جەژنی هەناری هەورامان و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا
جەژنی هەناری هەورامان؛ تابلۆیەکی زیندوو لە کولتوور و ئابووری
لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییز و گۆڕانی ڕەنگی سروشتی هەورامانی تەخت بۆ تابلۆیەکی ڕەنگین، چیرۆکی هەنار، ئەو میوە سوور و شیرینەی کە بۆ خەڵکی ناوچەکە بووەتە سەرچاوەی ژیان و ناسنامەی کولتووری، دەست پێدەکات. ساڵانە لە گوندی سلێن، ئەم چیرۆکە لە چوارچێوەی جەژنێکی شکۆمەنددا دەگاتە لووتکە.
سەید عەلی سەجادی، یەکێک لە دانیشتووانی گوندی سلێن، گوتی "بژێوی ژیانی خەڵکی ئەم ناوچەیە لەسەر هەنارە. زۆر کەس خاوەنی باخی خۆیەتی و ژمارەیەکی زۆریش باخ بەکرێ دەگرن." ئەم پیشەسازییە نەریتییە بووەتە مایەی بووژانەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە هەورامان.
جەژنێک کە بووەتە پردێکی گەشتیاری
جەژنی هەناری هەورامان تەنیا بۆ خەڵکی ناوچەکە نییە، بەڵکو بووەتە وێستگەیەکی گرنگی گەشتیاری و ساڵانە هەزاران کەس لە شارەکانی کوردستان و وڵاتانی دراوسێوە ڕووی تێدەکەن. گەشتیاران بۆ بینینی جوانییەکانی کوردستان، ئاشنابوون بە کولتوورە دەوڵەمەندەکەی و چێژوەرگرتن لە سروشتی دڵڕفێنی هەورامان سەردانی ئەم جەژنە دەکەن.
موبینا، گەشتیارێک کە لە تارانەوە هاتووە، بە گوتی: "کاتێک بیستمان لە کوردستان جەژنی هەنار هەیە و جەژنێکی زۆر گەورەیە، بڕیارماندا بێین و جوانییەکانی کوردستان ببینین. ئەم هەنارە بووە بیانوویەک بۆ بینینی هەورامان و چێژوەرگرتن لەم ڕێوڕەسمە."
هولیا ڕیایپور، گەشتیارێکی دیکەی تاران، لەگەڵ خێزانەکەی بەشداریی فێستیڤاڵەکەی کردووە و گوتی: "ئێرە سروشتێکی زۆر جوانی هەیە، خەڵکەکەی زۆرباش و میواندۆستن. هەموومان شاڵی ناوچەییمان لێرە کڕی، ڕەنگ و مۆدێلی زۆر جوانیان هەیە. هیوادارم هەموو ساڵێک ئەم فێستیڤاڵە بەردەوام بێت."
ژمارەکان و کاریگەریی ئابووری
بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی قەڵەمی هەورامان، زیاتر لە 20 هەزار کەس بەشدارییان لە جەژنی هەناردا کردووە. محێدین مەحموودیان، ئەندامی ئەنجوومەنەکە، بە ڕووداوی ڕاگەیاند، هۆکاری ئەم پێشوازییە گەرمە، جگە لە خودی فێستیڤاڵەکە، بۆ ناوبانگی هەناری ناوچەکە دەگەڕێتەوە کە بە تام و کوالێتیی بەرز ناسراوە. ئەو گوتیشی: "جەژنی هەنار بووەتە بزوێنەرێکی ئابووریی گرنگ بۆ ناوچەکە و دەرگای بە ڕووی گەشەسەندنی کەرتی گەشتیاریدا کردووەتەوە."
