنە سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا راکێشاوە. بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی یونسکۆ، لە ساڵی 2019دا، فەرشێکی کوردیی خۆراسان توانیویەتی نیشانەی کوالێتیی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت. ژنانی فەرشچن بەردەوامن لە زیندووکردنەوەی ئەو نەخشانەی کە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەر بوو، بەمەش ئەم میراتە نەوە لەدوای نەوە بە پەنجەکانیان دەپارێزن و چیرۆکەکانیان بۆ جیهان دەگێڕنەوە.
هونەرمەندێک ژوورێکی ماڵەکەی لە دیمەشق دەکاتە قوتابخانەی پاراستنی میوزیکی کوردی
لە یەکێک لە گەڕەکە کوردییەکانی دیمەشقی پایتەختی سووریا، ژوورێکی بچووکی ماڵێک بووەتە قوتابخانەیەک بۆ پاراستنی فۆلکلۆر و میوزیکی کوردی. هونەرمەند مەحموود خەلیل، کە ژیانی خۆی بۆ پاراستنی ئاوازە کوردییەکان تەرخان کردووە، ئێستا زانست و ئەزموونی خۆی بۆ نەوەی نوێی کچان دەگوازێتەوە، تاوەکو کەلەپووری هونەریی نەتەوەکەیان لەبیر نەکەن.
مەحموود خەلیل، لەبارەی ژیانی خۆیەوە دەڵێت، "لە شاری تربەسپی گوندی گرداهۆڵ لەدایکبوومە. ساڵی 1979 هاتووینەتە شام و تەمەنم 59 ساڵە. کە هاتینە شام، تەمەنم نزیکەی 13 ساڵ بوو. لە ساڵی 1999 لێرە ژنم هێنا و لێرە مامەوە."
ئەو هونەرمەندە، لە سەردەمی حکومەتی بەعسدا بەشداریی لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا کردووە و رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە. مەحموود خەلیل دەڵێت، "لە ساڵانی هەشتاکاندا، ساڵی 1981، لە گەڕەکی ڕوکنەدین چوومە ناو تیپی ئازادی. لە نەورۆزدا ڕژێم زۆر سەرئێشەی بۆ دروست دەکردین. هەندێکجار مۆڵەتیان دەدا، بەڵام دواتر دەیانستاندەوە و ڕێگەیان نەدەدا ئامێری دەنگی و شتەکانمان ببەینە ژوورەوە."
ژوورە بچووکەکەی ماڵی مەحموود خەلیل، بووەتە چرایەکی ڕووناک بۆ پاراستنی کەلەپوورێک کە مەترسیی لەناوچوونی لەسەرە. ئەو هونەرمەندە ئاماژە بەوە دەکات کە میوزیک بە تەنیا بژێویی ژیانی دابین ناکات، بۆیە کاری ژمێریاریش دەکات، بەڵام ئەرکی پاراستنی هونەرە کوردییەکە لە ئەستۆی خۆی دەبینێت.
مەحموود خەلیل، دەڵێت، "گوتمان لەوانەیە فۆلکلۆر و کەلەپوورمان لەبیر بکرێت، بۆیە بڕیارمان دا ئەم کارە بکەین و وانەیان پێ بڵێینەوە، لە پێناو ئەم کچانە و نەوەی نوێدا تاکوو هەموو فۆلکلۆر و مۆسیقای خۆیان بناسن."
دەریا محەممەد، یەکێکە لەو کچە فێرخوازانەی کە لەلای مامۆستا مەحموود فێری میوزیک دەبێت و هەوڵەکانی بەرز دەنرخێنێت بۆ زیندووهێشتنەوەی ئاوازە ڕەسەنە کوردییەکان لەنێو نەوەی نوێدا.
بهشی بكه لە