چیرۆکی کوردە بەرگدرووەکانی دیمەشق و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا

31 October 2025
چیرۆکی کوردە بەرگدرووەکانی دیمەشق و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا


40 کوڕ و کچی کورد لە دیمەشق جل و بەرگی کوردی دەدروون
لە گەڕەکی زۆراڤای دیمەشقی پایتەختی سووریا، ژاوەژاوی مەکینەکانی دروومان لەگەڵ دەنگی کرێکارەکان تێکەڵ بووە و بووەتە سەرچاوەی بژێوی بۆ دەیان خێزانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان. 
لەنێو دووکانێکی درووماندا، 40 کچ و کوڕی شارە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بە هیواوە کار دەکەن بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی باشتر.
ئیبراهیم شێخ زەینەل، یەکێکە لە بەرگدرووەکان. ڕۆژانە لەنێوان 12 بۆ 15 کاژێر کار دەکات و دەڵێت، "ماوەی 20 ساڵە ئەم کارە دەکەم، نزیکەی 17 ساڵە لەم دووکانەم. بەپێی مۆدێلی جلەکان، هەندێکجار لە هەفتەیەکدا 100 پارچە و هەندێکجاریش 200 پارچە تەواو دەکەم." 
ئیبراهیم باسی ئەوە دەکات کە سێ منداڵی هەیە و داهاتی مانگانەی بەشی بژێوی ژیانیان ناکات، چونکە "قورسترین پارچە بە دۆلارێک یان دۆلارێک و 20 سەنت" بۆی هەژمار دەکرێت.
لە دووکانەکە ڕۆژانە نزیکەی 500 پارچە جلوبەرگ بەرهەم دەهێنرێت و کارەکان بەسەر پێنج قۆناغدا دابەشبوون.
خالید سیدۆ، بەڕێوەبەری دووکانەکە کە خەڵکی عەفرینە و لە تەمەنی 12 ساڵییەوە کاری دروومان دەکات، باس لە قۆناغەکانی کارەکەیان دەکات و دەڵێت، "لێرە قوماشەکان دەبڕین، دواتر دەینێرین بۆ چنین و نەخشاندن، پاشان دەچێتە لای بەرگدرووەکان." 
خالید سیدۆ لە ساڵی 2012ـەوە هاتووەتە گەڕەکی زۆراڤا و دەڵێت، "هاتینە ئێرە چونکە ناوچەیەکی کوردی بوو و بەرگدرووەکانیش هەموویان کورد بوون. ئێمە جلوبەرگی کوردی، یەکپۆشی بۆ کۆمپانیا، قوتابخانە، نەخۆشخانە و تەنانەت جلوبەرگی سەربازیش دەدوورین."
ڕیما سولەیمان، بەرگدرووێکی دیکەی خەڵکی سەرێکانییە و لە منداڵییەوە لەڕێگەی دایکییەوە فێری دروومان بووە. ڕیما لە ساڵی 2016ـەوە لەو دووکانە کار دەکات و دەڵێت، "من یارمەتیی خێزانەکەم دەدەم."
ئەم دووکانە جلوبەرگی یەکپۆشی بۆ 8 قوتابخانەی تایبەت، 2 قوتابخانەی حکومی، 4 نەخۆشخانەی حکومی، 11 نەخۆشخانەی تایبەت و 2 کۆمپانیا دابین دەکات.
لە گەڕەکێکی پەراوێزخراوی وەک زۆراڤا، ئەم گەنجانە بە کار و کۆششی خۆیان نەک هەر بژێوی ژیانیان دابیندەکەن، بەڵکوو نموونەیەکن بۆ ئەوەی مرۆڤ دەتوانێت بە ئیرادەی خۆی بەسەر سەختییەکانی ژیاندا زاڵ بێت.

