تەنگی بووک و زاوا
تەنگی بووک و زاوا یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکانی دەریاچەی دووکان. بەهۆی گلدانەوەی ئاو کەلێنە شاخەکان سرووشتێکی جوانیان دروستکردووە و بەهۆی ئەوەی لە دوو شاخەکەی بەرامبەر یەکدی شێوەی بووک و زوایەک دەردەکەون، شوێنەکە بە ناوی تەنگی بووک و زاوا ناونراوە.
ساڵی رابردوو بەهۆی کەم بارانی ئاوی بەنداوی دووکان لە هەندێک شوێن 19 مەتر دابەزیوە. رۆژانە گەشتیارانی نێوەڕاست و باشووری عێراق سەردانی ئەو شوێنە دەکەن.
گەشتیاران دەڵێن تەنگی بووک و زاوا بە باشترین ناوچەی پارێزراو بۆ ئاژەڵە کێوییەکان دادەنرێت. تەنیا رێگەی گەیشتن بەو شوێنەش بەلەمە و یەک دەروازەی هەیە و بە ئاسانی دەتوانێرێت کۆنترۆڵ بکرێت و رێگە بە راوچییەکان نەدرێت ئاژەڵەکان راو بکەن.
ماڵەکەی جەمال نەبەز
جەمال نەبەز یەکێک لە نووسەرە ناودارەکانی کوردە. لە ساڵی 1933 لە سلێمانی لەدایکبووە. ئێستا ماڵەکەی لە سلێمانی کراوەتە مۆزەخانەی کەلوپەلەکانی جەمال نەبەز.
رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز سەرپەرشتیی مۆزەخانەکە دەکات. مێژووی دروستکردنی ئەم خانووە بۆ ساڵی 1904 دەگەڕێتەوە و لەسەر رووبەری 400 مەتر نۆژەنکراوەتەوە.
رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز، هەموو ساڵێک قەڵەمی زێڕین دەبەخشێتە نووسەرێک. جەمال نەبەز لە 8-12-2018 لە ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد. پێش کۆچی دوایی، جەمال نەبەز داوای گۆرانی "چەندی گەڕام لە شاران"ـی هۆمەر دزەیی کرد.
بازاڕی عەزرا
بازاڕی عەزرا بە یەکێک لە کۆنترین بازاڕەکانی رۆژئاوای کوردستان دادەنرێت. بە بازاڕی جووەکان ناوبانگی دەرکردووە. ئەم بازاڕە لە سەردەمی هاتنی فەرەنسییەکان بونیاتنراوە. تاوەکو ئێستا قوتابخانە و پەرستگەی جووەکان لەم گەڕەکە ماون. جووەکانی نسێبین و جزیرەی بۆتان و زاخۆ بازاڕەکەیان دروستکردووە.
کۆنێ رەش، نووسەرێکی ناوداری رۆژئاوای کوردستانە و دەڵێت نزیکەی 300 ماڵی جوو لە قامشلۆ هەبوون. جووەکان خانوو ماڵ و موڵکەکانیان لە قامشلۆ نەفرۆشتووە. لیژنەی موڵکەکانی یەهوودی موڵکی جووەکان لە قامشلۆ بەڕێوەدەبات. عەزرا ناوی کەسێکی جوو بوو کە یەکەم دووکانی کردووەتەوە.