هەنار؛ پردێکی کولتووری و ئابووری
جەژنی هەناری سلێن تەنیا نمایشکردنی بەرهەمێکی کشتوکاڵی نییە، بەڵکو بووەتە پردێکی کولتووری و ئابووری کە جوانییەکانی هەورامان بە جیهان دەناسێنێت. دەنگی گەشتیاران لە تاران و کرماشانەوە، تێکەڵ بە بۆنی هەنار و میوانداریی گەرمی خەڵکی ناوچەکە، وێنەیەکی زیندووی لە پێکەوەژیان و بووژانەوەی ئابووریی ناوچەیی دروست کردووە. ئەم جەژنە ساڵانە، هیوا و دەرفەتی نوێ بۆ جووتیاران دەڕەخسێنێت و لە هەمان کاتدا، ڕەسەنایەتی و فەرهەنگی دەوڵەمەندی کوردستان پیشانی جیهان دەدات.
ئیدریس عەفرینی، لە ئاوارەییەوە بۆ داهێنان لە هونەردا
ئیدریس عەفرینی، گەنجێکی کوردی تەمەن 19 ساڵ و خەڵکی شاری عەفرینە، کە لە تەمەنی 8 ساڵییەوە لە ئەڵمانیا وەک پەنابەر دەژی، بەڵام سەختییەکانی ژیان نەبوونەتە رێگر لەبەردەم بەدیهێنانی خەونە هونەرییەکانیدا.
ئیدریس، ئێستا خوێندکاری قۆناخی 12ی ئامادەییە و شێوەکار و ژەنیارێکی بەهرەمەندە کە بەرهەمەکانی رەنگدانەوەی چیرۆکی ژیانی خۆی و نیشتمانەکەیەتی.
سەختییەکانی کۆچ و سەرەتای هونەری
ئیدریس، لە تەمەنی منداڵییەوە حەزی لە وێنەکێشان بووە. لەمبارەیەوە دەڵێت: "کە منداڵ بووم هەمیشە باوکم پارەی دەدامێ و دەیدا بە براکشم، بەڵام من وەک براکەم نەبووم، ئەو دەچوو یاری و خواردنی پێدەکڕی، من هەمیشە قەڵەم و دەفتەرم دەکڕی."
ئەو حەزەی لە سەفەرە سەختەکەیدا بۆ ئەوروپاش لەگەڵی بەردەوام بوو. ئیدریس، چیرۆکی یەکێک لە یادەوەرییەکانی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "کاتێک لەگەڵ خانەوادەکەم دەهاتینە ئەڵمانیا، لە رێگە پارەیان پێدام، منیش قەڵەمی رەنگاوڕەنگم پێ کڕی و وێنەم دەکێشا. لەکاتێکدا تەمەنم 8 ساڵان بوو، بەڵام لە رێگەدا باران زۆر باری و وێنەکان و قەڵەمەکانم تێکچوون. باوکم گوتی کێشە نییە، کە گەیشتینە ئەڵمانیا هی باشترت بۆ دەکڕم، بەڵام رازی نەبووم و دووبارە کڕیمنەوە."
ئیلهام و ستایلی تایبەت
ئیدریس عەفرینی، لەبارەی ئیلهامەکانییەوە ئاماژە بەوە دەکات کە سەرسامی هونەرمەندە کوردەکانە، وەک هۆزان دینۆ، کە تابلۆیەکی تایبەتی بۆ کێشاوە. هاوکات، ستایلی هونەرمەندی جیهانی، پیکاسۆی بەدڵە و دەڵێت: "زۆر حەزم لە پیکاسۆیە زۆر ئیلهامم لێ وەرگرتووە. حەزم لە شێوازی ئەبستراکتە کە کەمێک رووناکیی راستیی تێدابێت."
ئەو هەوڵیداوە ستایلێکی تایبەت بە خۆی هەبێت تاوەکو بەرهەمەکانی پێ بناسرێتەوە. لە تابلۆکانیدا، رەنگی ئەکریلیک بەکاردەهێنێت و وەک خۆی دەڵێت، رەنگەکانی "وەک کوردستانن، بۆ نموونە زەرد و شین و سەوز و سوور زۆر دەبینیت."