باوکێکی کەڕوڵاڵ 18 ساڵە رۆژانە کوڕە کەمئەندامەکەی بە ئەسپ دەگێڕێت
لە گوندی ئەنبارێی سەر بە شارۆچکەی بسملی ئامەد، چیرۆکێکی دەگمەنی قوربانیدان و خۆشەویستیی باوکێک بۆ کوڕەکەی، رۆژانە لە بەرچاوی خەڵکی گوندەکە دووبارە دەبێتەوە. شێخمووس بەرکە، باوکێکی کەڕوڵاڵە و ماوەی 18 ساڵە هەموو ژیانی خۆی بۆ بەدیهێنانی ئارەزوویەکی یووسفی کوڕی تەرخان کردووە.
یووسف، گەنجێکی تەمەن 24 ساڵە و بەهۆی نەخۆشییەکی قورس لە تەمەنی چوار ساڵیدا، تووشی کەمئەندامیی مێشکی و جەستەیی بووە. دوای نەخۆشکەوتنی، یووسف ئارەزوویەکی زۆری بۆ ئەسپ پەیدا کرد، بەجۆرێک کە ئەگەر رۆژانە بە گالیسکەی ئەسپ نەبرێتە دەرەوە، تووڕە دەبێت و ئارامیی نامێنێت.
پەردە بەرکە، دایکی یووسف، بە رووداوی گوت: "کاتێک هۆشی هاتەوە، خۆشەویستییەکەی بۆ ئەسپ زیاتر بوو. ئەسپ بۆ یووسف وەک چارەسەرێک وایە. بەبێ ئەسپ ئارام نابێت. بەفر بێت یان باران، دەبێت رۆژانە یەک یان دوو جار بە ئەسپەکە بچێتە دەرەوە و لە دەشت و دۆڵ بگەڕێت."
بۆ ماوەی 18 ساڵە، شێخمووسی باوکی، کە خۆیشی لەدایکبوونەوە کەڕوڵاڵە، هەموو رۆژێکی ساڵ، لە سەرما و گەرما، یووسف لە گالیسکەکەی دادەنێت و بۆ چەندین کاژێر بە دەشت و دۆڵ و کەناری چەمەکانی ناوچەکەدا دەیگێڕێت، تەنیا لە پێناو ئەوەی دڵی کوڕەکەی ئارام بێت.
خۆشەویستیی یووسف بۆ ئەسپەکەی، کە ناوی "دڵۆ"یە، ئەوەندە قووڵە کە وەک خێزانەکەی دەڵێن، شەوان دەبێت دڵۆ لەبەر پەنجەرەی ژوورەکەیدا ببەسترێتەوە، بۆ ئەوەی تەنانەت لە خەویشدا لێی دانەبڕێت.
محەمەد بەرکە، برای یووسف، دەڵێت: "یووسف شیرینی و ڕەنگینیی ژیانمانە. ئەو هەرچییەک بڵێت، ئێمە دەیکەین، و ئەسپەکەشی وەک برای وایە."
چیرۆکی شێخمووس، یووسف و دڵۆ، بووەتە نموونەی خۆشەویستی و قوربانیدانێکی بێوێنە، کە تێیدا باوکێک هەموو سەختییەکانی ژیانی خۆی وەلا ناوە بۆ ئەوەی بزەیەک بخاتە سەر لێوی کوڕەکەی.

کچ و دایکێک لە ئەڵمانیا بە شێوازێکی نوێ زمانی کوردی دەپارێزن
مزگین و شاهی، دایک و کچێکی خەڵکی عەفرین کە ئێستا لە شاری لیڤەرکوزنی ئەڵمانیا نیشتەجێن، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەوڵێکی نوێیان بۆ پاراستنی زمان و کولتووری کوردی لە تاراوگە دەستپێکردووە.
مزگین، کە تەمەنی 24 ساڵە، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی کورتە ڤیدیۆی پەروەردەیی لەگەڵ شاهی کچە تەمەن سێ ساڵانەکەیدا، بووەتە نموونەیەک بۆ چۆنیەتیی پاراستنی ناسنامەی کوردی لە دەرەوەی وڵات. ڤیدیۆکانیان کە هەمیشە بە "رۆژباش کوردستان" دەست پێدەکات، تێیدا بە زمانی کوردی و بە شێوەزارێکی سادە گفتوگۆ لەسەر بابەتە جۆراوجۆرەکان دەکەن.
مزگین، ئاماژەی بەوەدا کە لە منداڵییەوە پەیوەست بووە بە زمان و کولتووری کوردییەوە و دەیەوێت هەمان ئەو هەستە بۆ کچەکەشی بگوازێتەوە. ئەو دەڵێت: "هەر کە چاوم کردووەتەوە ڕووبەڕووی شتی کوردی بوومەتەوە، بە تایبەت کاتێک قسە لەگەڵ شاهی دەکەم."
مزگین چەندین کتێبی کوردی بۆ شاهی دابینکردووە و کاتێک بۆی دەخوێنێتەوە، شاهی بە وردی گوێی لێدەگرێت. شێوازی مامەڵەی مزگین لەگەڵ کچەکەیدا زیاتر لە هاوڕێیەتی دەچێت، کە تێیدا بە نەرمی و لە هەمان کاتدا بە جددی گفتوگۆی لەگەڵ دەکات.
لە ڤیدیۆکاندا، ئەم دایک و کچە باس لە بابەتە قووڵەکانی وەک جیاوازیی نێوان "بۆچوون و ڕاستی" و تێگەیشتن لە "ئازادی" دەکەن. مزگین بە زمانێکی سادە و گونجاو لەگەڵ تەمەنی کچەکەیدا وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە و دەڵێت: "حەز دەکەم ئەو هەموو شتێک بزانێت، بزانێت مافەکانی چین... من ئەو بۆ ژیانی دەرەوە ئامادە دەکەم."
جگە لەم چالاکییە پەروەردەییانە، مزگین و شاهی کاتەکانیان بە وێنەکێشان، چێشتلێنان و گوێگرتن لە گۆرانیی کوردی بەسەر دەبەن.
ئامانجی سەرەکیی مزگین ئەوەیە کە بیسەلمێنێت لە تاراوگەشدا دەتوانرێت منداڵان فێری زمانی دایک بکرێن و لەم ڕێگەیەوە شێوەزاری عەفرینیش زیاتر بڵاوبکاتەوە. کارەکەیان، هەرچەندە سادەیە، بەڵام پڕ واتایە و بووەتە قوتابخانەیەکی بچووک بۆ زمان و کولتووری کوردی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

