سەگی کانگاڵ و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداو-دا

02 December 2022
سەگی کانگاڵ و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداو-دا

 

کانگاڵ ناودارترین سەگی کوردی

ئەمە سەگی کانگاڵە، یەکێکە لە سەگە کوردییە ناودارەکان و لە باکووری کوردستان بەخێودەکرێت.

لە ناوچەی ئاڵتن یایلا، گەورەترین کێلگەی بەخێوکردنی سەگی کانگاڵ هەیە. ئەمە کێڵگەی سەگی ئاڵتن کانداڵە لە سێواسی باکووری کوردستان.

ئومێد تاشدەلەن، خاوەنی کێلگەی سەگی کانگاڵ دەڵێ "سەگی کانگاڵ خاوەن باشترین پێکهاتە و کارەکتەرە، تایبەتە بە شارۆچکەی ئاڵتن یایلای سێواس و سەگێکی سێواسییە. بەهۆی ئەوەی هێزێکی زۆری هەیە و بە باشی بەرگەی سەرما و سۆڵە دەگرێت، ئەو ئاژەڵە لە سێواس زۆر تۆکمەتر دەبێت. لێرە لە شارۆچکەی ئاڵتن یایلا و لە کێڵگەی ئاڵتن کانداڵ کە تایبەتە بە بەخێوکردنی سەگ، نزیکەی 200 سەگی دابەستەمان هەیە. کەشێکی تایبەتمان بۆ سازکردوون و زاوزێیان پێ دەکەین. بەگوێرەی پێویست بەو کەسانەیان دەدەین کە دەیانەوێت، بەتایبەتی خاوەن کارگەکان و ئەوانەی مێگەلی ئاژەڵیان هەیە. بێگومان ئەوان بە مەبەستی پاسەوانی بەکاریدەهێنن".

ناو و دەنگی سەگی کانگاڵ بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، بێچووەکانیان بەم زیرەکی و توانایەی هەیانە، بوونەتە جێگەی سەرنجی خەڵک، سەگی کانگاڵ توانای ژیان و مانەوەی پلەی گەرمی ژێر 40 پلەی سیلۆزیدا هەیە.

 

بەدەل رەڤۆ – نووسەر و گەڕیدەی کورد

بەدەل رەڤۆ، نووسەر و  گەڕیدەیەکی کوردی خەڵکی پارێزگای دهۆکە، لەساڵی 1991 تاوەکو ئێستا 50 وڵات گەڕاوە، لە هەر وڵاتێک کەلوپەلی جیاوازی هێناوەتەوە کوردستان و مۆزەخانەیەکی گەورەی لە ماڵەکەی کردووەتەوە.

بەدەل رەڤۆ، تاوەکو ئێستا 18 پەرتووکی لە بواری ئەدەبی، بە پێنج زمان چاپکردوونە، کە بەشی زۆری پەرتووکەکانی وەرگێڕانن.

لە ساڵی 2009 تاوەکو 2019 لەلایەن رێکخراو و دەزگای جیاواز 10 جار خەڵاتکراوە.

 

تەنیا 5 ماڵ لە گوندی گوڵپ ماون

گوڵپ یەکێک لە گوندە دیارەکانی هەورامان لە پارێزگای هەڵەبجە. خەڵکی ئەم گوندە بە ئاژەڵداری و کشتووکاڵەوە سەرقاڵن. گوڵپ یەکێک لە قەرەباڵخترین گوندەکان بوو لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 500 کەس دەبوو. وەکو باسدەکرێ 250 ماڵ لەم گوندە بوون، بەڵام بەهۆی ەبوونی خزمەتگوزاری لە گوندەکە ئێستا تەنیا 5 ماڵی لێماوە. مەهدی مەحموود، یەکێک لە خەڵکی گوندەکە و دەڵێ : هیچ خزمەتگوزارییەکی لێنییە، بۆیە خەڵکی گوندەکە هەموویان بەرەو شار رۆیشتن.

 

کۆنترین کەنیسەی مەسیحییەکان لە قەزای سۆران

شارۆچکەی دیانای سەربە قەزای سۆران، یەکێک لە کۆنترین کەنیسەکان هەیە، کە مێژووی دروستکردی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1880 زایینی.

نزیکەی 150 سالە مەسیحییەکان لەم کەنیسەیەدا عیبادەت دەکەن. خەڵکی موسڵمان و مەسیحی بۆ خواستنی مرازەکانیان سەردانی ئەم کەنیسەیە دەکەن. کەنیسەکە بەناوی کەنسیەی مارگی وەرگیزە.

یەکێک لە پەیڕەوانی ئایینی مەسیحیی لە دیانا دەڵێ: خۆڵی کەنیسەکە شیفایە بۆ نەخۆشان، زۆرجار خۆڵی کەنیسەکەمان بۆ نەخۆش ناردووەتە کەنەدا و پێی چاکبۆتەوە.