لە شێوەکارییەوە بۆ مۆسیقا و خەونی گەورە
جگە لە شێوەکاری، ئیدریس، خۆی فێری ژەنینی ئامێرەکانی تەمبوور و پیانۆ کردووە. بۆ دابینکردنی پێداویستییە هونەرییەکانیشی، لە چێشتخانەیەکی کوردیدا کار دەکات و لەوێش بەهرەی خۆی بە کێشانی تابلۆیەکی دیواریی گەورە نمایشکردووە.
گەورەترین خەونی ئیدریس، کردنەوەی پێشانگایەکی گەورەیە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. ئەو دەڵێت: "خەونم ئەوەیە پێشانگەیەکی گەورە لە هەولێر بە ناوی 'ژن، ژیان، ئازادی' بکەمەوە و هونەری کوردیی خۆم نیشان بدەم."
ئیدریس عەفرینی، نموونەی گەنجێکی کوردی بەهرەمەند و خۆڕاگرە کە سەختییەکانی ژیانی ئاوارەیی کردووەتە هەوێنی داهێنان و بەدیهێنانی خەونەکانی.
تیتاڵ مەندیکی؛ پیاوێکی ئێزدی لە تبلیس پەرستگەی لالش لە ماڵەکەیدا دروست دەکات
تیتاڵ مەندیکی، پیاوێکی کوردی ئێزدیی تەمەن 81 ساڵ، لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری تبلیسی پایتەختی جۆرجیا، دەستی بە دروستکردنی پەیکەرێکی مەڕمەڕی پەرستگەی لالش کردووە.
تیتاڵ، کە دوای دوو ساڵ لە خانەنشینبوونی دەستی بەم کارە کردووە، بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە سەردانی پەرستگەی پیرۆزی لالش لە باشووری کوردستان بکات، بڕیاری داوە "لالش بهێنێتە ماڵەکەی خۆی."
ڕەچەڵەکی تیتاڵ مەندیکی دەگەڕێتەوە بۆ گوندی جەرجەریسی ئەرمینیا، بەڵام باوکی لە کۆتاییەکانی دەیەی 1930دا خێزانەکەی گواستووەتەوە بۆ تبلیس. هەرچەندە تیتاڵ لە تبلیس لەدایک بووە و گەورە بووە، بەڵام پەیوەندیی لەگەڵ کولتوور و ڕەچەڵەکی خۆی نەپچڕاندووە و هەموو هاوینێک سەردانی گوندەکەی دەکات.
ئەو، ئەم کارە هونەرییە بە گوزارشتێک لە "خەونێکی لەمێژینە و هیوا و خۆزگەیەکی قووڵ" ناودەبات و وەک هێمایەک بۆ پاراستنی ناسنامەی کولتووری و ئایینیی خۆی دەیبینێت.
تیتاڵ مەندیکی، تاوەکو ئێستا هیچ کام لە بەرهەمە دەستییەکانی نەفرۆشتووە و دەڵێت، ''دڵی نایەت بیانفرۆشێت''، چونکە بە پارچەیەک لە ڕۆح و دڵی خۆیانیان دەزانێت.
تیتاڵ و هاوژینەکەی لە تبلیس بەردەوامن لەسەر ژیانێکی کوردەواری. کوڕەکەیان لە فەرەنسا و کچەکەیان لە ڕووسیا دەژین، بەڵام بە گوتەی خۆی، زوو زوو سەردانیان دەکەن.
پیاوێکی خانەقینی خاوەنی 16 هەزار کاسێتی ڤیدیۆییە
حسێن عەباس، دانیشتووی خانەقین، خاوەنی یەکێک لە گەورەترین ئەرشیفەکانی کاسێتی ڤیدیۆیی (VHS)ـە لەسەر ئاستی عێراق، کە زیاتر لە 16,000 کاسێت لەخۆدەگرێت. ئەو، سەرەتا لە ساڵی 2009 لە هەفتەبازاڕێکەوە دەستی بە کۆکردنەوەی کاسێت کرد و ئێستا خاوەنی ئەرشیفێکی دەوڵەمەندە.