ساڵح حەمە فەرەج، پارێزەری گەنجینەیەکی مێژوویی لە گەرمیان
ساڵح حەمە فەرەج، پیاوێکی دانیشتووی قەزای کەلارە و ماوەی نزیکەی 40 ساڵە خەریکی کۆکردنەوەی کەلوپەلی کەلەپووریی کوردییە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار پارچەی کۆکردووەتەوە.
بە گوتەی ساڵح حەمە فەرەج، خاوەنی کەلەپوورەکە، بیرۆکەی کارەکەی بۆ دوای راگواستنیان لە ساڵی 1977 بۆ گەرمیان دەگەڕێتەوە، کاتێک بیری لەوە کردووەتەوە کە وەک ماڵی باپیری، کەلوپەلە کۆنەکان لە دیوەخانێکدا کۆبکاتەوە. ئەو دەڵێت، دوای بینینی وێرانیی گوندەکان لە کاتی پرۆسەی ئەنفالدا، بۆی دەرکەوتووە کە ئەو کەلتوور و ژیانە جارێکی دیکە وەک خۆی لێنایەتەوە، بۆیە بڕیاریداوە بەشێک لە داهاتی رۆژانەی بۆ کڕینی پارچە کەلەپوورییەکان تەرخان بکات.
کەلەپوورەکەی ساڵح حەمە فەرەج، لە چەندین جۆر کەلوپەل پێکهاتووە، لەوانە کەرەستەی کشتوکاڵی وەک هەوجاڕ، داس، شەن و سێلک کە جووتیاران بەکاریان هێناون. هەروەها کەلوپەلی نێو دیوەخان و تەکییەکانی وەک سەماوەر، دەلەی قاوە، سینی مس و قازانی گەورە.
بەشێکی دیکەی کەلەپوورەکە، بریتییە لە چەک و تفاقی سەربازیی سەردەمی شۆڕشە کوردییەکان، لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و کۆماری کوردستان لە مەهابادەوە تاوەکو شۆڕشی نوێ. 
ساڵح حەمە فەرەج ئاماژەی بەوە کرد، چەکی جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمیشی هەیە، لەنێویاندا تفەنگێکی دەستکردی کورد هەیە بە ناوی 'ساچمەزەن' کە لەلایەن پیاوێک بە ناوی حاجی محەممەد لە باوەنوور دروستکراوە.
لەناو کەلوپەلەکانیدا، چەندین پارچەی دەگمەن هەن، وەک پارچەیەکی زیو کە هی ماڵی مەلیک فەیسەڵ بووە، هەروەها کتلییەک کە بە گوتەی خۆی، لە هەموو دنیادا تەنیا یەک دانەی لێ دروستکراوە، 240 پیاڵە ئاو دەگرێت و کێشی پێنج کیلۆ و نیوە. لەسەر کتلییەکە وێنەی سەعدی شیرازی و چەند کەسایەتییەکی دیکە نەخشێندراوە و تەواوی بە دەست دروستکراوە.

ساڵح حەمە فەرەج، نیگەرانە لەوەی کەلوپەلەکانی لە مەترسیی لەناوچووندان ئەگەر لە شوێنێکی شیاو و پارێزراودا هەڵنەگیرێن. ئەو داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات هاوکاریی بکەن بۆ دابینکردنی شوێنێکی مۆزەخانەیی بۆ کەلەپوورەکەی. دەڵێت، "وەسیەتم بۆ منداڵەکانم کردووە کە ئەم کەلەپوورە نەفەوتێنن و لە دادگەی کەلاریش بەڵێنم داوە کە بە هیچ شێوەیەک دوای خۆم فرۆشتنی پێوە نەکرێت."

پلانی داهاتووی ساڵح حەمە فەرەج ئەوەیە کە قامووسێکی وێنەدار بۆ سەرجەم کەلوپەلەکانی دروست بکات و ناوی هەموو پارچەیەک و بەکارهێنانی تێدا بنووسێت، تاوەکو نەوەی داهاتوو بزانن کە ئەو کەرەستانە بۆچی بەکارهاتوون و لە چی دروستکراون.