بەهێ جاف و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداو-دا

03 March 2023
بەهێ جاف و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداو-دا

بەهێ حامید بەگی جاف

بەهێ حامید بەگی جاف، یەکێکە لە ژنە دیار و هەڵکەوتووەکانی هۆزی جاف، تەمەنی 98 ساڵە و ئێستا لە لەندەن دەژی. ئەم خامە لەو ژنانەی کوردە کە لە مێژوودا وێنەیان کەمە، شاهێدی زۆر رووداوی مێژووییە لە هەڵەبجەوە تاوەکو بەغدا و لەندەن.

بەهێ جاف، کچی حامید بەگی مەجید بەگی وەسمان پاشای جافە. باوکی لە 1924 قایمقامی هەڵەبجە بووە. بەهێ جاف لە ساڵی 1925 لە هەڵەبجە لەدایکبووە. یەکەم کچ بووە، لە ساڵی 1932 چووەتە قوتابخانەی کوڕان بۆ خوێندن.

بەهێ لە ماوەی تەمەنیدا و لە هەموو گەشت و سەفەرەکانیدا تەنیا جلی کوردی و سەروبەستەی دەستووری جافی پۆشیوە. ئێستاش ماوەی 30 ساڵە لە لەندەن دەژی و بەردەوام بە جلی کوردییەوە دەردەکەوێت. 

شمشاڵژەنێکی دیاری شاری سەردەشت

خدر قادری، یەکێکە لە شمشاڵژەنە دیارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، تەمەنی 106 ساڵە و لە گوندی گەرماوان لە سەردەشت لەدایکبووە.

خدر قادری هیچ خوێندەواری نییە و بە منداڵی شوان بووە، دواتر کشتووکاڵ و هەنگەوانی کردووە.

ئەم بلوێرژەنە و ‌حەیرانبيژە زۆر بەیتی گوتوونەتەوە، بەتایبەت بەیتەکانی، مەم و زین، برایمۆک، ئایشێ گوڵ و شەو ونیوەشەو ئازیزێ و زۆر بەیتی دیکە. 

 

بزنسمانێکی دیاری کورد لە جۆرجیا

دەچینە تبلیسی پایتەختی جۆرجیا، لەوێ ژمارەیەکی زۆر کارساز و بزنسمانی کورد هەن. یەکێک لەوانە سوولیکۆ سیمایەڤ، بزنسمانی دیاری کوردە لەم شارە.

سوولیکۆ ماوەی 40 ساڵە دەستی بە بزنس کردووە، یەکێک لە کارە دیارەکانی ئەو بزنسمانە کوردە، دروستکردنی پەرستگەیەکە بۆ کوردانی ئێزدی، لە ساڵی 2013 کە وەکو یەکەمین پەرستگەی کوردانی ئێزدی لە دەرەوەی لالش و هەرێمی کوردستان دروستکراوە.

سوولیکۆ، خاوەی کۆمپانیای  GSCە کە کۆمپانیایەکی سکویریتییە، لەم فیچەرەدا چیرۆکی سەرکەوتنی ئەم بزنسمانە کوردە باسدەکەین.