حسێن عەباس، بە ڕووداوی ڕاگەیاند کە لەنێوان ساڵانی 2005 بۆ 2006 خاوەنی نزیکەی 7,000 کاسێت بووە، بەڵام دواتر فرۆشتوویەتی. حەز و خولیای بۆ کۆکردنەوەی کاسێت سەریهەڵدایەوە، کاتێک لە ساڵانی 2009-2010 لە هەفتەبازاڕێکدا چەند کاسێتێکی دۆزییەوە. حسێن دەڵێت: "ئەو کاتە بیرم کردەوە کە خەڵک کاسێتە کۆنەکان فڕێ دەدەن، بۆیە بڕیارم دا کۆیان بکەمەوە و وەک ئەرشیفێکی تایبەت بیانپارێزم."
ئەرشیفەکەی حسێن، فیلمی ساڵانی 1922 تا 2003 لەخۆدەگرێت، کە پێکدێت لە فیلمی عەرەبی، بیانی، عێراقی، هیندی و تورکی. بە گوتەی خۆی، هەرچەندە ژمارەی فیلمی کوردی لە ئەرشیفەکەیدا کەمە، بەڵام جۆرەکانی دیکەی بە شێوەیەکی بەرفراوان کۆکردووەتەوە. ئەو کاسێتانەی لە سەرانسەری عێراق، لە بەسرەوە تا زاخۆ، بە هاوکاریی چەند کەسێک کۆکردووەتەوە کە لە شارە جیاوازەکانەوە بۆی دەنێرن.
سەبارەت بەوەی ئایا لەم سەردەمەی یوتیوب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاسێت بینەری ماوە، حسێن عەباس ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین یوتیوبەری بەغدا سەردانی دەکەن بۆ وەرگرتنی فیلمە کۆنەکان و گوتی: "هەر فیلمێکی کۆن کە لە یوتیوبدا هەیە، هەمووی لای من دەست دەکەوێت."
بەشێک لە فیلمە هیندییەکانی نێو ئەرشیفەکەی حسێن "نسخەی ئەسڵی"ـن، لەوانە فیلمی بەناوبانگی "شوعلە" (1975)ی ئەمیتاب باچان، هەروەها فیلمی کوەیتی "یاران" و "زەکی". یەکێک لە فیلمە دەگمەنەکانیشی فیلمی "مەرد"ە کە نرخی 100 دۆلاری بۆ دانراوە، بەڵام ئەو ئامادە نییە بە هیچ نرخێک بیفرۆشێت.
حسێن عەباس، ئەرشیفێکی تەواوی فیلمەکانی ئیبراهیم تاتڵس، گۆرانیبێژی بەناوبانگی تورکیای لایە. بە گوتەی خۆی، زۆرێک لەو فیلمانە ئێستا لە یوتیوب بەردەست نین و ئەگەر لە پلاتفۆرمی ئەمازۆنیش بکڕدرێن، وەرگێڕانیان لەگەڵدا نییە، بەڵام ئەوانەی لای ئەو "ئۆرجیناڵن".
لەسەر شێوازی پاراستنی کاسێتەکان، حسێن عەباس دەڵێت: "کاسێتی ڤیدیۆیی وەک سی دی نییە تووشی ڤایرۆس بێت، بەڵکو تەنها پلەی گەرمی بەرز، سەرما و ئاو زیانی پێدەگەیەنێت." بۆیە لە وەرزی هاویندا فێنککەرەوە و لە زستاندا گەرمکەرەوەیان بۆ دادەنێت و "وەک دایک و باوک و منداڵی خۆم سەیریان دەکەم و گرنگیان پێدەدەم." ئەو هەموو شەوێک سەیری فیلم و گۆرانیی نێو کاسێتەکان دەکات و هەفتانەش پاکیان دەکاتەوە.
بهشی بكه لە