مێژووی ناوی چیای پیرەمەگروون و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداو
ناوی پیرەمەکروون لە چییەوە هاتووە؟
پیرە مەگروون کەسایەتییەکی ئایینی زەردەشتییە. تەرمەکەی لە بناری چیای پیرەمەگروون لە دیوی گوندی زێوە نێژراوە. پەیڕەوانی ئایینیی زەردەشتی بۆ خۆپاراستن لە سەردەمی حوکمڕانی ئیسلامی لەو ناوچەیە خۆیان حەشارداوە. چیاکە بەهۆی مەزارەکەوە ناونراوە پیرەمەگروون. لەم چیایە جگە لە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاژەڵە کێوییەکان دەیان ئەشکەوت و ناوچەی شوێنەواری تێدایە.
دوو گەنجی میوزیکژەن لە تاران
لە تاران دوو گەنجی کورد هەن، کە بەشێوازێکی سەرنجڕاکێش میوزیکدەژەنن. سەرمەد و ئەشکان لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ میوزیکژەنین چوونە تاران. سەرمەد خەڵکی مەریوانە و ئەشکان خەڵکی کرماشانە. هەردووکیان پێکەوە لەسەر شەقام و میترۆکانی ئەو شارە گۆرانی کوردی و فارسی و تورکی دەڵێنەوە.
دەنگبێژێک لە پارێزگای وان بە دەنگە بەرزەکەی بەنێوبانگە
کاتێک باسی دەنگبێژی دەکرێت، یەکسەر بیرت بۆ لای ناوچەی سەرحەد و وانی باکووری کوردستان دەڕوات. لە گوندی شۆرا، لە گەلی زیلانی پارێزگای وان دەنگبێژێک هەیە، کاتێک دەنگی بەرزدەکاتەوە، تەواوی گەلییەکە دادەگرێ. عیسمەتی دەنگبێژ، بە دەنگەکەی زۆر چیرۆکی تراژیدی و عەشق و ئەڤینی کوردی و قارەمانێتی و داستانی کوردی دەگێڕێتەوە.
کچە کوردێکی خەڵکی رووسیا گۆرانی بۆ پاپا فرانسیس دەڵێت
کچە کوردێکی دانیشتووی مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بەناوی سڤەتلانا بۆ جاری یەکەم لە ساڵی 2017 لەسەر گەورەترین شانۆی مۆسکۆ دەرکەوت و بەشێوەی سۆپرانۆ گۆرانی گوت.
زۆربەی گۆرانییەکانی بە رووسی و ئینگلیزی و زمانەکانی دیکەی جیهانن. بەڵام لە ساڵی 2021 یەکەم گۆرانی بە کوردی تۆمارکرد. سڤەتلانا ئەلبوومێکی بۆ یادی لەدایکبوونی پاپا فرانسیس بەرهەمهێناوە، کە پێش چەند ساڵێک پاپا نزای خێری بۆ دەنگی سڤەتلانا کردبوو. یەکێک لە سترانەکانی نێو ئەلبوومەکەی بە زمانی کوردییە.